چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

عێراق بە ئاو تینوویەتیەکەی دەشکێ و، تورکیا بە نەوت

ھۆشیار سیوەیلی

ئەڵێن جەنگی شەش ڕۆژەی ساڵی ١٩٦٧ لە نێوان عەرەب (میسر) و ئیسرائیلدا بە هۆی ڕووبارە بچووکەکەی ئوردنەوە بووە و هۆکارێکی گرنگی داگیرکردنی گردی جۆلان لە لایەن ئیسرائیل و مانەوەی لەو گردە بۆ ئەوەیە پارێزگاری لە سامان و سەڕچاوەکانی ئاوی خۆی بکات. ئەگەر جەنگ لە نێوان میسر و سووداندا ڕوو بدات ئەوا لەسەر ئاوی ڕووباری نیل دەبێت. ئایا ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ هەیە لە نێوان تورکیا و عێراقدا لەسەر ئاوی دیجلە و فورات؟ دوایی وەڵامی ئەم پرسیارە دەدەمەوە.
عێراق یان مێسۆپۆتامیا، (وڵاتی نێوان دوو ڕووبار)، مەڵبەندی شارستانی و ئیمپراتۆریەتە کۆن و گرنگەکانی وەک سۆمەر و ئەکەد و بابل و ئاشوور بووە و یەکێکە لەو ناوچانەی جیهان کە یەکەم جار کشتوکاڵی تێدا کراوە. ئەم ناوچە بەپیتە خەریکە نەک دارخورماکانی، بەڵکو مرۆڤەکانیشی لە تینوویەتیدا دەخنکێن. هۆکاری ئەمەش بە پلەی یەکەم لەبەر گۆڕانی کەشوهەوا و گەرمداگەڕانی جیهانە کە بووتە هۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمبوونەوەی دابارین. بە پلەی دووهەمیش گرتنەوەی ئاوی ئەو دوو ڕووبارەیە لە لایەن تورکیاوە بە پلەی یەکەم و لە لایەن ئێرانەوە بە پلەی دووهەم؛ ئەو دوو وڵاتە چەندین بەنداوی گەورە و مامناوەند و بچووکیان لەسەر ڕووبارەکاندا دروست کردووە؛ عێراق بۆتە قوربانی دەستی سروشت و سیاسەت. بە پێی توێژینەوەکان عێراق یەکێکە لەو پێنج ناوچەیەی جیهان کە گۆڕانی کەشوهەوا خراپترین کاری تێ کردووە و بەرەو خراپتریش دەچێت و هەڕەشەی گەورە بۆ سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک لە عێراقدا دروست دەبێت. ساڵانێک لەمەوبەر لە کاتی دانانی بەردی بناخەی پرۆژەی زەبەلاحی (گاپ)ـدا، سلێمان دیمیریل وتی ئاو و نەوت سامانی سروشتین و وەکچۆن ئێمە بە عێراق ناڵێین چۆن سوود لە نەوتەکەی وەربگرێت، نابێ ئەوانیش بە تورکیا بڵێن چۆن سوود لە ئاوەکەی وەربگرێت. ئەم پەیامە ڕوونە. پێویستە عێراق بڕی پێویستی ئاو لە تورکیا وەربگرێت لە ڕێگەی جەنگەوە بێت یان دیپلۆماسی. بێگومان عێراق ناتوانێت بەرامبەر هئزی تورکیا وەک ئەندامی ناتۆ بوەستێ، بۆیە ناچارە سازش بکات و بڕێکی شایستە نەوت بداتە تورکیا بە نرخێکی گونجاو و، کرێی گواستنەوەی نەوتەکەش لە هەرێمەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان لە ڕێگەی تورکیاوە زیاد بکات.