دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سیاسەتی باش بنـــــــــــــەمایە بۆ بەڕێوەبردنی باش

سەرۆ قادر

بەشی دووەم و کۆتایی

ئێستا کوردستان و عێراق لە قەیرانێکی زۆر گەورەدا دەژیەن، ئەنجامی ئەوەیە کە هزری سیاسی، کەمی تێدایە، کاتێک کە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن، ئەو ئەنجامانەمان ناداتێ کە دەگوترێ، سەرکردەکانی سیاسی شارەزاییی باشیان نییە، پڕۆسەی سیاسی بۆیە باش بەڕێوە ناچێت، پڕۆگرامی حزبەکان، ئەمانەتی تێدا نییە، بۆیە هەمیشە خشوونەت و پێک هەڵپڕژان هەیە، وە لەگەڵ عێراقیشدا عێراقی ناسەقامگیر کە مێژوویەکی خوێناویمان لەگەڵ هەیە، ڕای خۆمان گوتووە وەک میللەتەکە، گەر لێمان گەڕێن لێی جیا دەبینەوە، ئەگەر ناچار بین، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاتووە بمانپارێزێت، دەبێت لەگەڵیان بیانپارێزین تا لەگەڵمان لە سەنگەر بمێننەوە، تا خۆمان لەو عێراقە خراپە بپارێزین. بۆیە دەبێت بزانین، قەیرانی ناوخۆییمان ئەنجامی لێکترازانی فکری سیاسییە لە ناوخۆییدا. فکرەکە جارێ کەمی تێدایە. ئەگەر پزیشک یان پەرستارێک بە هەڵە ڕاهێنانی پێ بکرێت و زانستەکەی بە هەڵە بدرێت کاتێک برینێک دەکاتەوە، لێکی هەڵدەقەنێ، وە ئینسان دەکوژێت.
چۆن ڕێگەی چارەسەر بدۆزینەوە؟ ئەویش ئەوەیە لە فکری سیاسیی وڵاتەکەدا بەشدارییەکی باش بکەین، کام ئاراستە باشە، پشتیوانیی بکەین، لە خوێندنەوە و خوێندندا درێغی نەکەین، ئینسان ناتوانێت باس لە سیاسەت بکات ئەگەر کاتی بۆ تەرخان نەکات، تۆ ناتوانی دیاری بکەی کام گوتاری سیاسی ڕاستە و کامە هەڵەیە، ئەگەر چەند کاتژمێرێک خۆت ماندوو نەکەی و نەخوێنییەوە، یان چەند وانەیەکی ڤیدیۆیەکی کە کاتژمێر کاتژمێرە نەک خولەک خولەک، گوێ لێ بگری، کە بەشداریی گفتوگۆ نەکەی، گفتوگۆی وەکوو ئێستا قەرەباڵغتر یان کەمتر و دوو کەسی. واتا دەبێت مرۆڤ دۆسیەیەکی خۆی هەبێت، دۆسیەی کامڵکردنی ڕوانگەی خۆی، چونکە وڵاتەکەی لە قەیرانی سیاسییدایە، دەبێت شارەزا بم، ئەگەرنا ناتوانم ڕا بدەم، ناتوانم بەشدار بم، ناتوانم بڵێم چۆن چارەسەری بکەین، بە گشتی ئەوەی من گوتم سیاسەت گرنگە، سەرکردەکانی سیاسەت باش و خراپیان هەیە، سەرکردەکانی سیاسی و حزبی دەبێت هەموویان لە ژێر چاودێریی هاووڵاتیان بن، وە میزان و تەرازووی هاووڵاتییانیش بۆ دەستنیشانکردنی هەڵە و چەوتی، یان چەوتی و ڕاستیی فکر و کارێکی سیاسی، زانایی ئەو کەسانەیە، وە زانایی لە کتێبدایە، لە گوێگرتندایە. لە وڵاتی ئێمەدا ئێستا خەڵک نە گوێ دەگرێ و نە دەخوێنێتەوە. هەمیشە چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی بە بەشداریی سیاسی دەکرێت، واتا بەشداریی ئێمەی یەک بە یەک، بەڵام بە ڕای ساغ و تەندروستی خۆمان.

وەڵامی پرسیارەکان:
ئەوەی کە پەیوەندی بەوەوە هەیە سیاسییەکان چۆن سیاسەت دەکەنە سەرچاوەی بژێویی خۆیان، هەر ئەوەندەی توانیان ئەو بژێوییە دابین بکەن، میکانیزمەکە دەخەنە خزمەتی خۆیان. ئێمە ئەزموونی تاڵمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئەمەریکای لاتین هەیە لەسەر ئەوە، ئەمەریکا و ئەورووپای پێشکەوتوو پێش قۆناغی سەقامگیری، مێژووێکی خوێناوییان لەسەر ئەوە هەیە. هەیە سیاسەت دەزانێ، بەڵام لە هەمان کاتیش بەکاری دەهێنێت بۆ بەرژەوەندیی خۆی، چ وەکوو دارایی بێت، یان مانەوەی لەو پۆستە، یان بۆ حزبەکەی، یان خێزان و ئایینەکەی، وەکوو ئەوەی شیعە لە عێراق دەیکەن. ئەوە هەموو نیشانەی ئەوەیە کە کاراکتەرانی سیاسی کاراکتەری خراپن، وە کاتێک تەنگوچەڵەمە لە وڵات دروست دەبێت، بۆنموونە لە ئەنجامی داگیرکردنی وڵات، هەموو هاووڵاتییان دێنە ناو پڕۆسەی ڕزگاری، چونکە ڕزگاربوونی وڵات تەنیا کاری نوخبەی سیاسی نییە، نوخبەی سیاسی زۆر کەمن، نوخبەی ڕاستەقینەی سیاسیی کوردستان گەر کۆیان بکەیەوە، لە ژمارەی پزیشکەکان زیاتر نییە بە تەنیا، زیاتر نابن لە ژمارەی ئەندازیارەکانی وڵات، زیاتر نابن لە مامۆستایانی زانکۆ، وڵاتیش بەو نوخبە ڕاستەقینە بەڕێوە دەچێت، ئەوانی تر دەبێت کارمەند و بەڕێوەبەر و ستافی حکوومی بن. کاتێک بزووتەوەی سیاسی پەرە دەستێنێت و دەرگا دەکرێتەوە بۆ بەرگری، خەڵکێکی زۆر دێتە ژوورەوە، کاتێک خەڵک زۆر هات، خودی حزب و بزووتنەوەکە دەبێتە حوکوومەتێک، سیستەمەکەی لەوانە دروست دەکات کە هەیەتی، چۆنی دەیکات؟ من هەر لەو بوارەدا گەورە بوومە، هەموو ژیانم لە نێو ئاوارەیی و پێشمەرگایەتیدا بووە، لە دوای گەڕانەوەش لە ناو واقیعەکەدا بوومە. دەزانم کاتێک حزبەکان سیستەمی خۆیان دروست دەکان، ناچارن پشت بە کەسی دڵسۆزی خۆیان ببەستن، جاری وایە کەسی دڵسۆزیان هەیە بەڵام زاناییەکەی کەمە، جاری وایە زۆریش کەمە. پاشی ئەوە ئەم بەرژەوەندییە بەرژەوەندیی دیکە دروست دەکات، دەبێتە بەرژەوەندیی کەسی و کەسوکار و بەرژەوەندیی ناوچە و مەزهەبی، هەموو ئەوانە دێنە ناو حزبێک و سیستەمی سیاسییش، کەی ئەوە کۆتایی پێ دێت، کاتێک وڵات لەسەر بنەمای یاسا بەڕێوە بچێت.
