ھۆیە‌كی سە‌رە‌كیی دژایە‌تیكردنی ھە‌رێم

عارف ڕوشدی

بەهێزیی ژێرخانی هەر وڵاتێک، ئاماژەیە بۆ سەقامگیریی سیاسی و کایە جۆراوجۆرەکانی ژیان. هەرێمی کوردستان بە پلان ڕوو لە بەهێزکردنی ژێرخانی وڵاتەکەمانە، هەر بۆ نموونە ؛ بێجگە لە هەردوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، سێ بەنداو و ٤٤ پۆند”زەریاچە” کاریان تێدا دەکرێت و تا ئێستا ٣ بەنداو١٠دەریاچە دروست کراون.

ئەمە لە کاتێکدایە، سەرەڕای بیست ساڵی دەسەڵاتداریی حکومڕانانی ئێستای عێراق و بودجەی سەدان تریلیۆنی بە هەدەر دراو، خەریکە هەرچی سەرچاوەی ئاوە لە عێراقدا وشک و پیس ! زەریاچەی حەمرین، زەریاچەی حەببانییە، زەریاچەی سەرسار و زۆنگاوەکانی خوارووی عێراق..

هەروەها گەشەکردنی کشتوکاڵ، گەشتیاری و پیشەسازیی لە هەرێمدا هەنگاو بە هەنگاو لە هەڵکشاندان. بە پێچەوانەوە لە عێراقدا لە ئاستێکی بەرزی پوکانەوەدان. ئەم جیاوازییەی نێوان هەرێم و بەغدا، هۆیەکی سەرەکی دژایەتیکردنی هەرێمە، بێجگە لە چەکەرەکردنی بیری شۆڤێنی و دواکەوتویی لە هزر و تێڕوانینەکانی دەستەڵاتداران.

جێی سەرسوڕمانە لایەنێک ئەگەر خاوەنی کەمێک بەرپرسیارەتیش بێت لەو بڕوایەدا بێت عێراق لە ڕیزبەندی وڵاتانێک دابنرێت ڕێز لەدەستوور و دابونەریتی دەوڵەتداری بگرێت. عێراق بەناو و بەرژەوەندی هێزگەلێک وەک دەوڵەت نمایش دەکرێت و لە باشترین ئاستدا دەوڵەتێکی شکستخواردووە. بۆیە سەمەرە نییە بەو شێوە نابەجێیە حکومڕانانی بەغدا هەڵسوکەوت لە بەرامبەر هەرێمی کوردستاندا دەکەن. وڵاتپارێزی باجی هەیە، پێویستە بە شانازییەوە خۆڕاگربین و سازش نەکەین لەسەر مافە ڕەواکانمان.