پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

چۆن ڕووبه‌ڕووی تاوان ببینه‌وه‌؟

دانا له‌تیف شوانی

تاوانی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە پرسه‌ گەورەکانی مرۆڤ لە سەدەکانی ئێستا و ئەوسایشدا؛ هه‌زاران و ملیۆنان كه‌سی تووش کردووە. پرۆسەی گەشەکردنی تاوانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لە هه‌رێمی كوردستان له‌ فراوانبووندایە، زۆربوونی تاوانی کۆمەڵایەتی دەکرێ بڵێین شیرازه‌ و دۆخی کۆمەڵگا تێک دەدات و، زۆربەی کات نۆرمەکانی كۆمه‌ڵگه‌ پێشێل دەکات. زیادبوونی نائاساییی تاوانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، نیشانەی قەیرانە و هەڕەشە لە سیسته‌می کۆمەڵایەتی دەکات. ڕەوتی گەشەسەندنی تاوانه‌ کۆمەڵایەتییەکان پێویستی بە دەستێوەردانی جددی و بیرکردنەوەی هەمەلایەنە و ئیرادەی هەمووان هەیە بۆ خۆپاراستن و دووركه‌وتنه‌وه‌ لێی. هه‌روه‌ها دەکرێ بڵێین هەر ڕەفتارێک کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لەگەڵ چاوەڕوانییە باوەکانی ئەندامانی کۆمەڵگادا نەگونجێت و زۆربەی خەڵک بە نادروست و ناپه‌سه‌ندی بزانن، جۆرێکە لە لادانی کۆمەڵایەتی. هەروەها هەر جۆرە کارێکی تاکەکەسی یان دەستەجەمعی کە نەچێتە چوارچێوەی بنەما ئەخلاقییەکانەوە، یان یاسا قەدەغەی کردبێت یان لە ڕووی ئەخلاقییە وە ناشیرین بێ، وەک فۆرمێک یان جۆرێک لە تاوان و لادانی کۆمەڵایەتی یان ڕەگ و ڕیشه‌ى لادانه‌ کۆمەڵایەتییەکان دادەنرێت. تاوانه‌ کۆمەڵایەتییەکان بریتین لە پرس، مەرج یان حاڵەتێک کە کۆمەڵگا وەک مەترسییەک بۆ سەر شێوازی ژیانیان یان ئاسوودەیییان دەزانێت، بۆیە دەبێت پلان بۆ کەمکردنەوەی بگیرێتە بەر. گۆڕانکاری زۆر کە بەهۆی هۆکاری جۆراوجۆر و ناتەبایی و گەشەی ناماددی و ناهەماهەنگی و ململانێی کولتووری و کۆمەڵایەتییەوە دروست دەبێت، کێشە لە گونجانی کۆمەڵایەتیدا دروست دەکات. بەپێی ئاماری بەردەست، ڕێژەی لادان و تاوانی کۆمەڵایەتی، ساڵانە 18% زیاتریش گەشەی کردووە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لادان و تاوانه‌ کۆمەڵایەتییەکان دیاردەی گۆڕاو و ڕێژەیین، ڕەنگە بەپێی کات و شوێن بگۆڕدرێن. هەرچۆنێک بێت، لە بابەتی لادانە کۆمەڵایەتییە هەرە باوەکانی کۆمەڵگای خۆماندا دەتوانین ئاماژە بکەین بە كوشتنی خه‌ڵک، شەڕانگێزی، خۆکوشتن، ئالوودەبوون، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، تاوانی دزی و دارایی، لەشفرۆشی و، هتد.
ئەوەی ئەمڕۆ لە کۆمەڵگایەکدا پێی دەوترێت لادان یان تاوان، ڕەنگە لە کۆمەڵگایەک یان سەردەمێکی تردا بە لادان نەزانرابێت. کاتێک کێشەکە لایەنی تاکەکەسی هەبێت، ڕەنگە پێویست بێت سوود له‌ كۆمه‌ڵناسه‌كان وه‌ربگیردرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی، بە گشتی ئەو کۆمەڵگایانەی کە لادان و تاوانی کۆمەڵایەتییان زۆرە، چەند تایبەتمەندییەکی سەرەکییان هەیە:

یه‌كه‌م/ جیاوازیی چینایەتی تیایاندا بەرچاوە و چینی مامناوه‌ند له‌و كۆمه‌ڵگایه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو لاواز و كه‌مه‌.

دووه‌م/ گۆڕانکاری خێرای کولتوورییان بەسەردا هاتبێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، كه‌ ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر ئاواره‌ى عه‌ره‌ب و سووری و خه‌ڵكی ئێرانی و تورک و نه‌ته‌وه‌ و ده‌وڵه‌تانی تری تیایه‌.