کاتێک کە سەرکردەکانی کاریگەری وڵات پشتیوانیی یاسا بکەن، بڵێن ئێستا ئەو وڵاتە بریتییە لەو ئاواتەی حزبەکەی ئێمە هەیبوو. ئەو یاسایانەی ئێمە دامانناوە دەبێت ڕێزیان بگرین. کاتێک یاسا کاری خۆی دەکات، هەموو کەسێک کە ڕەفتارێکی سەرپێچی دەنوێنن، دەچنە بەردەم یاسا. هەر کاتێک کە من ڕەفتارێکی پێچەوانە نەکەم، یاسا بانگم ناکات، دەبێ مرۆڤ سەرپێچی بکات جا یاسا لێپێچینەوەی لێ دەکات، کەسێک کە بە درێژاییی ژیانم ڕاست بڕۆم، یاسا بانگم ناکات؛ کەواتە دەبێت هەموو ئیشەکانی ژیان باش ڕێک بخرێت.
تەنیا ڕێگە لە مێژوودا، وە لە واقیعیشدا، وە لە لێکۆڵینەوەشدا ئەوەیە کە سەرکردەکانی سیاسی، یاسا بکەنە بنەمای کاری وڵات، بیسەپێنن، دوایی بیکەنە پەروەردە. هەڵبەت دەبێ یاساش یاسای باش بێت، هەموو یاسایەک باش نییە، یاسایەک یاسایە کە هەڵقوڵاوی پێویستیی کۆمەڵایەتیی یەک شوێنی دیاریکراو بێت، واتا یاسایەک کە پەیوەندییە واقیعییەکان و شوێنەکییەکانی وڵاتێک ڕێک بخات. بۆیە دەگوترێت یاسا کەشف دەکرێت، یاسا دانانرێت.
زۆربەی یاساکانی عێراق و وڵاتەکانی پاشکەوتوو، حزب بە پێی ئایدۆلۆژیای خۆی بڕیاری داوە دایبنێت، بەڵام دواتر دەبینین ئازاری خەڵک دەدات. یاسای ڕاستەقینە ئازاری ئینسان نادات، نموونە بە یاسای هاتوچۆ بێنینەوە؛ من گەر لە هەولێر بمەوێت بڕۆم، ئازادم. بەڵام ئازاد نیم بە ئارەزووی خۆم بە هەر خێراییەک بمەوێ لە ناو هەولێر بڕۆم، ناتوانم لە هەموو شوێنێک ڕایگرم، ناتوانم لە هەموو شوێنێک بادەمەوە، لە هەندێک شوێن بۆم نییە ڕابوەستم. کەواتە ئارەزوو و حەزی من بۆ گەڕان بە ناو هەولێردا، پێوەندە بە هەندێک یاسا لە هەندێک شوێن ناچارم دەکەن، ڕەفتاری دیاریکراو بکەم، لەوە دەرچێ پۆلیس هەیە سزام بدات و بشمگرێ و مۆڵەتەکەشم لێ وەرگرێتەوە، چونکە سەلامەتیی خەڵکی تر دەخەمە مەترسییەوە.
ئەمە یاسایە بۆ هەموو بوارەکان. هەرچەندە یاسای هاتوچۆ ماندووبوونی بۆ هاووڵاتییان زۆر تێدایە، هەموومان ڕازینە، چونکە ڕاستن، هەمووی هەڵقوڵاوی واقیعن کە دەمانپارێزێت، ئەگەر یاسای وڵات و دەستوورەکەمان باش بێت، بزووتنەوەی سیاسی پشتیوانیی یاسا بکات، کۆتایی بە گەندەڵیی سیاسی دێنێت، وە گەندەڵی سیاسی شێرپەنجەی سیاسییە، وەک چۆن شێرپەنجە لە جەستەدا هەیە. ئەو کەسانەی کە سیاسەت نازانن و دێنە ناو سیاسەت، ئەوانە ئاشی هەموو خراپییەکانی ناو سیستەم برەو پێ دەدەن. وە هەر ئەوانەن کە دەستیان بڕوات، کودەتا دەکەن، حزبی مافیا دروست دەکەن، لە دژی یاسا ڕادەپەڕن، درووشمی گەورە گەورە هەڵدەگرن، هەوڵ دەدەن خەڵک بخەڵەتێنن، بەوەی پێی دەگوترێ پۆپۆلیزم (جەماوەرگەرایی) کە مەترسیدارە، ئەوەی دێت بە ناوی میللەت و خۆشی گەل وای دەوێ و گەل ئەمەی دەوێ، بەڵام دەبینی لە کۆتاییدا دوو سێ کەسیان سواری ملی گەل بوونە.
