کێشەی مرۆڤەکان تەنها لە سەریاندایە

نەزاکەت حسێن

فەیلەسوفی سەردەم ‘یوڤاڵ نوح هەراری’ لەسیمیناری ‘Unstoppable ئاماژە بۆ دەستەڵات و توانایەکی تایبەت بە مرۆڤ دەکات کە ‘توانای هاریکاریە’ کەدەڵێت ئەمە جیاکەرەوەی مرۆڤە لەهەموو بوونەوەرەکانی تر کە دەتوانن هاریکاری یەکتر بن لە کاتێکدا کە یەکتریش نەناسن و لە یەک سنووری جوگرافیشدا نەبن، ڕەنگە بوونەوەرەکانی تر یان هەندێک لە ئاژەڵان هاریکاری یەکتر بکەن، بەڵام تەنها. لە شوێنێکی دیاریکراودا کە پێکەوە دەژین یان نزیکن لە یەک. مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهاندا هاریکاری یەکترە بەوەی هەر یەکە شتێک بەرهەم دێنێت کە پێداویستی ژیانە بۆ مرۆڤەکانی تر. بەڵام گرفتەکە لەوەدایە ئەم توانایەی بۆ هاریکاری هێندەی بۆ جەنگ و ملمانێ بەکارهێناوە هێندە بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان بەکاری ناهێنێت، بۆ؟ چونکە لە هۆش و سەرماندا هەر یەکەمان چیرۆکێکمان بەرهەم هێناوە کە خۆمان لەویتر بە باشتر بە گرنگتر بە ڕاستتر دەزانین، کە ڕەنگە هەموومان هەڵە بین، یان هەندێکمان ڕاست بین هەندێکیترمان هەڵەبین. ئەگەر مرۆڤ سەیری جەستەی خۆی بکات وەک جەستە هاوشێوەین، هەموومان دەست و قاچمان هەیە، هەموومان برسیمان دەبێت، پێویستمان بە خواردنە، غەریزەمان هەیە، دەخەوین وهەڵدەستینەوە، ماندودەبین، پیردەبین، نەخۆش دەکەوین…هتد. بەڵام کە باسەکە دێتە باسی سەر و هۆش و ئایدیا و خەیاڵەکانمان هەریەکەمان خۆمان لەوی تر یان گروپی تر جیاکردوەتەوە. هەریەکەمان خاوەن چیرۆکێکین کە
کردومانەتە رێچکەی ژیان وبڕیارو ئاراستەکانمان. بێ ئاگاین لەوەی کە مرۆڤ خودی خۆی لەپێش هەموو ئەم
چیرۆکانەوەیە، چونکە گەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی ژیانی مرۆڤایەتی لە سەر زەوی هیچ کام لەم چیرۆکانە نەبوون کە بەرهەمان هێناوە، تەنانەت چیرۆکی ئاینیش. بگەڕێینەوە بۆ پێنج سەد هەزار ساڵ پێش ئێستە نە موسوڵمان هەبوە نە جوولەکە نە مەسیحی، ئێ خۆ ملیۆنان ساڵە مرۆڤ لەسەر زەوەی دەژی، هەموو چیرۆکەکانی تریش کە ئێستا مرۆڤ جەنگی لەسەر هەڵدەگیرسێنێت هەمووی بەرهەمی دەستی خۆیەتی. هەرمرۆڤێک لە دایک بوە جگە لە جەستەیەک هیچ چیرۆکێکی لەگەڵ خۆی نەهێناوە، هەمووی دوایی خۆی بەرهەمی هێناون. کەواتە ئێمە گیرۆدەی دەستی ئەو چیرۆکە زیان بەخشانەین کە بەرهەمان هێناون، چونکە هەندێک چیرۆک ڕ ەنگە سوودی هەبووبێت بۆمان کۆی کردبینەوە، بەڵام زۆریشیان ئازاربەخش بوون بۆمان، سەدان هەزار مرۆڤ جاری واهەبوە کوژراوە لە سەر جیاوازی دووئایدیا یان دوو چیرۆکی جیاواز؛ کە هەر یەکەیان پێی وابوە ئەوی تریان هەڵەیەو خۆی ڕاستە. کەواتە دەتوانین چیرۆکەکان بگۆڕین، ئەوسا ژیان خۆی دەگۆڕێت، لەبری جەنگ ئاشتی بەرهەم دێت، لەبری ملمانێ ئارامی بەرهەم دێت، لەبری ڕق خۆشەویستی بەرهەم دێت، لەبری دابڕان لێک نزیکی بەرهەم دێت. بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ مرۆڤەکان تادێت لە یەک دوردەکەونەوەو چیرۆکی سەیر و سەمەرەی جیاواز بەرهەم دێنن، زۆرێک لەو چیرۆکانەش کە لە ڕابردودا هەندێکمانی کۆکردبووەوە دەیسڕینەوە یان دەیگۆڕین یان دژی دەوەستینەوە. نزیک بوونەوەکانیشمان ئەگەر هەبێت لەمڕۆدا بەجەستە نزیکین لەیەک نەک بە سەر یان ئایدیا، باشترین چارەش بۆ ئەمە بەرهەم هێنانی ئەو چیرۆکانەیە کە نزیکمان دەکاتەوە لەیەک نەک دوورمان دەخاتەوە. زاناکان جەخت لەوە دەکەنەوە مرۆڤ توانای پێویست دەسەڵاتی پێویست و هۆشی پێویستی هەیە بۆ زاڵ بوون بەسەر کۆسپ و ئاڵنگاریەکاندا، تەنانەت ئاڵنگاریە جیهانیەکانیش کەهەندێکیان ئەمرۆ توند بەرۆکی مرۆڤایەتیان گرتوە وەک گۆڕانی کەش و هەواو پەتا کوشندەکان و گرفتی سوتەمەنی …هتد. بەڵام بەومەرجەی چیرۆکەکانی مێشکیان نزیک بکەنەوە لەیەک و ئەوچیرۆکانە بەرهەم بێنن و بەکاربهێنن کە نزیکیان دەکاتەوە لەیەک وزەی هاریکاریان پێ دەبەخشێت.