عومەر چنگیانی
گوڵخەرمانی ئیمڕۆم پوختەی نووسینێکمە لە ژمارە (1٦٨1)ی ڕۆژنامەی (خەبات)دا، کە ڕێکەوتی 200٥/1/1٥ بڵاو کراوەتەوە.
بەڕێزان! 1- ئێمە هەرچییەک دەربارەی شەریعەتە ئاسمانییەکان بزانین، بە پلەی یەکەم تاکە
سەرچاوەی بڕواپێکراومان، قورئانە، هەرئەوە کە پێمان دەفەرمێت: کە چ گۆڕانکاری یان دەستێوەردانێک هەبووبێت، هاوکات هەرئەویشە لەگەڵ ئەو راستیانەیشدا، باسمان لە پێکەوەژیان بۆ دەکات، کە من لێرەدا بۆ نموونە و بەڵگەی ئەو سەماحە، دەتانبەم بۆ بەردەم (ئایەتی221 سوورەتی بەقەرە) کە باسمان لەوە بۆ دەکات پیاوێکی مسوڵمان دەتوانێ ئافرەتێکی ئەهلی کیتاب بێنێت، نافەرمێت دروست نییە، بەڵکو دەفەرمێت: (بڕوادارەکە باشترە)، واتە: ئەویش باشە، کە بۆ زانینی مانای ئەم ئایەتە دەچینە خزمەت کتێبەکانی کە سەرچاوەی باوەڕپێکراوی مسوڵمانانن پێمان دەفەرموون: نابێ ئەو پیاوە مسوڵمانەی ژنێکی ئەهلی کیتاب دەهێنێت ئایینی خۆی لەسەر فەرز بکات، یان بە مەرجی بگرێ لەسەری ئەگەر مسوڵمان نەبێت نەیخوازێت. لە شوێنێکی تریشدا لە ئایەتی پێنجی سوورەتی (مائیدە) دەفەرمێت: (خواردنی ئەهلی کیتاب بۆتان حەڵاڵە و دروستە خواردنیشیان بدەنێ).
2- ئەگەر هەریەکێک ئاوڕ بداتەوە لە هەر سەرچاوەیەکی ئیسلامی، تەفسیری قورئان، یاخود فەرموودەکانی پێغەمبەر (دروود و سڵاوی خوای لێ بێ) یان ژیاننامەی پێغەمبەر (دروود و سڵاوی خوای لێ بێ)، باسمان لەوە بۆ دەکات کە لە ساڵی پێنجی ناردنی پێغەمبەردا (دروود و سڵاوی خوای لێ بێ) کە عەرەبە قورەیشییەکان زۆریان بۆ پێغەمبەر (دروود و سڵاوی خوای لێ بێت) و، یارەکانی هانی، فەرمانی بە یارەکانی دا کە بچن بۆ حەبەشە کە کابرایەکی لێیە، کەس ستەمی لێ ناکرێ لەژێر سایەیدا، تەنانەت کە قورەیش چوون شاندێکیان نارد بۆ لای ئەسحەمەی نەجاشی حەبەشە، نەک هەر مسوڵمانەکانی وێ نەدانەوە، بەڵکو دەستی کردەگریان. قورئان لە سوورەتی مائیدەدا ئایەتی ٨2 ئەو باسەمان بۆ دەکات کە چۆن ڕیشی ئەو بەڕێزە بە فرمێسکی چاوەکانی تەڕ بووە، کە نەک هەر ئەوە، بەڵکو قورئان باسمان لەوە بۆ
دەکات کە هەردەم قیسیسەکان هۆکاری نەرمی مەسییحیەکانن.
٣- جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان ئەوەی کە مرۆڤ لەژێر سایەی حکوومەتێکی ئایینیدا بژیێت، یان لەژێر سایەی حکوومەتێکی هەمەلایەنەدا بژیێت کە بە سەراحەت تیایدا بوترێت، ئیسلام یەکێکە لە سەرچاوەکانی تەشریع، نەک هەر ئیسلام سەرچاوەی تەشریعە، چونکە هەر قوتابییەکی عیلم ئەوە دەزانێت کە لە ئیسلامدا، هەندێ شتمان هەن پێیان دەگوترێت سەوابیت و قابیلی گۆڕان نین، هەندێ شتیشمان هەن، کە قابیلی راتیادەربڕینن، کە بەپێی شوێن و کات موجتەهید دەتوانێ ڕای خۆی تێدا هەبێت.
٤- جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان ئەوەی تۆ بڵێیت فڵان کەسم خۆش دەوێت، لەگەڵ ئەوەی بڵێی لەگەڵ فڵان کەسدا دراوسێم، پێکەوە گوزەران دەکەین، یان هەندێک بەرژەوەندی کاتیی پێکەوەمان دەبەستێتەوە.
٥- دوو وشەی (موالات) و (وداد)، کە بە مانا حەز و خۆشەویستی دڵ دێن، جیاوازییان هەیە لەگەڵ وشەی (تعامل) یان(حسن الجوار)، کە بە مانا پێکەوەژیان و دراوسێیەتی دێن، دەمەوێ زۆر بە ڕاشکاوانە بڵێم: زۆر ئاساییە مرۆڤ مامەڵەی ژیان لەگەڵ هەرکەس بکات، بەڵام ناسنامەی خۆی لەدەست نادات. باوەڕم نییە تاکە مەسیحییەک هەبێ، کە لەگەڵ مسوڵماناندا دەژیێت قبووڵی بێت تەنازول لە قیەمی خۆی بکات، کەسیش مافی ئەوەی نییە ئەو داوایەی لێ بکات! وەکچۆن حەز دەکەم برا مسوڵمانەکان ئەوە بزانن کە مەرج نییە هەموو مەسیحییەک بخواتەوە! مەرج نییە ئەوەی کە دەبینرێت لە عێنکاوە لە شەواندا و ئەو شێوازی عارەقفرۆشتنە بەو بەربڵاوییە، هەمووی هەربۆ خەڵکی ئەوێ بێت، چونکە ئەو هەموو کارتۆنەی لەوێ دەبینرێت بەشی شۆردنی شارۆچکەکەیش دەکات، ئاخر بۆ ڕاستاڵانە تەماشای شتەکان نەکەین؟ ئەو کەسەی شەوان سەرێکی بەردەم باڕەکانی ئەوێی کردبێت، دەبینێ ئەو ئۆتومبیلانەی ڕاوەستاون، هی کێن؟ دوا وشە: ڕێکەوتی نووسینی بابەتەکە پێیەوە دیارە کە ئەوکات چۆن بووە و ئێستا
چۆنە و ئەوەی هاندەرم بوو بۆ ئەم بیرەهێنانەوەیە سەرسوڕمانمە لە هەندێک کەس و لایەن کە لە کوردستانی پێکەوەژیاندا بژیێ و کەچی نەتوانێ هاوبیریکی مسوڵمانی پێ قبووڵ بکریت.