باسی ڕیفراندۆمم کرد، من بە فرمانی سەرۆک بارزانی، بە شانازییەوە سەرۆکی ژووری عەمەلیات بووم بۆ ڕاگەیاندنی ڕیفراندۆم، وە زۆرترین ڤیدیۆکانی سەر پێگەی منیش لە یوتیوب بەرگرییە لە ڕیفراندۆم، ڕیفراندۆم لە خودی خۆیدا هەڵە نەبوو، بەڵام ئێمە ڕیفراندۆممان کرد بۆ ئەوەی وەربگیرێت، دیپلۆماسییەتی ئێمە لە تێگەیاندنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان تا هاوپەیمانەکان و دەوڵەتی عێراق، دەبوو زەمینە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم خۆش کرابا، ئینجا بکرێت، ڕیفراندۆم شانازییەکی گەورەیە، وە ئێمە لەسەر مانەوە لەگەڵ عێراقدا ڕای خۆمان دا، لەگەڵ هیچ میللەتێکیش نامێنینەوە. لێمان گەڕێن لە هەر چوار پارچەدا بە سەربەخۆیی دەژین. ئەگەر ئێمە هیچمان لەم ڕیفراندۆمەدا نەکردبێت، ئەو بڕیارەی ئینگلیزمان لە ساڵی ١٩٢١ ڕەت کردەوە کە دەڵێن ڕیفراندۆممان کردووە لە پارێزگای سلێمانی و هەولێر و دهۆک، وە ڕازی بوونە بەوەی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بن، ئینگلیز ئەوەی بەسەر ئاغاکان و کەسایەتیی هەندێک پارێزگادا سەپاند، تێی پەڕاند، لەلایەک شەڕی دەکرد لەگەڵ شێخ مەحموود و شێخ ئەحمەدی بارزان، لەلایەکیش خەریکی پرس و ڕا بوو لەگەڵ ئاغاکان، ئەسڵەن ئاغاکان لە بارودۆخی ئەوکاتدا هەر نەیاندەزانی سەربەخۆیی چییە و ڕیفراندۆم چییە. بۆیە ئەو ڕیفراندۆمە ئەو بانگەشە نێودەوڵەتییەی ڕەت کردەوە.
بۆیە ئێمە دەبێت زیرەک بین، کاتێک حزبی ئێمە، وڵاتی ئێمە ئامانجێک دەگرێتە بەر، ئامانجەکە زۆر ڕاستە، بەڵام ئەگەر کەموکوڕی هەبوون، دەبێ تێیان بگەین و کە دووبارەمان کردەوە زیان نەگەیەنن. هەر لەم پارتییەدا بە درێژایی ٧٨ ساڵی ژیانی، ڕەخنە و ڕەخنەلەخۆگرتن یەکێک لە میکانیزمەکانی پارتی بووە، ئەمەش ئەوەیە کە کارێکی سیاسیت کرد، چ وەکوو تاک و وەکوو حزب، دوایی هەڵیسەنگێنی، چەندی باشە، خەڵک فێر بکەی خراپەکان بڵێ و جارێکی تر دووبارە نەکرێتەوە. یەکێک لە بەڵاکانی پۆپۆلیزم کە هاتووەتە ناو ئێمەش ئەوە بووە وەکوو قاز هەمیشە بڵێین قیر، غەیری قیرمان نەبێت. هەڵە لە ڕەفتاری ئێمەی سیاسیدا ڕوو دەدات، ئەی سیاسەتی باش چییە ئەگەر ئاوێنەیەک بەرانبەر خۆشی دانەنێت، دەبێ دایبنێت.
بۆچی کاتێک کە باسی سەرکردە سیاسییەکان وەکوو مانایەک بۆ کاراکتەری سیاسی دەکرێت، یەکسەر دێنە لای کاک مەسعوود؟ کاک مەسعوود سەرکردەیەکی کارێزماتیکی ئەم وڵاتەیە، ئەوەی پێویست بووە کردوویەتی، هەتا کادری سیاسی، کەموکوڕیی سیاسییەکان بە کاک مەسعوود بپێوێ، یارمەتیی سیاسەتمەدارە خراپەکان دەدات، لە ناو بزووتنەوەی سیاسی وڵات وێران بکەن. کاک مەسعوود لەو لایە دابنێن، وەرنە خوارێ، کێ کەموکوڕی هەبوو، دەبێ بەرپرسیارەتییەکەی هەڵگرێت.
هزری سیاسی، بزووتنەوەی سیاسی، هەڵوێستی سیاسی، هەموو ئەو ڕێڕەوانەی لە سیاسەت دەیگرینە بەر، گەر کەموکوڕیی تێدا بوو، دەبێت دوایی هەڵیسەنگێنین، نەک ماڵی خۆمان وێران بکەین، نەک بیکەینە پەرت و بڵاوی، بە هێمنی و زانایانە بڵێین کەموکوڕییەکەمانمان چین. گەرنا پێشناکەوین و سەر ناکەوین. گەندەڵیی سیاسی کە باسی لێوە کرا، بەرهەمی سیاسەتمەدارە خراپەکانە. یەکێک لە کارەکان ئەوەیە دەوڵەمەند دەبن، ئەو دەوڵەمەندییە هەندێکی بەکار دێنن بۆ لایەنگرانی خۆیان، وە ئێستا ئەوە بووتە دیاردەیەکی زاڵ لە کوردستان. حزب دەیەوێ هەموو میللەت بژیەنێت، ئەوە ئەنجامەکەی گەیشتە ئێرە کە ئێستا ناژین.