سێیه‌م/ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە بواری پەیوەندییەکانیاندا هه‌یه‌، تا ڕاده‌ و ئاستی په‌یوه‌ندیكردن له‌ نێوان هاوڵاتیان و خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ زیاتر بێت، كاریگه‌ری دەبێ له‌سه‌ر هاتنی دیارده‌ و لادان و تاوانی تازه‌.

لە لایەکی ترەوە، یەکێک لەو خاڵانه‌ى کە هۆکاری ئەم لادان و تاوانانه‌یه‌ بریتییه‌ له‌ نایەکسانیی ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەندێکجار مرۆڤ ڕۆڵی کۆمەڵایەتیی گونجاو لە دۆخەکەیدا نادۆزێتەوە. نەپابەندی بە ستانداردەکان و گومان لە ڕەسەنایەتییەکەی، نەپابەندی بە یاساکان و دواجار ڕاکێشان بەرەو لادانە و تاوانه‌ کۆمەڵایەتیییه‌كان دروست دەبێت. هەروەها ڕەنگە ئەو پرسە کولتووریانەی کە گەڕەکە گه‌وره‌ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بەڕێوە دەبەن، سەرچاوەی زۆرێک لە لادانەکان بن. هەروەها نایەکسانی مرۆڤەکان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان بە تایبەت لە شارە گەورەکاندا دەتوانێت لە ڕەهەندەکانی لادانەکاندا کاریگەر بێت. کێشەی زیادەڕۆیی لە کارکردن بەهۆی ململانێ و چاولێكه‌رییه‌وه‌ زۆرجار پەیوەندی سۆزداری و مرۆیی خێزانەکان لاواز دەکات و ئەم فاکتەرەش دەتوانێت زەمینەیەکی لەبار بێت بۆ ڕاکێشان بەرەو تاوان و لادانەکان. فاکتەرێکی تری زۆرێک لە فشارەکان کە بەهۆی هەژاری دارایی و نەبوونی دیدگاوە دروست دەبێت یان بەهۆی نەبوونی یان لاوازیی پەروەردەی دایک و باوک و ژینگەی نائەمنی خێزان و ناکۆکی و شه‌ڕی دایکان و باوکان بوونەتە هۆی دروستکردنی کەشێکی گرژ لەناو خێزاندا کە ئەویش سەرچاوەی زۆربەی لادانەکانه‌ بە تایبەت لە نێو گەنجان. لە هەندێک حاڵەتدا، کێشەی جەستەیی و دەروونیی مرۆڤ بۆ خۆی یه‌كێكه‌ له‌ هۆكاره‌كان و ئەم بابەتەش دەکرێت وەک یەکێک لە هۆکارەکانی لادان لە کۆمەڵگادا هەژمار بکرێت. بەڵام ڕێگای ڕێگەگرتن لەو لادانانەش دابەش کراوەتە دوو بەشەوە؛ زنجیرەیەک ڕەفتار کە ڕێگری لە ڕوودانی ئەو تاوان و لادانانە دەکات لە کورتخایەندا، کە پێیان دەوترێت ڕووکەشانه‌، لەوانە زیندان، کە ئەزموون سەلماندوویەتی کاریگەرییەکەی کاتییە و کاریگەرییەکی لەباری لەسەر کۆمەڵگا نابێت. بەڵام ئەگەر بمانەوێت لە درێژخایەندا ڕێگە لەم تاوان و لادانانە بگرن، دەبێ بە شێوەیەکی بنەڕەتی مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت کە زۆر فاکتەر بەشدارن لە تاوان لە کۆمەڵگادا، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا باشترین چارەسەر بۆ ڕێگەگرتن لە تاوان و لادانە کۆمەڵایەتییەکان بەکارهێنانی دەسەڵات و توانای خەڵکە لە چوارچێوەی یاسادا. بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری گشتی بە هەر شێوازێکی گونجاو، لەوانەش پێشكه‌شكردنی وتار، سیمینار، ئامادەکردن و دانان و دابەشکردنی بروشور دەتوانێت بەشدارییەکی بەرچاو بکات لە کەمکردنەوەی تاوان و لادانەکان. ئەوەی ڕوون و گرنگه‌ ئەوەیە کە تێچووی خۆپاراستن بە دڵنیاییەوە کەمترە لە تێچووی چارەسەرکردن؛ ژیرانە و مرۆڤدۆستانەتریشه‌. بۆیه‌ واباشتره‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ى ئاستی وشیارییان به‌رزه‌ خۆیان له‌ تاوان و لادانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بپارێزن.