چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

لە 77 ساڵیادی پارتیدا. نووسین بە فۆڕمێكی جیاواز

فازڵ میرانی

نامەوێ شتێك لەبارەی حزبمان بنووسم، كە زۆرینەی خەڵكی دەیزانن، بە نموونە مێژوو و شوێنی دروستبوون و هەڵبژاردنی مستەفابارزانی لە ساڵی 1946 وەك یەكەم سەرۆك، كاتێك جەنابیان لە یەكتێتیی سۆڤیەت پەناهەندە بوون و یەكەم كۆنگرەی پارتی لەسەردەمی حوكمی پاشایەتی لە بەغدا بەست.
ئەوەی لە دەسپێكەوە بە خێرایی ئاماژەم پێ كرد، تەنیا بۆ چەسپاندن و دڵنیاییدانە، نەخاسمە كە پێشمەرگە و كادیری ئەو حزبەم و لە یادی رۆژی لە دایكبوونیدا لەسەری دەنووسم.
دەمەوێت پەیڤەكانم ئاراستە بكەم، داوا لە نووسینگەی ڕۆژنامەوانی دەكەم بۆ ئەم زمانانە وەریبیگێڕن كە لەگەڵیاندا دەژین و سەروكاریان لەگەڵ دۆزی ئێمەدا هەیە، دۆزێك ئێمە ڕێگەچارەمان بۆ دۆزییەوە و ئەوانی دیكەیش مەرگەساتیان بۆ خولقاند، هەڵبەت خەبات و تێكۆشان و هەوڵی ئێمە لە پێناو چاككردنیدا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، كە لە نێوخۆیدا فرەچەشنی نەتەوەیی و ڕەگەزی تێدا گەڵاڵەبووە، هەمان ئەوەی مستەفا بارزانی ڕێگەی بۆ خۆش كرد.
پارتی دیموكراتی كوردستان خودان سەركردایەتییەكی وشیارە، بەردەوام پێش زەمەنی خۆی كەوتووە، بەڵام لە كاردا واقیعبینە و پێش ڕووداوەكان ناكەوێت، بە جۆرێك، كە خەڵكانی دیكە لێیان وەزەحمەت بكەوێت و پێیان هەزم نەكرێت. لە هەمان كاتدا ئەگەر بڕیارەكە پێوەندیی بە چارەنووسی گەلەكەمانەوە هەبێت، لە ڕاستكردنەوەیدا سڵ ناكاتەوە. ئێمە وەك حزب بەرنامەیەكمان داناوە، لە پرسە چارەنووسسازەكاندا هەڵوێستی یەكلاكەرەوەمان هەیە، بە هیچ شێوەیەك قبووڵ ناكەین كەسێك بە میزاج و وەهمی زەعامەت حوكمڕانیی گەلانی عیراق بكات.
هەرگیزا و هەرگیز ڕۆژێك لە ڕۆژان بەرانبەر خودا و ویژدان و گەل و مێژوو هەڵوێستێكی شەرمەزارانە بەرانبەر بەهای قوربانییەكانی گەلەكەمان نانوێنین، بەهای قوربانییەكان ژیانێكی باشترە، دادگەرییە، یەكسانییە، ئازادی و ئاشتییە.