لە ساڵی ١٩٩٣ کۆبوونەوەیەکی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان هەبوو کە ئەوکات جەنابی نێچیرڤان بارزانی بەرپرسی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان بوو، لەو ژوورەی ئێستا ئازاد بەرواری لێیە، ژووری نێچیرڤان بارزانی بوو. دەبوو بەرنامە بۆ ڕێکخراوە جەماوەرییەکان دابنێت، بەیانیان تا ئێواران نزیکەی هەفتەیەک زیاتریش هەموو ڕۆژ کۆبوونەوە بوو. ڕۆژێک کاک نێچیرڤان برووسکەیەکی بۆ هات، سەیری کرد و چووە دەرەوە، هاتەوە، گوتی با شتێکتان بۆ بگێڕمەوە: برووسکەی دکتۆر ڕۆژە (ئەوکات جێگری کۆسرەت ڕەسووڵی سەرۆکوەزیران بوو)، گوتویەتی یەکێتی ٣ هەزار کەسی لە ڕێی کۆسرەتەوە بۆخۆی وەکوو کارمەند دامەزراندووە، ئێمەش دەتوانین ٣ هەزار دامەزرێنین، گوتی پێم گوتووە دکتۆر ڕۆژ بەم سێ سێیە بەڕێوە بچین، بە ئاخیری ئەم ڕژێمەی هەرێم، هەموو خەڵکی کوردستان دەکاتە مووچەخۆری خۆی، کە پارەشی نییە بیدات، دوایی هەموومان نانمان نابێت بیخۆین. ئەمە قسەی نێچیرڤان بارزانییە لە ساڵی ١٩٩٣. کێبەرکێیەکە هەڵە بوو، واتا سیاسەتەکە هەڵە بوو.
زۆرجار پارتی لە ئەنجامی لایەنی بەرانبەر کە بەرگریی لە خۆی بکات و خەڵکی خۆی دامەزرێنێت، من پێشتر لە سەرکردایەتی بوومە، پێشتریش ٢٠ ساڵ لە سەرکردایەتیی ڕاگەیاندنی کوردستان بوومە، بۆیە ئاگاداری کۆبوونەوەکان بوومە، لەگەڵ جەنابی سەرۆک بووبێت، لە مەکتەبی سیاسی بووبێت، دەزانم چۆن بیر کراوەتەوە و چۆن بڕیار دراوە، ئاگام لێ بووە کاتێک بەرپرسی لقەکان دێن، دەڵێن: “فڵان حزب هێندە خەڵکی دامەزراندووە و ئێمەش دەبێت هەمانبێت.” کاک نێچیرڤان ژانی دەگرت، دەیگوت: “دەتوانین بیکەین، بەڵام ئەنجامەکەی خراپ دەبێت.” یەکێک لە دیاردەکانی گەندەڵیی سیاسی کێبەرکێی ناشەریفانەیە، ئەوەش ئەنجامی زۆر خراپی دەبێت.
تا کەی سیاسەتی نادروست لە کوردستان بەردەوام بێت؟ تا ئەو کاتەی سیاسەت وەکوو زانست، سیاسییەکان نەیزانن. وە تا ئەو کاتەی دەستی پێوە نەگرن و بزووتنەوەی سیاسی لەسەر میزانی فکری سیاسیی باش بەڕێوە نەبەن. وەکوو ئەوەیە بڵێی تا کەی ئێمە نەخۆشخانەکانمان خراپن؟ کە بەڕاستی ئێستا نەخۆشخانەکانی کوردستان ئاستیان زۆر لە خوارەوەیە. تا ئەو کاتەی زانکۆی پزیشکی لە هەولێر و سلێمانی ئاستە زانستییەکەی نزم بێت، تا ئەو کاتەی کە پێوەرەکانی وەرگرتنی قوتابی لە زانکۆی پزیشکی سیاسی بێت، واتا لق تەلەفۆن بکات “ئەوە پێنج کەسمان هەیە وەریانگرن”، هەڵبەت ئەوانە بە کێبەرکێ ناچن، بە تەزکییە دەچن. زانکۆی پزیشکی دەبێت قوتابی بە توانا و حەزی خۆی بچێت، وە لەوێ پێی بخوێنن، گەمە نییە، تا دەبێتە پزیشک. ئەی ئەگەر کادیری سیاسی بە تەلەفۆن چوو، دەوامیش ناکات، دەبێتە دکتۆر و دێتەوە نۆرینگە دادەنێت، ئەگەر چاوی من و تۆشی نەشتەرگەری کرد، دەریدێنێت. سیاسەتیش وایە. ئەوکاتە سیاسەتی باش پەیڕەو دەکرێت، کە سیاسەتمەداری زانا زۆر بن. میراتی خراپی سیاسی لەو وڵاتەدا ئەوەی کە گەیشتووەتە میرات بۆ خانەوادەکان، من زۆر لەمێژە ئەو قسەیە دەکەم. وە هەندەم دووبارە کردووەتەوە. لە مێژووی بزووتنەوەی سیاسیدا، بە بۆماوەییکردنی سیاسی هیچ ئەنجامی باشی نەبووە، بەڵام هەڵاوێرد لە مێژووی میللەتان هەیە. لە ناو کورددا تەنیا بنەماڵەی بارزانی توانیان لە سەرکردایەتیی سیاسی بمێننەوە، بۆ؟ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باوەڕە ئینسانییەی کە پێش ئەوەی بزوونەوەی نەتەوەیی لە کوردستان هەبێت، لە بارزان و لە ناوچەی سلێمانی لە دۆڵی سوورداشەوە تا کەرکووک بە ناوی بزووتنەوەی حەقە هەموویان پەیڕەوی مەولانا خالیدی نەقشبەندی بوون، هەبووە.
لە “کتێبی بارزان و مێژووی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان” کە بیست ساڵ کارم لەسەر کردووە، ئاماژەم پێ داوە؛ باسم کردووە بۆچی، خاتری تێدا نییە. ئەوە کەلەپووری میللەتەکەمانە. ئەو کەسانە لە ناو خێزانی بارزانی دەیانتوانی بێنە پێشەوە، کە تواناییان تێدا هەبێت، نە شێخ عەبدوسەلام دەیهێشت هەمووان لە خێزانی بارزانیدا بێنە پێش، نە شێخ ئەحمەد دەیهێشت. مەلا مستەفا سێ کوڕی خۆی قەدەغە کرد، سەرەنجام هەرسێکیان سەریان تێدا چوو، بەڵام نەیانهێشت لە ناو بزووتنەوەی سیاسی پێگە وەرگرن. لەبەر ئەوەی پێی وابوو نابێت کوڕەکانی زۆر بێنە ناو سەرکردایەتی، دووەم شت، دەبێت ئەوانە بێن کە توانییان هەیە. هەتا سەرەنجام کۆتایی بە گیانی کوڕەکانی هێنا، مەلا مستەفا لەسەر ڕای خۆی مایەوە. بۆ ئەو ڕایە لای مەلا مستەفا هەبوو؟ چونکە باوەڕ و بیروباوەڕێک و مێژووێکی سیاسی هەیە کە پەیڕەوی دەکرد. میکانزمێک هەیە کە پێی دەگوترێ ڕێبازی بارزانی، کە هەر قسە نییە، حەقیقەتی تێدایە.
