ئیرادە‌ی بە‌ھێز،كلیلی سە‌ركە‌وتن

بەكر كەریم حەسەن

پاڵەوانی بۆكسێنی جیهانی (محەمەدعەلی كلای) دەڵێ “پاڵەوان بەرهەمی هۆڵی ڕاهێنان نیە، بەڵكو بەرهەمی ناخیانە و بریتییە لە ئیرادە و خەون و دیدگا”.
بێگومان ئیرادە بریتییە لە توانای كەسەكان لە خۆ بەدوورگرتن و لادان لە هاندان و بزواندنی كورتخایەن و كۆنترۆڵكردنی دەروون و ڕەفتار و كردار و تێپەڕاندن و زاڵبوون بەسەر بیركردنەوە و هەستە جۆراوجۆرەكان و پاڵنەرە نەویستراوەكان و لە هەمان كاتیشدا بریتییە لە سووربوون و توانای كەسەكان و بڕیاردان و كۆڵنەدان و بەردەوامی و وازنەهێنان بۆ بە بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانەی بۆی هەوڵ دەدات واتە ئیرادە بریتییە لە بڕیاری هەركەسێك كە بیەوێ كارێک بکات دەبێت بڕیار بدات، جگە لەوەی ئیرادە هەستێكە پەیوەندی بە ناخی كەسەكانەوە هەیە، بەڵام هۆكاری جۆراجۆری دەرەکی یارمەتیدەر و پاڵپشتیکەرن بۆ زاڵبوون و سەركەوتن و گەیشتنە ئەنجام. بۆ ئەوەی ئیرادەیەكی بەهێزمان هەبێت، پێویستە سەرەتا ئامانج دیاری بكەین و چیمان دەوێت چۆن بۆی هەوڵ بدەین و رووبەڕووی سەرجەم مەترسی و ڕاڕایی و دوودڵی ببینەوە و بەهێز بین و نەترسین و گەشبین بین و بڕوای تەواومان بە خودای گەورە هەبێت كەوا ماندوویەتی و كۆشش و ئەركی هیچ كەسێك بە فیرۆ نادات گەر زیانی خەڵكی تری تێدا نەبێت، لە هەمان كاتیشدا بڕوای تەواومان بە كەسانی ئازا و دڵسۆز و ڕاستگۆ و هەقبێژ و عەداڵەتخواز هەبێت، كە بەردەوام لەگەڵ هەق و ڕاستی بن و دژی ستەم و نادادی بن كەوا دەكەن بەردەوام بین و دەستبەرداری ئیرادە نەبین و ئیرادەمان بەهێز بێت. جودا لەوەش پێویستە بەردەوام رووبەڕوو بەرەنگاری هەموو فشار و پاڵەپەستۆیەك ببینەوە تێبگەین لەوەی كەوا ژیان سادە و ساكار و ئاسان نییە، بەڵكو ژیان بەوە خۆشتر دەبێت كەوا پڕیەتی لە هەوارز و نشێو و هەڵكشان و داكشان و تەنگژە و تەنگ و چەلەمە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بەردەوام ڕاهێنان بكەین لەسەر بەهێزبوونی ئیرادە و ئەویش سەرەتا لە سەركارە سادە و ساكارەكان و بە جێگەیاندنیان لە ماوەی كورتدا بەردەوام بین لە سەر ئەنجامدانی كاری تر و هەبوونی بەرهەمی جۆراوجۆر و هەوڵدانی بەردەوام، هەرگیز بیر لەوە نەكەینەوە كەوا دەستبەرداری خەونەكانمان بین و خۆمان بەدەستەوە بدەین، چونكە ژیان پێویستی بە بەردەوامی و هەوڵدان و سەركەوتن هەیە، هەموو ئەوانەش پێویستیان بە ئیرادەی بەهێز هەیە، ئیرادە هەردەم هاندەری مرۆڤە لەسەر بەردەوامیدان و كۆششكردن و خۆبەدەستەوەنەدان، هەرگیزاوهەرگیز بەرامبەر قورسی و سەختی و ناخۆشی و دژواری و تەنگ و چەڵەمە و بەربەستەكان دەستەوەستان نەوەستین بەڵكو هەوڵدان و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی خەونەكان و گۆڕینیان بۆ ڕاستی بە ئەوپەری بڕوا بوونەوە كە هەمووی دەبێتە وانە و ئەزموون شارەزایی بۆ داهاتوو، دروستبوونی كەسێكی بەهێز و پۆڵایین و نەچەماو و بەرامبەر سەرجەم سەختییە لابەلاكان. هەمیشە ئیرادەی بەهێز كلیلی سەركەوتنە ئانە، هیچ شتێک نییە بە ناوی مەحاڵ گەر خاوەن ئیرادەیەكی بەهێز و بڕوا و متمانەیەكی بەهێز بیت بەرامبەر بە خودا و كەسانی دڵسۆز و ڕاستگۆ و دوور لە بەرژەوەندی، هەر ئەوەشە ئەڵمانییەكان دەڵێن “لە كاتی هەبوونی ئیرادەی بەهێز پێیەكان دەبنە باڵ”. لەوەشدا هۆكار و پاڵپشتی زۆرن هەربۆیە كە ئیرادە هەبوو هۆكار و ئامراز وهەوڵدان و باوەڕ بەردەست دەبن.