دژە دیموكراسی
ئێمە ڕێگەی دیموكراسیمان گرتەبەر، كۆشاین لە ناخەوە ڕیشەی داكوتین، بونیاتی دیموكراسی لە خاكێك بە ئاووهەوای دژەدیموكراسی پێگەیشتبێت، كارێكی سەختە، لێ مەحاڵیش نییە. گەلانی ئازادیخواز ئەگەر نەفامییان بە مەعریفە و پەڕگیرییان بە مەدەنیبوون و دەمارگیرییان بە یەكتر قبووڵكردن و تاكڕەوییان بە ئاڵۆگۆڕی دەستەڵات نەگۆڕبێتەوە، ئایدۆلۆژییان تێكەڵ بە فرەجۆری مرۆڤ و هەمەچەشنی بوون نەكردبێت، نەبوون بە گەلی پێشەنگ. هەر لەبەر ئەمانە و چەندان هۆكاری دیكە، خەباتی ئێمە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەكەمان و حزبدا بە قەد هەموو سووچ و لایەنەكانی ژیانی خەڵك بووە، فەرموون لە شۆرشی ئەیلوول بڕوانن و لێی بكۆڵنەوە، دەبینن تەنیا فرەچەشنی میللی نەبووە، بەڵكوو كار بۆ ڕاستكردنەوەی چەمكگەلی هێزە میللییەكان كراوە و خوێنیان بەخشیوە لە كۆمەڵگەیەك زۆرینەیان پێشمەرگەبوون و بەرگرییان لە دواڕۆژی كوردستام كردووە، كە عەسكەرتار بەخەیاڵی ئەو دەستەڵاتەی پێیگەیشتن هەوڵیاندا لەناوی ببەن، هەڵبەت بەو كودەتایانەی ئەوسا لە ناوچەكەدا زاڵ بوون.
شانزەی ئابی 1946 تا شانزەی ئەم ساڵ، وێنە و دیمەنێكی جوانە بۆ هەڵقووڵینی ڕووباری بەها و كار، بەسەر كەناریەوە گەلەكەمان ئاهەنگ دەگێڕێت، ئێمە ئەمە بە ڕووداوێكی حزبی لە قەڵەم نادەین، ئاخر خۆ شۆڕشی ئەیلوول هەر لەبەر ئەوەی لە لایەن گەلەوە بە سەرۆكایەتی بارزانی دروست كراوە، موڵكی حزبی نییە، بەڵكوو یەكەمین و خێراترین و بەهێزترین و نوێترین بزووتنەوە بووە، كە ڕووبەڕووی هێزی سەربازی بووەستێت، كە ویستی گەلانی عیراق دەستەمۆ بكات و لە مافی ژیان و هەڵبژاردن دووریان بخاتەوە. بواری سەربازی هەر چەند پێویستە، بەڵام خۆ ژیانی مرۆڤایەتی هەر سەربازی و سەربازگە نییە، هەموویشی جەنگ و هەرا نییە، ئەی چی ئەگەر چوارچێوەی فكری سەرۆكی وڵات لە فكری ئەفسەر و سەربازێك تێپەڕ نەكات! ئێمە سیستەمی ئەوانمان تاقی كردەوە، بینیمان چۆن وێنەكەیان شێواند و بە بۆردومان و گۆڕی بە كۆمەڵ، كۆتایییان پێ هێنا.