ئێستا لە کوردستان وەکوو کوارگ لە بنەماڵەی سیاسییەوە هەڵدەتۆقن، ئینجا هەندێک لەو بنەماڵانە کوڕەکانیان ئاڵوودەن و سیاسیشن، قومارچین و سیاسیشن، سواری فڕۆکەی تایبەتی دەبن، لە کوردستانەوە بۆ قوبرس. من بیستوومە چەند وایە و چەند وا نییە، ئۆباڵەکە لە ملی گێڕەرەوەکە بێت، “٣٠ ملیۆن دۆلاری لە قوبرس دۆڕاندووە، ڕۆژی دووەم دێتەوە، لە مەکتەبی سیاسی دەوام دەکات، لە تەلەفزیۆن دەردەچێت، لە وەفتدایە.” ئەمەیە ئەنجامی بە بۆماوەییکردن، وە ئەنجامی بزووتنەوەی سیاسییە، بەڵانسەکەی ئەمەیە کە ئێستا لە کوردستان هەیە.
بۆیە بە بۆماوەییکردن هیچ باش نییە، لوبنان کاتێک وێران بوو، کاتێک حزبەکان بوونە بنەماڵە، وە هەموو بنەماڵەکان بوونە مافیا. ئێستا حاڵی دیارە، دەوڵەتیشە. فکری سیاسیی باش ئەوەیە کە ئەو بابەتە باش تێبگات. لە لوبنان کەمال جونبەلات هەبوو، کە وەکوو مەلا مستەفای لوبنان وابوو لە ناو دروزەکاندا، ڕێسایەک هەبوو لەسەری دەڕۆیشت، زۆر دادپەروەر بوو، بەڵام هەموو کەسێک لە لوبنان نابێتە خێزانی جونبەلات، دوایی ئەوان باوەڕێکی کۆمەڵایەتین، دینێکن، یارییەکە دەکەن وەکوو لە باوەڕەکەیاندا هەیە، ئەگەر کەسێک خراپ بوو لە ناو خێزانەکانیان دووری دەخەنەوە. ئەگەر کەموکوڕی لەو سەرکردایەتییەی ماڵی بارزانیدا هەبێت، کە بارزانی لە کۆنگرەدا گوتی “هەندە خراپن، تکاتان لێ دەکەم باشەی مێژووی بارزان بە خراپەی ئێمە مەپێون”، بۆ ئەوەی کەس نەڵێ کاک سەرۆ بۆ باسی کاک مەسعوودت نەکرد. من بێم تەپڵتان بۆ لێبدەم، بۆیی هەڵپەڕن؟ ئەوە پێی ناگوترێ سیاسەت و زانیای، کاتێک کە باسی سیاسەت دەکەین، دەبێ باسی کەسەکان نەکەین، بۆ باسی دەکەین؟ فکرە. تۆ کە باسی کۆرۆنا دەکەی چۆن خۆی لێ بپارێزی، دەپرسی کێ خۆی لێ دەپارێزێ و کێ خۆی لێ ناپارێزێ؟ زانستێکە فێری دەبی.
زۆری و بۆری لە قەیرانی سیاسیدا، هەر قەیرانێک لە ئەنجامی بارودۆخی خراپ دێت، بارودۆخی خراپ لە ئەنجامی ئایدۆلۆژیای خراپ دێت، ئایدۆلۆژیای خراپ میکانیزمی خراپت بۆ دادەنێت، میکانیزمی خراپ کەسانی خراپ داخل دەکات، ئینجا لەوێ بەزمەکە دەست پێ دەکات. دەبێ ئەوانە هەمووی چارەسەر بکرێت. ئێمە میللەتێکین وەکوو هەموو میللەتان کە سیستەمێکی واقعییانەی ماقووڵ کە زانست پشتیوانی بکات هەمانبێت، دەنا بەڕێوە ناچین.
کەرەستەی سیاسەتی باش، تێگەیشتنی زانستییانەی سیاسەتە، باوەڕهێنانە بەو سیاسەتمەدارانەی کە زانان و ئەمینن و کاری خۆیان دەکەن، سێ دەبێت چاودێرییەکی یاسایی هەبێت، هەموو کەس ملکەچی ئەو چاودێرییە بێت، هیچ سیاسەتمەدارێک لێی بەدەر نەبێت، هیچ حزبێکیش لێی بەدەر نەبێت. ئەگەر ئەمە هەبێت سیستەمێکی باشمان دەبێت. بۆنموونە یەکێک دەتوانێت بازرگانێکی باش بێت، بۆ بازرگانەکەی بە ناوی حزبەوە دەکات و لە دەرەوە نایکات؟ بۆ حزب ڕێگای مافیای تێدا ببێتەوە؟ مەبەست هەموو حزبەکانە و ناوی خەڵک بە ئاسانی ناهێنم، نابێ خەڵک تۆمەتبار بکەم پێش ئەوەی دادگا بڕیاری دابێت. ئەوە پۆپۆلیزمە دوورمان دەخاتەوە لە تێگەیشتنی ڕاستەقینەی پرسەکان. کاتێک ئەو میکانیزمە هەبێت، سیاسەتی باش دەچەسپێ. سیاسەت کاتێک ئاشەکەی گەڕا، دەبێتە مەکۆیەکی زۆر لەبار بۆ ڕووتێکردنی ئەوانەی بە خۆڕسک تاوانبارن، لە ئەنجامی گرفتی جێنەتیکی و پەروەردەی خراپ، حەزیان لە مرۆڤکوشتنە، حەزیان لە خۆسەپاندنە، حەزیان لە ئازاردانە، وە چێژ لە جۆرەکانی دیکەی ئازاردان دەبینن.
ئەو جۆرانە لە وڵاتان گەیشتوونەتە سەرۆکایەتی، هیتلەر کێ بوو؟ کتێبی “گوێ بگرە ئەی پیاوی بچووک” ی ویلیام ڕایش، بخوێننەوە تا بزانن هیتلەر کێیە. زۆر کتێب لەسەر سەددام حوسێن نووسراون، بیخوێننەوە، بزانن چ نەخۆشێک بووە. قەزافی، حوسنی موبارەک هەروا.
ئەو کوشت و کوشتارەی کە هەندێک لە سەرکردە سیاسییەکانی کوردستان بە کۆمەڵ لە شاخ خەڵکیان کوشتووە، ئەوانە لە ناو بزووتنەوەی سیاسین، وە پێگەی زۆریشیان دەدانێ. بەڵام مرۆڤی دەکوشت. سیاسەتمەدار دەستی بچێتە کوشتنی مرۆڤ، سیاسەتمەدار نییە، بەڵکوو بزووتنەوە سیاسییەکە خراپ بووە، لێک ترازاوە، ڕێگەی کردووەتەوە بۆ ئەوەی تاوانبار ڕووی تێ بکەن. نیلسۆن ماندێللا کە لە بەندیخانە بەر بوو. ٢٨ ساڵ دەستگیر کرابوو، من لە گەنجیمدا یەکێک لەوانە بووم لە پێشمەرگەکان لە بزووتنەوەی سیاسیدا بەشدار بووم، وەکوو ڕۆژنامەنووسیش ساڵانە ڕۆژی هاودەردی بۆ ئازادکردنی نیلسۆن ماندێللا دەکرا. یەکێک لە کاراکتەرە سیاسییەکانی ئەو بوارە وێنین ماندێللا، هاوسەری نیلسۆن ماندێللا بوو. تێکۆشەرێکی گەورەی ئازادیی باشووری ئەفریقاش بوو. دوای ١٩٩٥ و ١٩٩٦ بەر بوو و ١٩٩٧ بووبە سەرۆککۆماری وڵاتەکە، ڕێگەی بۆ یاسا کردەوە، ئەوەی پێی دەگوترێ یاسای باش.
جا سەرکردەی کاریزماتیکی باش، خێری بۆ وڵاتەکە ئاوایە؛ دەیەوێ یاسا جێبەجێ بکرێت، جگە لەو لێبوردەییەی لە باشووری ئەفریقا لە نێوان ڕەش و سپی کردی. ئەگەر ئێستا سەیری ڤیدیۆکانی ماندێللا بکەن، کراسێکی درێژی ئەفریقییانەی لەبەردایە. پانتۆڵێک، بە دەگمەن دەبینن چاکەتی لەبەردا بێت. لە هەموو دونیا وا دەگەڕا، سادەی سادە. بەڵام بەهێزی بەهێز. هێزەکەی تەنیا لە سەرۆککۆماریدا نەبوو، هێزەکەی لەوەدا بوو، هەموو ئەفریقیا لەگەڵی دابوون، هەموو ئازادیخوازانی دونیا حەزیان دەکرد بیبینن.
فایلێک لەسەر وێنی ماندێللا دروست بوو، گوتیان لە کاتی تێکۆشاندا مێرمنداڵێک کوژراوە، وێنی دەستی تێدایە، بکوژ نییە، بەڵام لەم بڕیار و کارانەی کردوویەتی، فایلیان بۆ هێنا، گوتی دەبێت وێنی بێتە بەردەم دادگا، بەڵام من لێی جیا دەبمەوە، بۆ ئەوەی حیمایەی منی نەبێت، ژنی خۆی تەڵاق دا، بۆ ئەوەی حیمایەی نیلسۆن ماندێللای لەسەر نەبێت کاتێک دەچێتە دادگا. دواتر بە نزیکەیی بەسەریدا سەپێنرا، بەڵام وەکوو بکوژ نا. دواتر وەری نەگرتەوە و مارەی نەکردەوە. ئەمە پێی دەگوترێ کەسێک کە ڕێزی یاسا دەگرێت و لێی تێدەگات. کەسێک کە مەدەنییەت پەیڕەو دەکات. کاتێک کە مردیش یەک ملیۆن دۆلار سامانی بوو، ئەویش دەزگایەکی خێرخوازیی هەبوو. وەسیەتەکەشی ئەوە بوو کە بۆچی تەرخان بکرێت. ئێستاش دەزگای خێرخوازی هەیە و کاری خێرخوازیی زۆر لە لە ئەفریقا دەکات، ئەمەیە سیاسەتی باش دروست دەکات.
متمانە کەی دروست دەبێت لە نێوان سیاسییەکان؟ ئەوکاتە کە فێڵ لە یەکتر نەکەن، ئەوکاتە کە متمانە بە یاسا بکەن. شتێک بە ناوی متمانەی نێوان کەسێک و کەسێک نییە، بەڵکوو پەیڕەویکردنە لە یاسا، یاسایە کە متمانە دروست دەکات. لە بانکێکدا کە ئەو هەموو پارەیە دەچێتە ئەوێ و کارمەند هەمووی دەژمێرێت و ناتوانێت پارەیەک بەلاوە بنێ، لەبەر ئەوە نییە بەڕێوەبەرەکە ئامۆژگاری دەکات، بەڵکوو یاسایەک هەیە ناهێڵێت پارەکە بەرێت. لە ژیانی مەدەنیدا یاسا متمانەی بە هەمووانە بە مەرجێک پەیڕەوی بکات. شتێک بە ناوی متمانەی تاکەکەسی دروست نابێت، پێش یاسا. دوایی یاسا بە سووکی متمانەیەک هەیە لە نێوان مرۆڤ و مرۆڤ کە یەکدی دەناسن. بۆ ئەوەش دەتوانن کتێبی متمانەی فۆکۆیاما بخوێننەوە.
