بە‌غدا و كورد!..

د. سالار عوسمان

باســـی بەغدا دەكەین، ئـــەو بەغدایەی لەوەتەی هەیـــە نەیتوانیوە ببێت بە پایتەخت، پایتەخت بە مانای کۆکردنەوەی هەمووان، جگە لە چەند قۆناغێک، یان چێتر بڵێم لە چەند وێســـتگەیەكی كەمی مێژوویی نەبێت، كە لاوازبووە، بەنموونە لە كاتی كەوتنی بەعس، كە كورد بۆ ســـەرلەنوێ ڕاوەســـتانەوەی تێكۆشـــا و هەوڵی زۆری دا، ئەوكات هەمووان لەوێ بوون و بەردی بناغەی عێراقی نوێ دانرا و دەســـتووری عێراق نووســـرایەوە، ئیتر كە هەڵسایەوە، کە ڕەنگە هەڵسانەوەکەشـــی خۆیی نەبێت! خۆی لەبیركردەوە و جارێكی تر دەستی کردەوە بە هەڕەشە و هێزی جووڵاند، زەمەنی داعشیش لەبەرچاوانە، كـــە دەوروبـــەری بەغدا تەوق كرا، چۆن هاواری لێ هەڵســـا و دەیویســـت عێراقییانە و لە هەمووان ســـۆز و پشـــتیوانی كۆبكاتەوە، دواتریش، کە بە پشـــتیوانی و گیانبەخشینی هەمووان لە خەم ڕەخسا، دیسان پڕكێشیی كرد و گەر پێی بکرایە هەڵەی گەورەشی دەكرد، ئەوە باسی دوای ڕیفراندۆمیش ناكەین، گەر سوپای عێراق لە پردێ و سحێلا شکستی نەهێنایە، چ نەخشە و پلان و پیلانێکی نادەوڵەتییانەی لە خەیاڵی نەخۆشیدا چێ کردبوو!..

ئەمە بەغدایـــە، لە لاوازیدا مەعقول دەبێت و لـــە بەهێزیدا نامەعقول، بۆیە ئەوانەی سیاســـەت دەكەن، یا جۆرێك لە پێوەندییان لەگەڵ بەغدادا هەیە، موحەیەرن. بەكورتی بەرخوردكردن لەگەڵ بەغدا كارێكی قورســـە، قورسە چونكـــە بەغدا خۆی نییە و وێنەکەی ڕوون نابینرێـــت، مامەڵەکردن لەگەڵ خۆنەبـــوون و ناڕوونی لە سیاســـەت و حوكمڕانیدا وەك ئەوە وایە بەرخورد لەگەڵ وەهمدا بكەیت!.

ئەو مامەڵە خراپ و نێگەتیف و نادەوڵەتی و ناپایتەختییەی ئێســـتا بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردســـتان دەیكات، سنوورەكانی تێپەڕاندووە و كاتی ئەوە هاتووە كورد و هەرێمی كوردســـتان و دامەزراوە شـــەرعییەكانی کوردستان قسەی جددیان هەبێت، قسەیەک، کە دەستوور، یاسا، خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش لێی وەردەگرن، بەڵام ئەمەشـــیان بەوە دەکرێت، کورد نێوماڵـــی خۆی کۆبکاتەوە و یەکڕیز و یەکهەڵوێســـت لەگەڵ خۆی و
عێراق و دونیادا قسە بکات!..