دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

هەرجارەو ئایەتێک

عومەر چنگیانی

پێویستی مرۆڤی ئێستا بە پەیامی محەمەد
پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لێ بێ

چونكە هەینیەکەی ڕابردوو كردیە حەوتی مانگی ڕەبیعی یەكەمی 1٤٤٥ی كۆچی و وردەوردە بەرەو ئەو ڕۆژە دەچین كە بسڵمانانی جیهان بە شێوەیەكی گشتی و كوردستانیان بەتایبەتی و زۆریش تایبەتیتر خەڵكی بەشەرەفی شاری قەڵا و منارە ساڵانە وەك لێڕاهاتن لە دوانزەی مانگەكەدا دەیكەنە خۆشیدەربڕین بە بۆنەی یادی لەدایكبوون و گوێزەبانەی دوایین پەیامگەیێنی خوا محەمەدەوە دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێ، كە ئیمساڵ دەكاتە پێنجشەممە ٢8ی ئەیلوولی ٢٠٢٣، لە گوتاری هەینیدق گوتارمان لەسەر دوانگەی “مزگەوتی خەدیجەكوبرا”وە تيشكخستنەسەر ژیانی پێغەمبەری خوا محەمەد بوو، دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێ و، هەر لە دەستپێکدا بە چەند دێڕیک لە شاکارە
جوانەکەی مەحوی دەستمان پێ کرد: (وصلی اللە علی) ئەو بەحری نووری عیلم و عرفانە
کە دەرکی غەوری ناکا (غیر علم اللە سبحانە) (وصلی اللە علی) ئەو زاتی پاکی قودسی ئایاتە کە ئەخلاقی پەسەندیدەی جەنابی حەیی مەنانە (وصلی اللە علی) ئەو حەزرەتەی ساحیب کەماڵاتە کە ئەعلا موعجیزەی قوربانی بم من نووری قورئانە
پێغەمبەری خۆشەویستمان دروود و سڵاوی خوای لەسەر، لە بارودۆخێکدا هات کۆمەڵگای مرۆڤایەتی سەری لێ شێوابوو لە لایەنی خوو و ڕەوشت و ئابووری و بنەما کۆمەڵایەتیەکان و، هۆزەکان غەدریان لە یەکتر دەکرد و مڵك و ماڵی یەکتریان بە ناهەق دەخوارد، بەڵام خوای باڵادەست پێغەمبەری خۆی کە محەمەد بێ، بۆ ڕەوانە کردن دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێ، بۆ ئەوەی ڕێنمایییان بکات بۆ ڕێگای ڕاستەقینەی ژیان و وەکو ڕەحمەت بۆ هەموو مرۆڤایەتی، هەروەك لە 1٠٧ەمین ئایەتی سوورەتی “ئەنبیا”دا ڕووی گوتاری تێ دەكا و دەفەرمێ: (ئێمە بۆ مەرام و مەبەست و ئامانجی سەرەكی میهرەبانی گشتگیر نەبێت، تۆمان نەناردووە و ئەی پیغەمبەر وەکو سۆز و ڕەحمەت و بەزەیی و میهرەبانی بۆ هەموو جیهان ڕەوانەم کردووی”. بەڵێ خوێنىری بەڕیز بۆ ئەوەی ناردووە كە ڕێگایان نیشان بدات و لە تاریکاییەكان دەریانبهێنێت بۆ ڕووناکی، وەك یەكەم ئایەتی سوورەتی”ئیبراهیم” ئاماژەی پێ دەكات و دەفەرمێت: “ئێمە پەیام و نامە و كتێبێكمان بۆ تۆ ناردۆتە خوارەوە تا مەردمگەل دەرباز بكەیت و لە زەلكاوی ڕێگای زۆروبۆر دەریان بهێنیت بەرەو ڕووناكی و بە پێی ویست و خواست و ڕێگەپێدانی پەروەرێنیان بۆ تاكە ڕێگای خوای كاربەجێ و توانا و خاوەن هەموو سەربەرزیەكی بێسنوور و شایان بە هەموو سپاسێك و هاوكات سپاسگوزاری
چاكان”. هەروەها وەکو دیاریەکی گەورە و پڕ بەها و گەنجینەیەکی
مەزن باسی پێغەمبەرەکەی دەکات کە بۆ باوەڕدارانی ڕەوانە کردووە و تایبەتمەندیەتیی کامڵبوونی بە پەیامەكەی بەخشیوە، هەر وەك ئیمامی بوخاری لە فەرموودەیەكی دروستدا لە ئەبوهورەیرەوە خوای لێ ڕازی، بۆمانی دەگێڕێتەوە كە پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لەسەر، فەرموویەتی: “وێنای من و وێنای پێغەمبەرەکانی پێش خۆم، وەکو ئەوە وایە کەسێك زۆر بە جوانی خانوویەكی دروست کردووە، هەرکەسێ دێ بەو خانووە سەرسام دەبێت، جگە لە كەلێنێك كە شوێنی خشتێکە و، هەموان دەڵێن خۆزیا ئەو خشتە دابنرایە، من ئەو خشتەم و خانووەکە تەواو دەکەم.

