دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئیفلاس سیاسی پێویستی بە ڕاگەیاندن نییە

فازڵ میرانی

زۆر بە دەگمەن ڕێك دەكەوێت ڕژێمێك بوێری و ئازایی بداتە بەرخۆی دەستەوستانی و بێدەستەڵاتییەكەی لە جێبەجێنەكردنی ئەركەكانی دەوڵەت ڕابگەینێت، ڕژێمەكان هەمیشە زەبربەدەست نامیننەوە و وردە وردە لە كورتی دەدەن، نەخاسمە ئەو ڕژێمانەی خەمی
سەرەكییان دەستەڵات و ئیمتیازاتە. یاسا بەو شیكارییە ورووژێنەرانەی لە لایەن ئەوانی دیكەوە بۆ قەزیەكی یەكلاكەرەوە دەكرێن، كاریگەر نابێت. ئیفلاس حاڵەتێكە دەكەوێتە ژێر چێوە و پەردەی یاسایی بۆ چارەسەركردنی ئەو كارانەی سەردەكێشن بۆ پابەندنەبوونی تاك، یان كەسایەتیی مەعنەوی بە ئەركەكانییەوە. هەروەها ڕاگەیاندنی ئیفلاسبوون ڕێگەدەگرێت لە دەستبردن بۆ موڵك و سامان، هەڵبەت ئەمەیش بۆ ئەوەی زیانەكان هەڵبسەنگێندرێن و بەرنامەیەك بۆ مافەكان دابنرێت. ئەو ڕژێم و كەسانەی لە پێگەی بڕیاردان و خۆیان بە بەرپرسیار دادەنێن، زۆرن. یانی ئەو بەرپرسیاریەتەی لە خۆرهەڵاتدا بە پارێزبەندی و بڕیاربەدەستبوون حیسابی بۆ دەكرێت، دواتر كاروباری سیاسی و ئیدارییان سەربەرو لێژ دەبێت، ئەمەیش بە خراپ بەسەریاندا دەشكێتەوە و ناتوانن ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن، كە پێشتر لە بەرانبەر ئەدای ئەركەكانیاندا ماڵ و سامان و پارێزبەندییان دەست دەكەوت. ئەم جۆرە ڕژێم و كەسانە هیچ قوڕساییەك بە فاكتەری كات لە مافدا نادەن، كات لای ڕژێم، یان تاكی بەرپرسیار، بێسنوورە. ئەگەر لە پۆستەكەیدا لێپرسینەوەی لەبارەی پێشلكردنی مافەكان لێ بكرێت، خۆی دەباتەوە لایەكی دیكە و بە قسە پەردەپۆشی بێتوانایی خۆی دەكات، خۆ ئەگەر لە پۆستەكەی لای بدەن، دێتە بەردەم ڕاگەیاندنەكان و ئەوەی بنبەڕێ دێنێتە سەر بەڕێ و ئەوەی لە ماوەی دەستەڵات شاردبوویەوە دەیخاتە ڕوو، هەڵبەت بە زۆری لەو كاتانەی كار لە كاران دەترازێت. نەنگییەكە لە دەزگەی سیاسی و ئیداری نییە، كە ئیفلاسبوونی خۆی ڕابگەینێت، بەڵكە خەوشەكە لەو دەزگایانەدایە لافی ئاگایی و ئاگاداربوونیان سەبارەت بە ڕاگەیاندن لێ دەدەن، كەچی بە ئاراستەیەکی سیاسی ڕایەكی فریودەر دروست دەكەن، ئینجا كە كارەساتەكە ڕووی دا، ئەنجامەكە بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت: حكوومەتێك لە كار دوورخرایەوە، یان ئیستیقالەی دا و موفلیس بوو، مژووڵبوونی ڕای گشتی بۆ لێپرسینەوەی بكەری هەڵەكە درێژە ناكێشێت. ژیان لەسەر ڕێڕەوی ڕەخنەی ڕابردوو دەگوزەرێت، ئەمەیش بەرهەمی تێهەڵچوونی سیاسیی نوێی دەبێت، دڵسۆزی و خۆشەویستی ڕاگەیاندن لە دەستەڵاتی لابراوە و بۆ ئەو لایەنە دەبێت، كە جێگەی گرتووەتەوە.