سەپاندنی شەڕەكان
حزبی ئێمە بۆ ئەوە لە دایك نەبووە شێوەی وەك بزووتنەوە سەربازییەكان دەركەوێت، شەڕەكانمان بەسەردا سەپیون، خۆ چەكداركردنی ئێمە بۆ بەرگریكردن و پەلاماری ئەو عەسكەرتارییە بووە كە كێڵگەكانمانیان مینڕێژ كرد، گەلەكەمانیان كیمیاباران كرد، هەزاران كەسیان ڕاپێچی گۆڕە بە كۆمەڵەكان كرد، دووبەرەكییان لەنێو كوڕگەلی یەك ماڵ دروست كرد و خەڵكیان بە پارەوپوولی گەل فریودا و بە گژ یەكیان دادان، پاشان بۆ زاڵبوون بەسەرماندا گەمارۆی داین و ئاو و خاك و سەروەری هەراج كردین. ئێمە شارستانین و لە دژواترین هەلومەرجەكانیشدا كارمان بۆ بەردەوامی شارستانیەت و ڕەفتاری بەرزی مرۆڤانە كردووە. ئەخلاقی بارزانی ڕێگەی نەداوە ئەسیرێك ئازار بدرێت و مومتەلەكات و دامودەزگەی پەیوەست بە خزمەتكردنی ژیانی خەڵك زیانیان پێ بگات.
هەموو هەوڵێكمان داوە شەڕی بەرگیریكردنی ئێمە لە هی پەلاماری دوژمن نەچێت، قەڵەم و مامۆستا و دەرمان و منداڵ و خواردن و هونەر و ئایین و فرەجۆری.. هەموویان بە بێ سەپاندن و زۆرلێ كردن بوون، بۆ ئەوەی كۆمەڵگەمان تووشی ئەو دوژمنكارییە و ڕقەكارییە نەبن، كە دوژمن بۆ تێوەگلانی خەڵك لە تاوانكاری دەیكرد. شانزەی ئاب، شۆرشی گوڵانە لە دوای نسكۆ و خیانەت. شانزەی ئاب، پەیماننامەی ئازارە، كە لێیەوە ویستمان بڕیاربەدەستان واز لە خۆپەرستی بهێنن و دەستی ئاشتی درێژ بكەن و فێڵ و تەڵەكەبازی وەلانێن. پارتیمان لە كوردستانی دابەشكراو خاوەن یاسا و ڕێسای خۆیەتی، هیچ هەوڵێكی سیاسی و نیشتمانی نادیدە ناگرێت و قسووریش ناكات. جدی و سەرڕاستانە بۆ پاراستنی سەلامەتی گەلەكەمان تێدەكۆشێت.
شانزەی ئاب ڕاپەڕین و دامەزراندنی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانییەكانە، بیناسازی و كاری بەردەوامە بۆ پەخشكردنی هەناسەی ژیان بۆ ئەو جومگانەی لە كاركەوتوون، یان تێكچوون، یان كزۆڵ بوون.
فەرموون، بەڵگەنامەکان بخوێننەوە، لە شایەتحاڵی تاکەکەسی و دەستەجەمعی ڕامێنن، ببینن و و حوكم بدەن چۆن ڕاسپاردەكانی بارزانیمان جێبەجێ كردووە، ژیان بەر لە ئابی 1946 چۆن بوو، دواتر كوردستان و عێراق چی لێهات، لە بەرهەمی كاری ئێمە بڕوانن، ئێمە تفاق و كەرستەیەكی سادە، ئەوانیش بە هەموو داهاتی وڵات. كوردستان دوای ڕاپەڕین چۆن بوو، ئێستا چۆنە، ماوەكە چەندە، كێ بوو ڕێگری لە پێشكەوتن دەگرت و چڵكی گوناهی خۆی بە ئێمە دەسڕی.
هەرگیز حزبەكەی بارزانی ڕۆژێك لە ڕۆژان كەمترخەمی لە دروستكردنی ڕۆژانێك نەكردووە كە گەلەكەی ئاهەنگی بە بۆنەوە بگێڕن، ئێمە لەوانە نین بە وەهم شتێك دروست دەكەن و بە پڕوپاگەندە گەورەی دەكەن و دواتر دەسڕێنەوە.
پەیامی بارزانی لە بنیاتنانی مرۆڤی کورددا دەرگایەکی نەهێشتەوە لێی نەدات و ئەوەی بەسوودە بۆی دابین كرد، لە لەدایک بوونەوە تا یەكەم قۆناغەكانی ژیان، دواتر چاودێری و ئامادەسازی، وەبەرهێنانی. هەموو چینوتوێژەكانی كۆمەڵگە جێگەی بایەخی ئێمەن.
شانزەی ئاب جووڵانەوەیەكی عێراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بوو، كوردستانی كرد بە شوێنێكی ئارام بۆ هەموو ئەوانەی بانگەواز بۆ ژینگەی یاسایی دەكەن و كوردستان دەكەن بە پەناگەی برایەتی و ئاراستەی كاری دەستە نێودەوڵەتییەكان.
ئەمەی خرایە ڕوو، پوختەیەك لە وێستگەكانی ئەو حزبە بوو، ئەو حزبەی بەردەوام داوا لە ئەندام و لایەنگر و دۆستانی دەكات زانست بكەن بە چەكی خۆیان و خاكەڕایی بكەنە ڕەفتاری جوانیان، لە مامەڵەكردن لەگەڵ خەڵكدا، قوربانی بۆ ئەوانی دیكە بكەن بە هەڵوێست.
ڕۆژی دروستبوونی حزب پیرۆز بێت لە سەرۆك مەسعوود بارزانی، كە هاوكات ڕۆژی لە دایكبوونی ئەویشە.
شكۆداربێت یادی عەترپڕژینی مەلامستەفا بارزانی و ئیدریسی بارزانیی هەمیشە لە یاد، ئەو سەركردانەی لەپێناو كورد و كوردستاندا ژیانی خۆیان كردە قوربانی.
سەربەرزی بۆ شەهیدانی گەل و حزب، سەربەرزی بۆ پێشمەرگە و سەركردە و ئەنفالكراو و قوربانیانی ئەشكەنجە و دەربەدەركراو و تەهیجری بارزانی و فەیلییەكان.
زۆر سوپاس بۆ هەموو دۆستانی گەلەكەمان لە هەر كوێ هەن، ئەو دۆستانەی لەگەڵ ئێمەدا دژ بە دوژمن و پڕوپاگەندەی درۆینەی ئەوانە وەستانەوە، كە ویستیان لە هەموو هاوسۆزییەك دامانبڕن.
لەسەر هەمان پەیمانی ڕێبازی ئەو قوتابخانەیە دەمێنینەوە، كە پێشكەشی گەلەكەمانی دەكەین، ئەو ڕێبازەی بارزانی دایناوە و بووەتە جێنیاز و مەبەستی هەمووان.
یاخوا پیرۆز بێت لە هەموو ئەندامان و خوشك و برایانی حزب، ئەوانەی هێشتا لە كاردان و ئەوانەیشی خانەنشین بوون یان دوای ماندووبوونێكی زۆر پشوویان وەرگرتووە.
هیواخوازین سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكوومەتەكەی لەپێناو حزمەتكردنی گەل و مسۆگەركردنی بەیانییەكی باشتر وەك جاران دەستكراوە و بەخشندە بمێننەوە.

بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان