سەروەری و سەروەری هەرێم و عێراق

مەشخەڵ كەوڵۆسی

سەروەری یەكێك لەو چەمكە هەرە گرنگانەیە كە دەوڵەتانی دنیا وەك بناغەیەكی سەرەكی لەسەری دروست دەبن، لە بڕوانامەی نەتەوەیەكگرتووەكان و پەیوەندی نێوان وڵاتانیشدا، یەكەم بناغەیە كە هەڵوێستەی لەسەركراوەو، شەرعیەتی خۆی لەكۆدەنگی سەرجەم وڵاتانی جیهانەوە وەرگرتووە كە ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی سەروەری هێڵی سور و بنەمای دامەزراندنی دەوڵەتانی جیهانە. چەمكی سەروەری بەئەندازەیەك گرنگە، سەربەخۆیی و سەروەری بوونەتە جمك. یانی ناتوانین باسی سەربەخۆیی بكەین،بەبێ باسكردنی سەروەری. بەپێچەوانەیشەوە، ناتوانین باسی سەروەری
بكەین بەبێ هەبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆ. لەمڕوانگەیەوە، دەڵێین: زۆرینەی جار سیاسییەكان و میدیاكانی كوردستان دەكەونە هەڵەی كوشندەوە، هەركاتێ دەبینین درۆنێك هێرش دەكاتە سەر خاڵێك لەكوردستان، لەزۆرینەی بڵاوكراوەی حیزب و كەسایەتییەكان وشەی سەروەری هەرێمی كوردستان دەخوێنینەوە. لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان سەروەری نیە، چونكە سەروەی خەسڵەت و مافی دەوڵەتی سەربەخۆیە. باشە ئەو سیاسییانە بیریان لەوە كردۆتەوە كاتێ تورك و ئێرانییەكان بەیاننامەكانیان دەخوێننەوە، ئیتر تێدەگەن كە ئێمە میللەتێكی چەندە نەزان و سادەین؟ ئەوانیەكسەر لەوە تێدەگەن كە ئێمە نازانین سەروەری خەسڵەتی دەوڵەتانی سەربەخۆیە؟.
تەنانەت لەیەكێك لەبەیاننامەكاندا خوێندمەوە نوسرابوو: سەروەری پارێزگای سلێمانی بپارێزن!.
عەرەب ئیدیۆمێكیان هەیە دەڵێت: خراپترین بەڵا ئەوەیانە كە ناچاریت پێ پێبكەنیت! بەڕاستی ئەو دەستەواژانە كە لەمیدیا و سیاسەتی كوردیدا بەهەوانتە و هەر لەخۆوە بەكاردەهێنرێن، مایەی شەرمەزاری و نیشانەی نەبوونی وشیاری سیاسی و یاساییە لای ئەوانەی دەیاننوسن. باشە لەكوێی دنیادا، لەكام فەرهەنگی سیاسیدا، لەكام كلاسی
خوێندنی سیاسەت و یاسادا ئەوەتان خوێندووە كە پارێزگایەكیان هەرێمێك، خاوەنی سەروەری خۆیەتی؟ كێ ئەمەی فێركردن و كام ڕاوێژكار بۆ خۆدەرخستن هەڵەی پێكردن؟.
سەروەری سیفەتی تایبەتمەند و دابەشنەكراوی دەوڵەتی سەربەخۆیە، ئەوە عێراقە كە سەروەری هەیە و، ڕۆژ بەڕۆژ هەتك دەكرێت. ئەوە عێراقە كە ئەندامی كۆمەڵەی نەتەوەیەكگرتووەكانەو، واژۆی لەسەر زۆرینەی پرۆتۆكۆلەكانی كردووە، بۆچی ئێستا ناتوانێت بەرگری لەسەروەری خۆی بكات؟. لەوە تێدەگەم كەزۆرێك لەدەزگاكانیڕاگەیاند بۆئەوەی جەماوەر بخەڵەتێنن و كارتەكان تێكەڵ بكەن و، وێنەی حكومەتی هەرێم ناشرین بكەن و بەرپرسیارێتی لەسەر عێراق لابەرن، دێن باسی ئەوە دەكەن كە سەروەری عێراق و(هەرێم!) پێشیلكراوە. بەڵام هەرگیز لەوە تێناگەم كە بەرپرسێكی باڵا چۆن و بەچ كلۆجێك ئەو هەڵەیە دەكات؟ هەڵەیەیان ئەویش بەئەنقەست و بۆ لاواز پیشاندنی حكومەتی هەرێم و لادانی بەرپرسیارێتی لەسەر عێراق، ئەو كارتە فڕێدەداتە ناو ڕای گشتی؟ ئەوە ئەركی دەزگایەكی لێكۆڵینەوەی
تایبەتە بەدواداچوونی بۆ بكات. تەراتێنی درۆن لەئاسمانی شارەكانی كوردستان، پێشێلكردنی سەروەری و سنورەكانی دەوڵەتێكە بەناوی عێراق. ئەوە عێراقە لاوازترە لەوەی بتوانێت بەرگری لەخۆی بكات. لەڕاستیدا لە نەریتی نێودەوڵەتیدا، بەزاندنی سنوری ئاسمانی وڵاتێك، بەهەمان شێوەی بەزاندنی سنوری وشكانی و دەریاییەو، بەجۆرێك لەجۆرەكان وەك كاری دوژمنكارانە و زۆرجاریش وەك ڕاگەیاندنی جەنگ لەقەڵەم دەدرێت. بەڵام ئەمە بۆ وڵاتێك ڕاستە كە بەڕاستی وڵات بێت و، خۆی بەخاوەنی سەروەری كۆنكرێتی خۆی بزانیت، نەك بۆ عێراق کە رۆژنیە هەتک نەکرێت؟