ڕیفراندۆم کەڵەکەبووی ستەمی سەد ساڵەی عێراق بوو لە هەمبەر گەلی کورد

بارزان صدیق نێروەیی

لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە، لەسەر دەمی پاشایەتی و کوماری و تاکو ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی(2003)ێ، کورد بەشێک نەبووە لەو دەوڵەتە، بەڵام بە زەبری هێز و فشاری شۆڕشەکانی کورد، بوون بە بەشێک لەو دەوڵەتە، هەر لەهەموو بارودۆخێکدا گەلی کورد بیری لەوە کردبووەوە هەرکاتێک ناچار کرا هەنگاو بۆ سەربەخۆیی بنێت. لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراق لەساڵی(2003)ێ کورد لەسەر بنەمای یاساو دەستوری هەمیشەیی ساڵی(2005)ی عێراق بەئومێدی چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ کێشەی کورد بەشداری لە دووبارە بۆنیادنانەوەی عێراقێکی نوێداکرد، بەڵام لەدوایی تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر کەم حوکمڕانانی عێراق بەهەمان میکانیزم و عەقلیەتی شۆڤینیانەی دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراق و ڕژێمی بەعس هەڵسوکەوتیان کرد و کەوتنە گیانی کورد و هەرێمی کوردستان. بەدرێژایی مێژوو گەلی کورد زۆر هەوڵیدا لەپێناو سەربەخۆیی کوردستان و زور جاریش کورد سەربەخۆ ژیاوە و بەڵام لەبەر زۆر هوکار نێوخۆیی و دەرەکی دیسان بە ژێر دەستەیی ماونەتەوە، لەم چەند سەدەی ڕابردوودا لەنێو گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەراست و جیهاندا گەلی کورد لەنێو نەخشە و هاکێشەی سیاسی جیهاندا وەکو تاکە نەتەوەی ژێردەست و بەبێ کیانێکی
سیاسی و نەتەوەیی مانەوە. دەسەڵاتدارانی عێراق دەستووری هەمیشەیی و مادەکانی پەیوەست بە
چارەسەری کێشەی کوردیان پشتگوێ خست و دادگای باڵای عێراقیش کە لوتکەی دەسەڵاتی یاسایی عێراقە، پیشە و ئەمانەتی یاسایی خۆی لە دەستدا و بوون بەبەشێک لەو بیرکردنەوە و عەقلە شۆڤینیانەی دەسەڵاتدارانی عێراق هەیان بووە. ڕەفتارە سیاسییەکانی دەسەڵاتدارانی عێراق لەهەمبەر گەلی کورد زۆر
شەرمەزارانە و دووربوون لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی و ئایینی و مرۆڤایەتی و دواجار پەنایان بردە بەر هێز بۆ دووبارە چەوساندنەوەی گەلەکەمان و لەجێی چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، کە بەداخەوە هێرشیان هێنایە سەر هەرێمی کوردستان و دەستیان خستە سەر سەرچاوەکانی داهات و بڕینی قوتی خەكک و لاوازکردنی ئابووری هەرێم و پلانی برسیکردن دژ بە گەلی کورد پەیڕەو کرا بۆ لاوازکردنی ئیرادەی گەلەکەمان.

پشتگوێ خستنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەپەرەسەندنێکی بەردەوامدایە و بووە فەرهەنگێکی دیزاین کراوی ڕەنگاوڕەنگ لە ناو مێشکی گشت تاکی عێراقی بەتایبەتی و سیاسیەکانی کە هەمیشە قەوارەی هەرێمی کوردستان بە مەترسی لەناو مێشکی هەموو تاکێکی عێراقی وێناکراوە و لەسەر بنەمای ئەوەی بەهێزبوونی کوردستان واتە لاوازبوون و
نەمانی عێراق. گەلی کورد هەموو هەنگاوێکی ئاشتیانە و دیبلۆماسی و سیاسیی و دەستوری و یاسایی گرتەبەر بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەسەرێک لە نێوان هەرێم و بەغدا، بەڵام هەر هەموویان بێ ئەنجامبوون و هەموو کێشەکان بەهەڵواسراوی مانەوە لە دوای بێ ئومێدبوون و چاوەروانییەکی زۆر، ئیتر کورد گەیشتە ئەو باوەرەی لەگەل عێراق مەحاڵە پێکەوە بژین وەکو دوو بڕا یاخود وەکو دوو نەتەوە لە چوارچێوەی یەک دەوڵەتدا، چۆنکە هەمیشە بەدرێژایی مێژوو عێراق نەک وەکو نەتەوەک سەیری کوردی، بەلکو وەکو مرۆڤێش نامانبینێت.

تا کار گەیشتە ئەوەی کە هیچ بژاردەیەکیتر لەبەردەم گەلی کورد نەمایەوە جگە لە ئەنجامدانی ریفراندۆم نەبێت بۆ سەربەخۆیی کوردستان. پێداگیریکردن لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان بووە بە بەڵگەیەکی دیکیومێنتکراوی مێژوویی لە ناو ئەرشیف و هەست و فەرهەنگی نەتەوەیی و سیاسی کە بوو هەمیشە شانازیش پێوەدەیکەین و ئەگەرنا فرسەتێک بوو لە دەستمان دەچوو و گەرانەوەی فرسەتەکەش مەحال بوو،
بوویە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بیروکە و ڕێگەیەکی ڕاست و دروسبوو.