ئاسانكاری لە‌ ئیسلامدا

عومەر چنگیانی

وەکچۆن بیروباوەڕ و پرۆگرامی زادەی بیری مرۆڤ پڕە لە شتی جوان و بەهادار، بێگومان ئایینە پیرۆزەکەی ئیسلامیش کە حوکمەکانی ڕاستەوخۆ لە قورئانی پڕ لە بەخشش و فەرموودەی دروستی پێغەمبەرەوە سەرچاوەی گرتووە دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت – پڕیەتی لە بیری پیرۆز و پڕبەها، وەلێ کێشە لە ڕەنگدانەوەی دەقەکاندایە لە ئاکاری شوێنکەوتوواندا؛ ئێستا کە توندوتیژی بووەتە دیاردە و وێنای کۆمەڵگا، لە بۆردی باڵای ئامادەکردنی گوتاری هەینی، وامان بە باش زانی کە گوتاری هەفتەی ڕابردوو ٢٤ی محەڕەمی ١٤٤٥ بەرانبەر بە ١١ی ئابی ٢٠٢٣ تیشک بخەینە سەر چەمکی (ئاسانکاری لە ئیسلامدا) و منیش كردمە توێشووی گوتاری ٢١١ی سەر دوانگەی مزگەوتی خەدیجە کوبرا و پوختەیەکی دەخەمە بەر دیدی ئێوەی خۆشەویست.

بەرایی خوای گەورە لە بیستوهەشتەمین ئایەتی سوورەتی (نیسا) دا دەفەرمێ: “ئەڵڵا ویستی وایە کە کارتان لەسەر ئاسان بکات؛ مرۆڤ لاواز ئافرێنراوە.” ئاماژەکردن بە ئەو لاوازیەتیەمان پڕیەتی لە میهرەبانیی خوای گەورە، وەکچۆن لە پازدەهەمین ئایەتی سوورەتی (سەبا)دا کە باس لە شاری سەبا دەکات، دەفەرمێت: “بە ڕاستی بۆ قەومی سەبا لەنێو ماڵەکانیاندا نیشانەی گەورەییمان هەبوو، دوو باخی گەورە لە ڕاست و چەپیانەوە و، فەرموون لە ڕۆزیی پەروەرێنتان بخۆن و سپاسی بکەن؛ شارێکی پڕ لە خۆشی و میوەهات و باغ و گوڵستانە و پەروەرێنێکی لێبوردە”، کە بە پێوەری مرۆڤ بێت وا چاوەڕوان دەکرێت دوای باسی بەخششەکە، بفەرمێت گەر بە باشی ڕەفتار نەکەن، خوا تۆڵەی هەیە، وەلێ کە خواگیان خۆی دەزانێت کە خۆشگوزەرانی، لەوانەیە لادانیشی بەدوودا بێ، دوا لە مرۆڤ دەکا تا بەردەوام نەبێ
لەسەر سەرکەشی و، بەو شێوازە میهرەبانیی خۆی دێنێتەوە بیر. ئاسانکاری بریتیە لە ئاسانکردنی کار؛ دوور بێت لە تەنگی و چەقین؛ ئەو ئاسانکاری و ئاسانگیریە، مەبەستێکی هەرە گرنگی ئیسلامە؛ مرۆڤ هەندێ کات لە ژیاندا بەرگەی ئاستەنگ و تەنگوچەڵەمە ناگرێ و، پێویستی بە ئاسانکاری هەیە، جا چ لەسەر ئاستی تاک بێ یان کۆمەڵ، ئاسانکاری هێز و توانایەک بە مرۆڤ دەبەخشێ بۆ ئەوەی کارە دینی و دنیاییەکانی ڕاپەڕێنێت؛ ئاسانکاری ئەم دنیا و ئەو دنیای مرۆڤ خۆش دەکا و، مەیلەو خۆشبەختیی ئێستای دەبا و، بەرەو ڕزگاری و ڕەستنی دواڕۆژیش؛ هەندێ کەس حەزیان بە توندگیریە بە بیانووی وەرع و تەقواوە بەڵام دین ئەمەی پێ قبووڵ نیە، ئاسانکاری هۆکاری بەرەکەت و لێخۆشبوونی ئیلاهی و ڕێباز و مەنهەجی پێغەمبەری خودایش بووە (صلى اللە علیە وسلم). مەرجەکانی ئاسانکاری
ئاسانکاری کۆمەڵێک مەرجی هەیە کە هەندێکیان لێ باس دەکەین:

١- دەبێ فرمانەکە ئەوەندە قورس و ناخۆش بێ کە مرۆڤ بەرگەی نەگرێ؛ قورسیەکەیش نابێ خەیاڵپڵاو بێ بەڵکو لە واقعدا هەبێ.

٢- دەبێ ئامانج لەم ئاسانکارییە، نەهێشتنی ناخۆشی و قورسی بێ، نەک مەبەست لێی حەڵاڵکردنی حەرامکراوێک بێ. ٣- دەبێ ئەم ئاسانکاریە لە ژێر مەرجەکانی شەرع و ئەقڵ بێ. لایەنەکانی ئاسانکاری ئاسانکاری هەموو بوارێکی ژیانە ماددی و مەعنەوی و دینی و دنیاییەکەی داپۆشیوە، کە ئێمە هەندێکیان لێ باس دەکەین:

١- لە لایەنی شەرعیەوە؛ سووککردنی هەندێ ئەحکامی شەرعی بۆ نەخۆش و پیر و، رێبوار (ئەوانەی گەشت دەکەن) و هتد.

٢- لە لایەنی کۆمەڵایەتیەوە؛ سووککردنی هەندێ ئەحکام و نەریت کە ئاستەنگن لە بەردەم پرۆسەی هاوسەرگیریدا، ئەویش بە ئاسانکاری لە مارەیی و ماڵ و خانوو.

٣- لە لایەنی ئابووریەوە؛ ئاسانکاری لە مامەڵەکردندا کاریگەریەکی بەرچاوی هەیە لەسەر کڕیار و فرۆشیار و، بەرەکەت بەسەریاندا دەبارێت.