پارتی دووجار لە کەرکووکە

حەمید قەڵادزەیی

سەبارەت بە گەڕانەوەی بارەگاکانی پارتی بۆ کەرکووک،
سەرەتا دەمەوێ بڵێم: زۆر دڵخۆشم بەوەی دەستە و گرووپی ھاوردەی شۆڤێنی، ناڕازین بە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک. ئەو ڕەفتارەیان وادەکات دۆست و نەیار ددان بەو ڕاستییەدا بنێن، ئەوە پارتییە، بۆتە مەترسی بۆ سەر شۆڤێنییە ھاوردەکان و ئەوانەی گەرەکیانە ڕەگوڕیشەی
کوردستانیبوونی کەرکووک ڕیشەکێش بکەن. لێ لە بەرامبەر ئەو ناڕەزاییە، حەتمەن ئەگەر بە ئاشکراش نەبێ، بەھۆی ھزری خێڵەکیانە و شەڕانگێزانەی گرووپە دەستڕۆیشتووەکان، ڕۆڵەکانی کەرکووک و خەڵکی ڕەسەنی شارەکە لە ناخی خۆیاندا دڵخۆشن بە گەڕانەوەی پارتی، کەواتە ئێستا پارتی خاوەن قورسایی و سەنگی خۆیەتی ، چ لە لای ئەوانەی دژی کوردستانیبوونی کەرکووکن، چ لەلای ڕۆڵە بەوەفاکانی کەرکووک. خاڵێکی تر کە شیاوی باسە ئەوەیە، ئایا باوەڕ و خۆشەویستی و سۆز لە بارەگادایە یان لە دڵ و دەرووندایە؟ لە ھەلومەرجێکی ئاوادا ھێزی ڕەسەن و خاوەن پێگە و کاریگەر، ئەو ھێزەیە ڕەگی بە ناخی خاک و دڵ و دەروونی خەڵکدا ئاژۆ بووبێ، واتا ھێزی کاریگەر دیوەخانی دەروونی تاک دەکاتە بارەگا، ھەر لە دەروون و بیرکردنەوەی تاکدا بناغەی کۆشکی ھیوایەکی نوێ ھەڵدەچنێ.
پێموایە مادام پارتی جێگای مەترسییە بۆ عەرەبی شۆڤێنی ھاوردە، مادام پارتی بۆتە مۆتەکە بۆ ئەوانەی پشتاوپشت چاویان بڕیوەتە کەرکووک، لۆژیک پێمان دەڵێ؛ دەبێ بۆ خەڵکی ڕەسەن بە ھەموو دەنگ و ڕەنگەکانەوە پارتی جێگای ئومێد بێت، دەبێ وشیاری دەنگدەری تاکی کەرکووکی سنووری عاتیفەی حزبی تێپەڕاندبێ و لێرەوە پشتیوانی لە ھێزی کاریگەر و خاوەن پێگە بکرێ، ئەوە بۆ کەرکووکیەکان و تەواوی ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان دەبێ وەک ئەرکێکی نیشتمانی لێکدانەوەی بۆ بکرێ، چونکە مانەوەی خاک و شوناس و سەروەری پێوە بەندە، دەبێ دەنگ بە ھێزی کاریگەر بدرێ، ئەرێ ھێزی کاریگەر کێیە؟ ئەو ھێزەیە، دەستی بەکڵاوی خۆی گرتووە و لە بەرامبە تەعریبی نوێ و ڕەفتاری راسیزمیانەی عەرەبی شۆڤێنی بێدەنگی ھەڵبژاردووە؟ یان ئەو ھێزەیە، داگیرکەر و شۆڤێنییەکان، بە مەترسی دەزانن لەسەر نەخشەڕێگا و بەدیهێنانی ئامانجە گڵاوەکانیان؟ حەتمەن ئەو ھێزەیە دووژمن لە بوونی دەترسێ ئێستا دەرکەوت، ترسی شۆڤێنییەکان لە گەڕانەوەی پارتی، لە سۆنگەی تێگەیشتنیانە لە باوەڕ و ئیرادە و ڕوئیای پارتی بۆ کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکان، لەلای من گەڕانەوەی پارتی یان نەگەڕانەوە گرنگ نیە، ئێستا مادام پارتی بۆتە فۆبیا بۆ ناحەزانی کورد و کەرکووک، ئاشکرایە پارتی لە ناخ و دەروون و ویژدانی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکەدا ھەیە، ھیوادارم داخ لەدڵەکان زیاتر بڕژێنە سەر شەقام لە دژی گەڕانەوەی پارتی، تا زیاتر بیسەلمێنن ئەوە پارتیە شکۆ دەگێڕێتەوە، بۆیە دەبێ ئەوان بترسن، ئێستا پارتی بەدوو شێواز لە کەرکووکە شێوازی یەکەم: مادام ترسی خستۆتە ناخی شۆڤێنییەکان، وەک ترس پارتی لە کەرکووکە.
شێوازی دووەم: وەک زەروورەت و خۆشەویستی خەڵکی ڕەسەن چونکە پارتی ئومێدی بە ئەوان بەخشیوە و ترسیش بە عەرەبی ھاوردە، کەواتە پارتی دووجار لە کەرکووکە.