له‌ هه‌كبه‌ی بیره‌وه‌ریمدا

ئه‌سعه‌د عه‌دۆ

پانۆراما

سه‌ره‌تا كوردو شیعه‌ هاوپه‌یمان بوون ، ئه‌وه‌ ئێمه‌بوین ده‌ستی هاوكاری و برایه‌تیمان بۆ ئێراقیه‌كان درێژكرد تا پێكه‌وه‌ ئه‌م وڵاته‌ سه‌رله‌نوێ دروستكه‌ینه‌وه‌ ! هه‌ر وایشمان كرد چونكه‌ ئێمه‌ هه‌رده‌م دڵسافین وه‌ك خه‌ڵك عوقده‌مان له‌هیچ شتێكدا نیه‌ ! نیه‌تی غه‌دركردنمان به‌رامبه‌ر به‌ كه‌س نیه‌ ، باوه‌ڕ بكه‌ن هێند ساویلكه‌ین تا ئاستی ئه‌وه‌ كه‌ رێز له‌ دوژمنی خۆمان ده‌گرین !
تا په‌ڕوباڵیان هاته‌وه‌ هه‌موو ناكۆكی و دڕدۆنگیان له‌ هه‌واری هه‌رێمدا چاره‌سه‌ر ده‌كرا ! هه‌ر زوو دوور له‌ هه‌موو ره‌وشتێك بۆ له‌نێوچونمان یان لاوازبونمان به‌هێمنی به‌ ده‌غده‌غه‌ی ده‌ره‌وه‌ی سنوور پیلانیان داده‌ڕشت !
پاره‌ی ژێر ده‌ستیان له‌مشه‌دابوو ، ته‌كبیركه‌ریان مه‌ككاربوو ! رۆژانه‌ لێره‌وله‌وێ بیانویان به‌ هه‌رێم ده‌گرت ! چونكه‌ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ له‌ هه‌واری ئێمه‌دا ده‌ژیان له‌به‌رهێندێ سایكۆلۆجی ئێمه‌یان خوێندبۆوه‌ ، بۆیه‌ له‌ وه‌ته‌ری دڕدۆنگی نێوانمانیان ده‌دا تا توانیان ئه‌و درزه‌ كۆنه‌ی نێوانمانیان گه‌ڕانده‌وه‌ زه‌مه‌نی ته‌رشوتاڵانكردنی یه‌كتر ، هه‌روه‌ك چۆن (چه‌تۆی فه‌رعۆ) و فلیتی قتۆ) ده‌یانكرد !
بۆ خه‌ڵك هه‌توان بوین ! به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌گه‌ڵ یه‌كتر نه‌رم نه‌بوین ، شانمان بۆ یه‌كتر نه‌وی نه‌كرد ! راسته‌ هاتنی داعش هه‌موو مه‌عاده‌له‌كانی دونیای تێكدا ! به‌ مه‌زنده‌ی خۆم سه‌ره‌ڕای نزیكه‌ی(2000)شه‌هیدو هه‌زاران بریندار به‌ڵام بۆ ماوه‌یه‌ك به‌ هاریكاری هاوپه‌یمانان توانیمان سه‌خترین شه‌ڕی به‌رگری به‌ درێژایی(1050 كم) بكه‌ین
له‌و شه‌ڕه‌ زێده‌ دژواره‌دا‌ (مه‌ركه‌ز) نه‌ك هاریكار نه‌بوو به‌ڵكو هه‌موو هاریكاریه‌كانی هاوپه‌یمانیان بۆ خۆیان گڵده‌داوه‌ ! تا گه‌یشته‌ ئه‌و راده‌یه‌ له‌به‌رچاوی جیهاندا به‌ نوێژی نیوڕۆ له‌ شوباتی(2014) وه‌ ، شایسته‌و قووتی میلله‌ته‌كه‌مانیان بڕی ! بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و دونیایه‌ نوققه‌ی لێوه‌بێت !
كاتێ بۆ رزگاركردنی موصل پێشه‌ڕه‌ویمان ده‌كرد ، له‌گه‌ڵ كزبوونی داعش لووله‌ی مه‌تره‌لۆزه‌كانی ئێراق ئاراسته‌ی هه‌رێمكرا ‌ ، تا دوێنێ (64) وڵاتانی هاوپه‌یمان به‌ پێشمه‌رگه‌یان ده‌گووت : ئێوه‌ن له‌بری دونیا ده‌جه‌نگن ! تا ئاجوج و ماجوجی داعش نه‌گه‌نه‌ ئه‌وروپاو ئه‌مریكا !
بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ هه‌ولێر ببوه‌ پایته‌ختی دبلۆماسیه‌تی جیهان خودی مسعود بارزانی گه‌وره‌ ئه‌ستووندی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ی جیهان بوو كه‌ به‌رپرسانی دونیا رۆژانه‌ روو له‌ هه‌ولێری قیبله‌ دبلۆماسیه‌تی جیهان بوون ، هه‌ولێری كوردان كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو بۆڕسه‌ی (دراو) دا ، هه‌بوو !
رژێمی به‌عس به‌(قطع الرقاب) ده‌ستی پێكرد ! ئه‌وه‌ته‌ ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌ به‌(قطع الارزاق) ده‌ستی پێكردوه‌ ! هه‌ر زوو گه‌فیان به‌ فڕۆكه‌ی (15F) ، به‌هێزی دجله‌ ده‌كرد ! ئه‌گه‌ر خیانه‌تی گرووپی (16)ئوكتۆبه‌ر نه‌بوایه‌ مه‌حاڵبوو ئه‌وه‌مان به‌سه‌ردا بهاتایه‌ ! ئه‌گه‌ر به‌رخودانی پێشمه‌رگه‌ی پارتی و بارزانیش نه‌بوایه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ كركوك رووده‌دا له‌ هه‌ولێرو دهۆكیش رووی ده‌دا !
له‌وه‌ته‌ی ئه‌م ئێراقه‌ ، بێ خواستی خۆمان دامه‌زراوه‌ ، كوردستان له‌ بۆنی بارووت ، سووتان ، قڕانكردن ، به‌ندكردن ، كوشتن ، زیاترمان نه‌بینیوه‌ ! به‌داخه‌وه‌ ناتوانین هیچ جیاوازیه‌ك له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته‌ یه‌ك له‌دوایه‌كه‌كانی ئێراقدا بكه‌ین چونكه‌ هه‌موویان له‌ ئازاردانمان درێغیان نه‌كردوه‌ به‌ڵكو له‌ قڕكردنماندا داهێنان ده‌كه‌ن
ئه‌وه‌ی له‌ماجه‌ڕای دانانی بووجه‌ ، گفتوگۆكردن ، هێنده‌ جاره‌ی چوونی شاندی هه‌رێم ئینجا خوێندنه‌وه‌كانی په‌رله‌مان ، تا ئێستایشی ده‌گه‌ڵدا بێت ئه‌وه‌ی رووده‌ده‌ا شوێنی له‌ قودی هیچ عه‌تارێكدا نابێته‌وه‌ ! به‌ هه‌موو مانایه‌ك مه‌هزه‌له‌ !
له‌ روانگه‌ی ئه‌و شانۆگه‌ریه‌ زێده‌ تراژایدایه‌ی نێوانماندا(هه‌رێم)و(مه‌ركه‌ز) له‌و دوو بۆچوونه‌ ناخوێندرێته‌وه‌ : لێزانی شیعه‌ی ده‌سه‌ڵات ‌ ، فرتوفێڵچی پسپۆره‌ داراییه‌كانیان ، زوڵمی زۆرینه‌شیان له‌وێ راوه‌ستێ
ئه‌وه‌ی ده‌مه‌ێشێنێ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی خۆمانن كه‌ ئێمه‌یان كردۆته‌‌ میلله‌تێكی ده‌سه‌وئه‌ژنۆو كه‌ف زه‌نان هێنده‌ خۆ به‌ ئێخسیر ببینین و هه‌رده‌م چاو له‌(مه‌ركه‌ز)بین ! هه‌ندێجار ده‌گوترێ ئه‌ندامی شاندی هه‌رێم عاره‌ب نه‌زانه‌ ، یان له‌و مه‌یدانه‌دا واته‌(بوودجه‌) نابه‌ڵه‌دن !