یاسا دەبێت بۆ تۆمەتبارکردن هەبێت، نەک تەک تەک ناویان بێنین، یاسا دەبێت بەو ئەرکە هەستێت. گەر یاسا نەبێت هیچ نابێت. کاتی خۆی من دەزگای ڕاگەیاندنی گوڵانم بەڕێوە دەبرد، فایلێکی کە لەسەر دەزگاکە و خۆم و گشتیش هەبوو، خۆم چووم لای ئازادی مەلا فەندی کە قازی بوو سکاڵام کرد و پارێزەریشم گرت. گوتم سکاڵا لە سەرۆکوەزیران دەکەم لەسەر ئەم فایلە. دەبوو ئاگادارکردنەوە بۆ سەرۆکوەزیران ببەن، نەیاندەبرد، دواتر چوومە لای گوتم کاک ئازاد سکاڵام کردووە، گوتی کاک سەرۆ مەگەر کەس دەتوانێ بەلای ماڵی سەرۆکوەزیراندا بڕوات؟ گوتم دەزانم، منیش بە پاسەوانی تایبەتی لە دەست سەرۆکوەزیران هاتوومە ئێرە، چونکە دەمکوژێت، بەڵام تۆ بڕیارەکە دەرکە، با پۆلیس بڵێ نامەوێ بیبەم، وێنەیەکی بدەوە من، با بۆ مێژوو بمێنێ. دەزانم ئەوەی من نایەتە دی تا ئەو کاتەی یاسا جێبەجێ دەکرێت. دوایی لە بۆنەیەکی تایبەتدا، کە چووینە ژوورێ، من و فرەنسۆ و یونس ڕۆژبەیانی بە یەک ئۆتۆمبێل چووین، گوتی وەرە با لێرە یەکتر ببینین، چونکە هەوڵی دەدا بمبینێ نەمدەدیت، دەمگوت تۆ دەتوانی سەردانی دەزگای گوڵان بکەی. گوتی کاک فڵان لای خۆمەوە بە کەیفی خۆم پارە بۆ حزبەکەی خۆم تەرخان دەکەم، دکتۆر ڕۆژیش نوێنەری ئێوەیە دەتوانێت ئەو کارە بکات، بۆ دەیکەیە گلەیی؟ گوتم: کێ حەقی بە سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی داوە، لە کاتێکدا کە پارە نییە مووچەی مامۆستایان بدەن، پارە ببەخشییەوە و بیدەیە خەڵک؟ تۆ ئیشت ئەوەیە دامودەزگای حوکوومەت بەڕێوە ببەی. هەڵبەت لێک حاڵی نەبووین، ئەوکات ئاستی سیاسی جۆرێکی تر بوو.
ئەوانەی دەچن خوێندن دەخوێنن بە زەوقی خۆیان، کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە، زۆربەی خێزانەکانی ئێمە غەدریان لێ دەکەن، ناڵێن کوڕم کچم چیت حەز لێیە ئەوە بخوێنە. دایک و باوکی نەخوێندەوارن، منداڵ ناچار دەکەن لقێک هەڵبژێرێ، دواتر کە گەورە دەبێت، ناچێت لەو بوارە کار بکات. بەڵام ئەگەر قبوڵی بکەین سیاسەتمەدار سیاسەت نەزانێت و خوێندەوارییەکەشی کەمە، ئێستە بێت لە ناوچە و شوێنێک و شارێک حوکم بکات و بڕیارەکەی جێبەجێ بکەین، نموونە زۆرە، ئەم جۆرە کادیری سیاسییە لە ناو سیاسەتدا سەرەنجام حزبەکە دەگۆڕن بۆ یاخیبوون لە بەرانبەر یاسا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی، کە پێی دەگوترێت زۆری مافیایی لە ناو حزبەکاندا، یان لە ناو حزبەکاندا، کە ئێمەی نموونەی دەبینین. کابرا ڕۆژنامەنووسێک گلەیی لێ دەکات، دەیکوژێت، دواتریش دەڵێت من نەبوومە، دەچێتە حەجیش و قسەش دەکات. ئەوە ئەنجامی ئەو نەخوێندەوارییەیە کە لە ناو بزووتنەوەی سیاسیدایە.
پێشکەوتنی وڵاتان، بریتی نییە لە دەوڵەمەندبوونی ئەنجامی نەوت، گەورەترین سەروەریی هەر وڵاتێک میللەتەکەیەتی، کە پێی دەگوترێت سامانی مرۆیی. وڵاتان هەنە، وەکوو نیوزلەندا و ئەوانە، جگە لە بەفر و ئاو هیچی دیکەیان نییە، زۆریش دەوڵەمەندن. چونکە مرۆڤ کاتێک خوێندەوار بێت زانست گەورەترین کەرەستەی دەستەی مرۆڤە کە دەکرێت سەرمایە دروست بکات، وە ئەوە شتێک نییە زۆر سەیر بێت. سعودییە و کەنداو، خراپترین جۆری سیستەمی سیاسین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پارەی نەوت و کەمبوونی دانیشتووانیان وای کرد کە بەشێک لەو پارەیە بدەنە هاووڵاتییانی خۆیان، بەڵام هاووڵاتییەکانیان لە پاشکەوتندا مانەوە. لەبەر پارسەنگی نێودەوڵەتی لە نێوان سۆڤییەت و ئەمەریکا، سعودییە بۆ ئەمەریکا زۆر گرنگ بوو، بە چاک و بە خراپ پشتیوانییان دەکرد، تۆ پێت وایە سعودییە ئەزموونێکی باشە، کە دەستی هاووڵاتییانی خۆی دەبڕییەوە بە قەساس؟ پێتان باشە کە قاچی هاووڵاتییانی خۆی بە قەساس دەبڕییەوە؟ چ بەندێکی یاسایی ڕێگە بە حوکوومەتێک دەدات چاوی هاووڵاتی خۆی دەربێنێت بە قەساس؟ ددان بشکێنێت بە چەکوش؟ ڕەجمی ژنان بکەن؟ سعودییە تا وەکوو چوار پێنج ساڵ پێش ئێستا ئاوا بەڕێوە دەچوو. بەڵام سعودییە مەکۆی سەلەفییەت و ئیرهابی ئیسلامی بوو، کە بەداخەوە ئەو دینە باشەی ئێمەی کردە ئامراز بۆ ئەوەی داعش و قاعیدە و ئەنسارولئیسلامی لێ دروست بێت، وە ئێستا ئیخوان و ئەوانی دیکەش کە لێی دەرباز نابین. ئاسان نییە. ئەمە من نایڵێم، لە سعودییە ئێستا کرانەوەیەکی باش کراوە. پێنج ساڵی تر وەکوو ئیستانبولی لێ دێت، وە کاریگەرییەکی زۆر دەخاتە سەر گۆڕینی ئەو توندوتیژییە لە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیسلامیدا هەیە. هەرچەندە محەمەد بن سەلمان زۆر دیکتاتۆرە لە ناوخۆدا، بەڵام بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە من قەت باسی دیکتاتۆرییەکەی ناکەم، وڵاتەکە بەرەو مەدەنییەتێک دەبات، کە دیموکراسی تێدا نییە، دواییش کەیفی خۆیانە. بەشەکەی تری کەنداو، ئێوە چەند ئەندازیاری کەنداوی دەبینن؟ چەند یاسازانی کەنداویتان بینیوە کە قسە بکات لە بواری یاسایی؟ چەند پزیشکی کەنداوی دەبینن؟ چەند هونەرمەندی کەنداو بینن؟ چەند چالاکی مەدەنی دەبینن؟ یەک دانەش نابینن. دۆستی ئێمەیە لەبەر ئەوەی نەوت هاوبەشە لە نێوانمان و ئەوە هاوکێشەی ناوچەی ئێمەیە، ئیشی سیاسەتی دەرەوەی ئێمەیە، بەڵام نموونە نییە بۆ سیستەمی سیاسی و سیستەمی کۆمەڵایەتیی ئێمە. هیچ باش نین. ئەوانە خەرپوولن، واتا کەری پارە لێ بارکراو.
دەستی دەرەکی هەیە، بەڵێ، کاک مەسعوود دوژمنی زۆرە، هەموو دانیشتەکەمان بۆ ئەوە نییە، کاتێک باش لە سیاسەت بگەین، سەرکردە باشە سیاسییەکانیشمان باش دەپارێزین، بە عەقڵ دەیانپارێزین، بە بەشداریی سیاسی و فکری باش دەیانپارێزین، وە بە سەرکەوتنی سیاسیی باش دەیانپارێزین.
بۆ خەڵک سەددامیان دەوێت؟ سەددامیان ناوێت، لەبەر ئەوەی سەددام میللەتی عێراقی وەکوو خێزانەکەی خۆی لێ کرد. کوڕەکانی سەددام، سەددام مابوو لە موسل هەموویان کوژران. کچ و ژنەکەشی پەرتان پەرتان بوون و جێ نەبوو لەو دونیایە خۆی تێدا بگرنەوە. میللەت و دەوڵەتی عێراقی وەکوو خێزانەکەی خۆی لێ کرد. وە خۆشی چارەنووسەکەیمان بینی. بەڵام ئەو حوکوومەتی دیکتاتۆری، کردە دەستوور، چاک و خراپ، هەموو ڕۆژێ دەیگۆڕی و دەیسەپاند، بەڵام بیرتان نەچێت، فاشیزم لە هەموو شوێنێک ئایدۆلۆژیایە وە هەندێک شتی خۆی هەیە. سەددام حوسێن حزبێکی شۆڤێنیی عەرەبی بە شێوازی ئیشتراکی بوو، یانی بڕوای بە جۆرێک لە ڕێکخستنی ژیانی ئابووری هەبوو، بە جۆرێک بخۆ و مەمرەی بەس بەشی ئەوەندە، بژێویی ڕۆژانە بوو. بۆیە شتێک بە ناوی دەوڵەمەند و دەوڵەمەندیی کۆمەڵایەتی لە عێراقدا نەبوو. من لە ٢٠٠٤ یەکەم جار بوو بەغدام دەدی، کە بینیم شارێکی دوو قاتی بوو. هەموو بەغدا تەنیا چەند ئەپارتمانێک و چەند هۆتێلێک، دەنا شارێکی دوو قاتی بوو. خەڵک ئاستی ژیانی زۆر لە خوارەوە بوو. ئەوەی ئێستا کە دەڵێن سەددام باشتر بوو، هەمیشە کە سیستەمی ئێستا باشتر نەبێت لە کۆن، هەمیشە خەڵک خەیاڵی بەکار دێنێت، لایەنی باش لە کۆن دروست دەکات، دەڵێ ئەو باشتر بوو لەوەی ئێستا، جۆرێکە لە دەربڕینی ناڕەزایەتی، ئەمە درووشمە، ئەمە ویستن نییە. وە دەبێت هیچ کات ئەو خەیاڵە نەمانگرێت کە سەددام باش بووە، سەددام و هیتلەر و قەزافی باش نەبوونە، نموونەی ئەوانە لە مێژوودا بەڵای مرۆڤایەتی بوونە، بەڵام کاتێک لە وڵاتی خۆشماندا ئەو قسانە دەکات، نیشانەی ئەوەیە کاتێک کابرا کارەبای نییە، مووچەی نییە، کێشەی هەیە، جێبەجێ ناکرێت، بێزارە، سیستەم باش کار ناکات، خێرا نییە، هەڵدەچێت، ئەم هەڵچوونانە کۆ نەکەینەوە و بڵێین هزری سیاسییە.
لەبارەی ئەوەی ستافی دەرەوەی حوکوومەتی هەرێم باش بوون یان خراپ، من پێم وایە باشن بەڵام دەکرا باشتر بن، من شارەزا نیم لەو بوارەدا، بەڵام دەزانم ئەوەی پێی دەگوترێت دیپلۆماسی، واتا سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە لە عێراقەوە تا هەموو دونیا کەموکوڕیی تێدایە و هیوادارام باشتر بێت.