حەمەسەعید حەسەن
شیعر بەدەم گۆڕانەوە
(شاعیرێکی زمانلووسی بەساڵاچوو هەڵبەستی قەڵبی دەنووسی بە خەڵات و پایە پاداشتیان دایەوە شاعیرێکی کەمتەمنی قسەلەڕوو هۆنراوەی جوانی دەنووسی بۆسەیەکیان بۆ نایەوە.)
تامەزرۆییی بۆ ڕابردووی خاوێن و سادە، سەراپای بیرکردنەوە و نووسینی داگیر کردووم. جاران هەموو شتێک ئاسان بوو، ئەوی دژی ڕژێم بووایە، شۆڕشگێڕ بوو، ئەوی کلکی لەگەڵ داگیرکار گرێ دابا، ناپاک بوو، ئەوەی مانا و کێش و سەروای هەبووایە، شیعر بوو.
بەڕاســـت شـــیعر چییە؟ لەسۆنگەی چییەوە، بە دەقێک دەگوترێت شـــیعر و بە دەقێکی دیکە نا؟ ئەوە چییە شـــیعر لە نووســـینی دیکە جیا دەکاتەوە؟ ئایا ئەگەر پاشای شیعر ڕووتوقووت بوو، بە هەندێک فۆرمی سەیر و دەربڕێنی نامۆ پۆشـــتە دەبێتەوە؟ شیعر دەربڕینێکی سادەیە، ئەوەی لە ئاخاوتنی ئاسایی جیای دەکاتەوە، دەستتێوەردانێکی ئەفسووناوییە لە زمانەکەی. وشەی شیعری و ناشیعری بوونیان نییە، ئەوە ڕستەی شیعرییە، بڕیار دەدات، فڵان وشـــە شـــیعرییە یان نا. هاوسمان گوتەنی: “شـــیعر ئەو شتە نییە کە دەگوترێت، شێوازی گوتنی شـــتەکەیە.” بەلای (جان کۆهین)یشەوە، “شاعیر وشە دادەهێنێت نەک فیکر، هەر بۆیە گوتن پێوانەی
شاعیرێتییە نەک بیرکردنەوە.”
وەک چۆن ئەوە کێش و پاشبەند نین، شیعر دەخوڵقێنن، هەر وایش شیعر بە فەرامۆشکردنی کێش و پاشبەند لەدایک نابێت، ئەوە نییە زۆربەی ئەو پەخشانانەی بەناوی شیعرەوە بڵاو دەکرێنەوە، شیعریان تێدا نییە. ڕاستە شیعری سەرنجڕاکێش لە شێوەی نوێدا خۆی دەنوێنێت، بەڵام مەرج نییە، هەموو شێوەیەک لە دەربڕینی نوێ، شیعر بەرهەم بهێنێت.وەک چۆن ئەوە شێوازی دەربڕینە، کاری ئەدەبی لە نووسینی دیکە جیا دەکاتەوە، هەر
شێوازی دەربڕینیش شیعر لە کاری دیکەی ئەدەبی جیا دەکاتەوە.
فرای دەڵێت: “شیعری نوێیش وەک منداڵ، چاوی بە ڕووی جیهانێکدا هەڵدێنێت، پێش لەدایکبوونی هەبووە،” بۆیە کارێکی ئاســـایییە، خوێنەر شیعری نوێ لەبەر ڕۆشناییی خەسڵەتەکانی شیعری دێریندا هەڵبسەنگێنێت، بە شـــیعری کۆنی بەراورد بکات و لایەنە جوانەکانی دەقە دێرینەکان بکاتە پێوانە. کەواتە شـــاعیر لە سفرەوە دەست پێ ناکات، بەردێکی نوێ دەخاتە سەر دیواری شیعر، گوڵێکی نوێ لە گوڵزاری شیعردا دەگەشێنێتەوە، هەر بۆیەش شـــۆڕبوونەوە بە ناخی دەقدا، بەبێ ڕەچاوکردنی مێژووی لەدایکبوونی، هەڵســـەنگاندنی بەرهەمی
ئەدەبی کارێکی ناتەواو دەردەچێت.
شیعریش وەک منداڵ خاوەنی دایک و باوکی خۆیەتی، دیرۆکێکی درێژی هەیە و لەناکاو سەرهەڵنادات. شیعری نوێیش ڕێســـای تایبەتی خۆی هەیە، ئەگەرنا هەر چی نووســـینی نوێیە دەکەوتە خانەی شـــیعرەوە. من ئەو بۆچوونە پەســـەند دەکەم کە دەڵێت: “ئازادترین چەشـــنی داهێنان، زۆرترین کۆت و پێوەندی گەرەکە.” بەلای (هایدگەر)ەوە “دەقێک یان چەند دەقێکی دێرین، هەوێنی دەقێکی تازەن و شاعیر هەمیشە خەریکی ڕووخاندنی دەقە دێرینەکانە، تا بە بەردە چاکەکانی خانووی ئەو دەقە دێرینانە، دەقێکی نوێ بنیات بنێت. عەبدولوەهاب بەیاتی دەڵێت: “لە ئەزموونی دوورودرێژی شـــیعریمەوە ئەوە فێر بووم، شـــیعر گرنگە نەک شـــێوەی ئەدەبی. شـــاعیری ڕاستەقینە دەتوانێت بە هەموو فۆرمێک: ستوونی و کێشی پەنجە و پەخشان، خودی خۆی بهێنیتە
گۆ. گرنگ نووسینی شیعرێکی مەزنە، بەچاوپۆشین لە فۆرمی نووسین.