پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

برسێتی ، ھارییە‌كی ھە‌ر ھا پێوە‌!

عومەر چنگیانی

لەوساکەوە دوو گوێم لێ ڕواوە و، لەوەتی داکوبابانی ئێمەیش هەبوونە، هەمیشە وایان بە گوێماندا داوە گوایە “پێغەمبەری ئیسلام محەمەد دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، باسی لەوە كردووە هەژاری زۆر باشە و، ئەویش پێی خۆش بووە و، چونكە پایەیان لای خوا زۆر بەرزە زۆرجاریش نزای
كردووە لە ڕۆژی سەڵادا لەگەڵ هەژاراندا بێت”! ڕەنگە وەختێ بۆ خۆیشم شتی وام گوتبێ، لێ ئێستا دەڵێم باوەڕ ناکەم ئەو دەقانە نە ئەوەندە
ڕاست بن و، نە وردیش بن و، نەیش دنیا هێندە بێبەها بێت! ئاخر ئەوەی دارا و هەبوون بێ، هەم خۆی لە خۆشی و ڕەحەتیدا دەژیێ، هەم ئەگەر مەیلی لێ
بێ چوار کەس تریش لە سای سەریەوە نان دەخۆن؛ ئەگەر لەگەڵ سامان و ماڵەكەیاندا، ئەقڵێکی كارا و بیرێکی تیژ و دڵێکی بەرپرسیاریشیان هەبێت، ئەوە دەڤەر و ناوچە و وڵاتەکەیشیان لێ بەهرەمەند دەبێ و، پێش دەکەوێت، بەڵام ئەگەر ئەو شتانەی لێلدا نەبوو، ئەوە كورد گوتەنی
“یان ژنی پێ دێنێ یان پیاوی پێ دەكوژێت!” دیارە لێرەدا “ژنهێنان” ئاماژەیە بە دامێنبازی. جا لە ماوەی نیمچەحوكمڕانییەکەی ئەو چەند ساڵەی خۆماندا لەم بەشە گچکە ئازادەی كوردستان، بەشێوەیەكی زۆر بەرچاو لای زۆرێك لەوانەی كە بۆ پارە ژەمبوردە بوون، پارە هەبوو، بەڵام “كوردگوتەنییەکە” جووڵانەوە و، بە هەمووان هەموومانیان بەرەو قەیران و برسێتی
هێنا و برد، كە خوا نەخواستە برسێتییش هات، گوتەنی “برسێتی ڕەگی هاریی بە دەمەوەیە!” وەكچۆن تەنها سەگی هار، هار نییە و هەر سەگیش نییە كە هار دەبێت، برسێتییش تەنها بۆ نان نییە! تێرنەبوون لە حەزەكان، نەبوونی حەوانگە و ئەنوان، نەبوونی ئاسایش و ئەمان، ئەمانیش هەر جۆرە برسێتییەکن. ئەوكاتەی دەوروبەری شارە پیرۆزەکەی مەككە، لە بیابانی عارەبانەوە پێیدا وەرە تا بە وڵاتانی ئەوكات دەگات، پڕ دەبێت لە كوشتوبڕ و خەڵك بە كوێلەکردن و ئافرەت بە كارەکەری و کەنیزایەتی بردن و، داوێنپیسی و داگیركاری و ستەم، پەرە دەستێنێ، خوای گەورە ناز دەكات بەسەر مەككەییەكاندا كە ئاشتی و خۆشبژێوی و بوونی لە ناویاندا بەرقەرا دەکا و، لە 57ەمین ئایەتی سوورەتی قەسەس(قصص)دا، دەفەرمێت: “مەگەر ئێمە پاوان (حەرەم)ێكی پڕ لە ئاسایشوئامانمان بۆ دابین نەكردوون، كە بەروبوومی هەموو شوێنێكیشیان پێ دەگات؟”. وەكچۆن لە 67ەمین ئایەتی “سوورەتی عەنكەبووت”یشدا دەفەرمێت: “وا لەو لای ئەوانەوە خەڵک دەڕفێندرێن، لێ سەیر کە چ پاوان (حەرەم)ێكی پڕ لە ئاسایشمان بۆ ڕەخساندوون؛
