ئاوات محەمەد گەڵاڵی
هەر لەگەڵ کردنەوەی دەرگای قوتابخانە و وەرگرتنی قوتابیان، نیشانەی دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونی لەسەر دایک و باوک دەردەکەوێ، بەتایبەتی دایکان، چونکە زۆربەی منداڵەکان پشوویەکی درێژیان بە یاریکردن و خۆشی بەسەر بردووە کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی جیە (تەرکيز)ی قوتابیان و دوورکەوتنەوە لە خوێندنەوە و وانە و ئەرکی ماڵەوە؛ جا چەند ڕێنماييەکی گرنگ هەيە پێويستە دايکان و باوکان بۆ منداڵە قوتابیەکەیان ڕەچاوی بکەن؛
گرنگترينيان ئەمانەن:
١- پاڵپشتی منداڵەکەت بکە و ئەرێنی بە لەگەڵیدا و هانی بدە بۆ خوێندن و، نيشانی بدە کە چەند دڵخۆشی بە گەڕانەوەی بۆ قوتابخانە؛ بەجۆرێک خوێندن و قوتابخانەی لەلا بایەخدار بکە کە بە جوانی لێی بڕوانێ.
٢- سنووردارکردنی ئامێرە ئەلکیترۆنيەکان و تۆڕە کۆمەڵايەتيەکان و چاودێريکردنيان.
٣- فێری پاک و خاوێنیی بکە پێش چوونە قوتابخانە.
٤- ڕێکخستنی سيستەمی خەو و خۆراس (خواردن)، زوونووستن و سەحەرخێزی (زوولەخەوهەڵسان)، خواردنی بەسوود بخوات.
٥- هۆشت بە تەندروستیی منداڵەکەتەوە بێ؛ لەبەر ئەوەی لايەنی دەروونی و جەستەیی منداڵەکە ت بنچینەی هەموو سەرکەوتنێکە لە قوتابخانەدا، پێویستە منداڵەکە بە باشی ئامادە بێت بۆ ساڵی نوێی خوێندن، پێویستە چاودێری و پشکنينی ساڵانەی بۆ بکرێ. ٦- چالاکی جەستەیی و دەروونی لەسەر بنەمای ئەوەی کە دەڵێت (مێشکێکی تەندروست لە جەستەیەکی تەندروستدا) پێویستە دایکان پلانێکی باش دابنێن کە تیایدا منداڵەکەیان بتوانێت ئەو چالاکیانە بکات کە توانای جەستەیی و دەروونی بەهێز دەکات و بە تەواوی پشت بە وانەکان و ئەرکی ماڵەوە نەبەستێت، گرنگترین لەو چالاکیانە شەترەنج، وێنەکێشان، مۆسیقا، مەلەکردن، غاردان (ڕاکردن) و ئەوانی تر.
٧- قسە لەگەڵ منداڵەکەدا بکە و گوێ بگرە بۆی زۆر گرنگە بۆ دایک کە گوێ لە خەون و ئارەزووەکانی منداڵەکەی بگرێت و ڕێنوێنیی
بکات بۆ ڕێگای ڕاست.
٨- چاودێری جووڵە و هەڵسوکەوتی منداڵەکە ت بە لە قوتابخانە، دایک و باوکان پێويستە بەردەوام بەدواداچوون بۆ هەڵسوکەوتی منداڵەکانيان بکەن لە قوتابخانە یەکێکە لە ئەرکە گرنگەکانی دایک و باوکە، پێويستە بەردەوام
ئامادەی کۆبوونەوەی دایک و باوکان بن هيچ پاساوێک نەبێت بۆ ئامادەنەبوونتان.
٩- هۆشياری بدەرە منداڵەکەت کە ژيانی قوتابخانە جياوازە لە ژيانی ماڵەوە.
١٠- لە جێبەجێکردنی ئەرکی وانەکاندا فێری منداڵەکەت بکە پشت بە خۆی ببەستێت، با هەڵەش بکا؛ با فێر ببێت چۆن لە هەڵەکانی
خۆیەوە فێر ببێ.
١١- ڕێکخستنی خەرجیەکان؛ قوتابخانە پێويستی بە خەرجيەکی زۆرە؛ پێويستە پلانێکی دارایی بۆ خەرجيەکان دابنێت پێش دەستپێکی خوێندن.
١٢- خشتەیەک دابڕێژە بۆ منداڵەکەت؛ کاتی خوێندن کاتی ياريکردن و سەردانیکردن.
١٣- ئاگاداری لە پرۆگرامی خوێندن؛ پێویستە پرۆگرامی خوێندن ببینرێت، بۆ ئەوەی دایک بتوانێت بەردەوام ئاگاداری منداڵەکەی بێت، ئەمەش وا لە دایکەکە دەکات زیاتر ئاگاداری ئاستی ئەکادیمی و دەروونی منداڵەکەی ببێ. ١٤- ئامادەکردنی جلوبەرگ و پێداويستەکانی قوتابخانە دياريکردنی شوێنێکی گونجاو دانان و هەڵگرتنيان لەو شوێنە.
١٥- وا باشە کە شوێنێکی تایبەت بۆ خوێندن لە ماڵەوە دروست بکرێت. گرنگ نییە چەند بچووک بێت، گرنگە کە هەموو پێداویستی و ڕووناکیی پێویست بۆ توێژینەوەکە ڕێک بخەین.
١٦- زۆر گرنگە منداڵەکانتان هەر لە زووەوە فێری ئامانج و پلان بکەن.
١٧- لە ڕۆژی يەکەم وا باشترە خۆت بيبەی بۆ قوتابخانە چونکە هەستێکی ئارامی پێ دەبەخشێت.
١٨- وەک هاوڕێ بە لەگەڵیدا بەردەوام پرسياری لێ بکە دەربارەی هەست و کێشەکانی، تاکو يارمەتیی بدەی؛ پێی بڵێ هەست شتێکی ئاساييە لەگەڵ کات کاڵ دەبێتەوە. ١٩- دروستکردنی پەيوەندیی کۆمەڵايەتی لەگەڵ خێزانی هاوڕێی قوتابخانەی منداڵەکەتدا؛ ئەمەش يارمەتيت دەدات کە لەم ڕێگايەوە ئاگاداری هەڵسوکەوت و کێشەی منداڵەکەت
ببیت.
٢٠- فێری ڕاستگۆیی و میهرەبانی و دەستپاکی و هاريکاریی بکە لەگەڵ هاوڕێکانیدا تا کەسايەتيەکی جوان و باش لای هاوڕێ و مامۆستاکانی لیێ دروست ببێت، بە هيچ جۆرێک تانە لە هاوڕێکانی نەدات.