میللەتێکی دژ و ناتەباین

نیان ئەحمەد

کاتێک لە ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان ڕادەمێنیم زۆر پەرێشان و خەمبار دەبم، ئەو پەرتەوازییەی لە نێو گەنج و منداڵ و پیاو و ژنی کورددا هەیە لەناو هیچ نەتەوە و میللەت و کۆمەڵگەیەکی سەر گۆی زەویدا نییە. تاکە میللەتە بەوڕادەیە لە نێوخۆیدا ناتەبا بێت، کورد هەموویان دژی یەکترین لە حزبەکانەوە بگرە تا دەگاتە عەشیرەتەکان، خەڵک، ڕووناکبیران، هونەرمەندان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەزگاکانی ڕاگەیاندن…تد، هەر هەموویان لەناو خۆیاندا دژایەتی یەکتر دەکەن، ئەم دژایەتیە پەڕیوەتەوە بۆ بەشێک لە خەڵکی کوردستان دژی هەمووشتێکن دژی خاک و نیشتمانن دژی ئاڵا دژی قەزییەی کورد وەک نەتەوە، دژی باشەکانن دەست بۆ خراپەکان دەبەن بۆ ئەوەی بڵێن دژین. دژایەتی بووە بە دەستکەوت و بوێری. لەهەموو دنیادا ناڕەزایی و نەتەبایی هەیە، بەڵام کە دێتە سەر خاک و ئاڵا و نیشتمان، ڕادەوەستن. هەموو پێکەوە بەیەک دەنگ و یەکڕەنگ بەرامبەر دوژمن ڕادەوەستن بەگژ دوژمندا دەچنەوە و بەرگری لە نیشتمانەکەیان دەکەن. لەبەر ئەوەی خۆیان بە خاوەنی ئەو نیشتمانە دەزانن کە پێی ئەڵێن دایک. بەڵام لە لای کورد هەر هەموو کراوە بە قوربانی چەند شتێکی ڕەمزی. تەنانەت بەشێکیان دژی هەرێمن، دژی پێشمەرگەن، بۆ ناشیرینکردنی هەموو باش و جوانییەکان سوپایەکی گەورەی دژ ڕێکخراوە و له پشت موبایل و ئایپادەکانیان قسەی نەشیاو و دژ دەنووسن. ئەمانە بێ هەستی نەتەوایەتی دەژین، هەموو ئینتمایان لە بەرژەوەندی خۆیاندا کۆکردووەتەوە. جیلێکن بەدوای سیاسەتی ئاراستەکراوی دوژمن دەکەون و ئاوازی دژە کورد
دەچڕن. ئێمەی کورد، ژینگەی کۆمەڵایەتی و ژینگەی
ڕایەڵەکانی پتەوی خێزانی و ژینگەی سیاسی و ئابووری و ژینگەی ئاینیمان تێک چووە، بەشێکی گەنجەکانمان لەسەر ژینگەیەک ڕاهێنراون کە دژی دەستکەوتەکان و قەزییەی کوردی و هەڵوێستی جوانی کوردایەتی و ئاڵای کوردستان و ئەو شتانەی پەیوەستن بە خاک و نیشتمان. خەڵکی دڵسۆز خۆپیشاندان دەکات بۆ شایستە داراییەکان و ئەو مافانەی کورد لەدەستووردا نووسراوە، ئەمان دژن و قسەی نەشیاو دەنووسن. لە کەرکووک دژی ئەو هەموو ناحەقی و توندوتیژیە دەرحەق بە کوردی کەرکووک و شارەکە دەکرێت خۆپیشاندان دەکرێت، ئەمان دیسان دژن و قسەی بێسەرو بەر دەنووسن و دژی کوردەکان ڕادەوەستن و دەیخەنە قاڵبی حزبایەتی. ڕیفراندۆم دەکرێت بۆ ئەوەی ئەم میللەتە نەحەساوەیە هەست بە بوونی خۆی بکات، ئەمان دژی دەوەستن و هەزار و یەک تۆمەتی بۆ دەهۆننەوە. بیرلەوە ناکەنەوە ئەم قەوارەیە کەشتییەکە و هەموومانی هەڵگرتووە و پێی دەوترێت هەرێمی کوردستان، ئەگەر نەمێنێت دوژمن لە پێشدا ئەوان لەناودەبات. بۆیە پێویستە ئەو جۆرە کەسانە لە هەر ڕێخکراو و سەنتەر و قوتابخانە و زانکۆیەکدا هەن، دووربخرێنەوە. لەبەر ئەوەی ئەمانە لە ئێستە و لەڕابوردوودا ڕۆڵی گەورەیان لەسەر بیرکردنەوەی گەنجەکانمان هەبووە و جیلێکی تووڕە و خۆبەکەمزان و بچووک لەئاستی نەتەوە سەردەستەکاندا پەروەردە کردووە. بە گژ هەموو شتێکی باش و جوانی ئەم
هەرێمەدا دەچنەوە، بۆ بەرژەوەندی دوژمن بەکاریان دەهێنن.