ئەوە بۆ نایبینن؟” لە هەرچوار ئایەتەكەی سوورەتی “قورەیش”یشدا بە نازی ئاسایشوئامان و نەبوونی
برسێتی، داوای یەكخواناسییان لێ دەكات و دەفەرمێت: “با پەروەرێنی ئەو كابەیە بپەرسن وا برسێتییەکەیانی شکاند و، تێری كردوونە و ترسوبیمی لێ دوور خستوونەتەوە.” جا ئەمە ئەوێ و ئەوكات و ئەو مێژووە، بەڵام ئێمە كە لە كوردستانداین و دەورووبەرمان دەبینین، هەموومان ڕۆڵی پێشمەرگە و ئاسایشپارێزانی كوردستان لێرەدا بەدی دەكەین و، ئاگامان لێیە كە وڵاتەکەمان تا ئێستایش زۆر زۆر باشترە لە چاو زۆرێك لەو دەوروبەرانە، بەڵام ئەگەر ئەم قەیرانە داراییەی دوو
ساڵە و، وا بووە سێ، گرێبانی گرتووین، بەرمان نەدا، چ دەقەومێت؟ ئێوە پێتان وایە ئەو ئافرەتە لوبنانی، یان هەركوێییەی دێتە كوردستان و، وەك دەڵێن فڵانە
کار دەكا، لەبەر ئەوەیە لای خۆیان تێر ناكرێت، یان هاتنەکەی لەبەر نەبوونی و برسێتییەکەی لای خۆیان و، دەسبڵاوی و “سەخاوەت”ی نێرەوزەكانی لای خۆمانە؟ ئەو كاتەی كوردێ لەو جەلەولا و خورماتووەدا لەبەر مووچە ببێتە حەشدیشەعبی و، لە چاری ناچاریدا بچێتە لای سەرانی بەغا و، لەوێ ئەرێ و بەڵێنێ بدا، ئاسایشی نەتەوەیی و “ئامان”ەکەمان چی بەسەرا دێ؟ کە مووچە ئەمە حاڵی بێ و، بازاڕ ساردوسڕ، ئەوكاتەی گرانی بەرەکمان بدا و، دیزە بە دەرخۆنەکردن و،
لێنەپێچانەوە ببێتە دیاردەی نێو كۆمەڵی کوردەواری، چی چاوەڕوان دەكەین؟ چاوەنواڕی چ بكەین لەو ڕۆڵە هەژارەی پارەی گۆلمێ جنچکە و، پیاڵەیەك گوڵەبەڕۆژەی پێ
نییە و، دەبینێ كوڕە بەشێك”هایلایڤ” دەژیێ و پارە تەخشانوپەخشان دەكات؟ پیرێژنێك لەبەر بێکەسابەتی لە كوڕەكەی تووڕە بوو؛ کوڕە لە داخانا لە شەقامێکی ئەو توونسەدا خۆی سووتاند و، بەهاری عەرەبانی لێ هەڵسایەوە؛ ئەوە حاڵی کوڕە هەژارێکی وڵاتێکی
دامەزراو بێ، ئەی هی نەبوون و نەدارەكانی ئەو كوردستانەی گورگ چواردەورەی لێ داوە؟ لەم زستانە سەختەدا، كە نەوت و كارەبا، ئەوە حاڵیەتی و، كرێچی كرێی پێ دابین ناكرێ،
ئاقیبەتی شەقام چۆن دەبێ!؟ دەكرێ هەروەک جارانی لێ خوڕین و بیرێكی تۆكمەی لێ نەكەینەوە؟ ئەگەر هەروا بڕوا، بڵێی بڕوا نەگۆڕێ و، خەڵكی وەک جاران ڕێزی ڕابردووە پڕ سەروەرییەکە
و مێژووی خەباتی گەلەكەیان بگرن؟ تێبینی: ئەم بابەتەم لە لاپەڕە “9” ی ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە 2288سێ شەممە 5ی كانونی
دووەمی 2016 بڵاو كراوەتەوە و بەئەرکم زانی بیخەمەوە بیرتان