بارودۆخی نەتەوەکان پیش هاتنی ئیسلام
پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لەسەر، لە کاتێکدا هات کە مرۆڤایەتی لە بیابانی تاریکیدا گومڕا و نغرۆ کەوتبوو؛ بنەماکانی ژیان بێسەروبەر و لارولەوێر داکەوتبوون؛ پیغەمبەری خودا دروود و سڵاوی خوای لەسەر، بە چاوی پەیامبەری تەماشای چەمکەکانی مرۆڤایەتیی دەکرد، كە مرۆڤەکان بەهای مرۆڤایەتییان لێ ون بووبوو و، چاوساغی و بینایییان بە جۆریك لەدەست دابوو كە كڕنووشیان بۆ داروبەرد دەبرد و خوای باڵادەستیان فەرامۆش کردبوو! لە ئارەق و مەیخواردنەوەدا ڕۆچووبوون و ئالوودە بووبوون و زینا و داوێنپیسی گەیشتبووە ڕادەیەك مرۆڤەکان خۆیان لێ ون بووبوو، ڕیبا و سووخۆری تا ڕادەی زەوتکردنی مڵکوماڵی یەکتر توغیانی کردبوو، بیبەزەییەتی و دڵڕەقی و ملهوڕی تا ئەوپەڕی گەیاندبوو کە کچۆڵەی خۆیان دەکوشت، یاسای
جەنگەڵ سەپابوو بەسەر کۆمەڵگەكانی ئەو کاتدا. عەرەبەکان لە جەزیرەی عەرەباندا بتیان دەپەرست، هەر هۆزیك چەند بتێکی هەبوو تەنانەت دەوری کەعبەیان پڕ
کردبوو لە بت. لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمدا دووبەرەکی و توندئاژۆییی
مەزهەبی ناوچەکەی وێران کردبوو، چەندین جەنگ و ئاشۆ هەڵگیرسابوو؛ بە هەزاران کەس کوژران و بوونە قوربانی. هەژارەکان لە کۆمەڵگا باج و خەراجی قورسیان لێ وەردەگیرا، تەنانەت کۆمەڵگا بووبووە دوو بەشی سەرەکی، کۆیلە و خانەدانەکان، تا ئەو ڕادەیەی فەیلەسوفی یۆنانی “ئەفڵاتۆن” لە ژێر کاریگەریی ژیاری ڕۆمانی لە کتێبی بۆ عەرەبی وەرگێڕدراو (المدينة الفاضلة)دا دەڵی: “کۆیلەکان مافی ئەوەیان نیە ببنە هاووڵاتی. کۆیلەکان دوو ساڵ جارێك جلوبەرگیان بەسەر دابەش دەکرا ئەویش تەنها کەرتە چاکەتێك بوو پێخەفیشیان هەر لە پاشماوەی ئەو جلوبەرگە دروست دەکرد. لەبەر ئەوە زۆربەیان تووشی دزیکردن دەهاتن
و سزاکەشیان کوشتن بوو”. ئیمپراتۆریەتی فارس تووشی نەخۆشینی کوشندەی کۆمەڵایەتی هاتبوو تەنانەت کۆمەڵگا بۆ سەر حەوت چین دابەش کرابوو وەکو کۆیلە و جووتیار و سەرباز و خانەدان و چەندینی تریش، لە کاتێكدا كە بە پێوەری ئیسلام مرۆڤەکان هەموو یەکن. هەروەها تەنانەت کۆیلەکانیان بە زنجیر دەبرد بۆ بەرەکانی جەنگ و، کۆمەڵگا تووشی سڵنەكردنەوە لە چێژوەرگرتنی سەرجێیی لە دایك و خوشك “زنى المحارم”
هاتبوو كە ئێستا لە ئەوروپا خەرێكە برەو دەسێنێتەوە.
دوا وشە:
گەر بەراوردێكی میانڕەوانە لە نێوان داخزانی مرۆڤایەتی و لێكچوونی ئێستا و ئەوكاتی بەر لە هاتنی ئیسلام بكەین لەوە تێدەگەین كە سەرلەنوێ چارەسەری بێهاوتا تەنها و تەنها هەر
گەڕانەوە بۆ پەیامی قورئانە و بەس. هەربۆیە پڕ بەزار و قەڵەمەکەم وەک مەحوی دەڵێم:
ئەوەی ساتێ لە بەر پێیان سەری تەسلیمی دانابێ ئەبەد مالیک ڕیقابی گەردنی تەسلیمی شاهانە قول و بەندە و غوڵام و خادیم و دەربانی بەر دەرگای نەجاشی و توبەع و هیرقەل عەزیزی میسر و خاقانە کەسێ جێ هەڵتروشکانێکی لەو بەرقاپیە دەست کەوت
بە عاری دێ بڵێن ئەم جێگە وەک تەختی سولەیمانە