حەمەسەعید حەسەن
شیعر و ناشیعر
شیعر با کێش و سەروایشی هەبێت، دوای وەرگێڕان، هەرچەندە وەک پەخشان دێتە بەرچاومان، بەڵام شـــیعربوونی خۆی لەکیس نادات. شـــیعر دەتوانێت دەستبەرداری کێش و سەروا ببێت، بەڵام تا شـــیعر بمێنێت، پێویســـتی بە ڕیتم دەبێت. درێژدادڕی بەهێند نەگرتنی ڕیتمە، یان ڕاســـتتر کوژاندنەوەی ئەو کڵپەیەیە کە شـــیعر لە ناشـــیعر جیا دەکاتەوە. ئێستا کە خۆری سنووری نێوان شیعر و پەخشان ئاوا بووە، کڵپەی شیعری لەڕێی دەستگرتن بە وشەوە دابین
دەکرێت، ئاخر شیعری پوخت، هەمیشە زادەی کەمترین وشەیە.
دەســـتگرتن بە وشەوە، شـــاعیر لە ڕاســـتەوخۆیی دەپارێزێت، ڕاســـتەخۆیی خۆی تەنیا لە بڵندکردنەوەی دروشمدا نمایش ناکات، بەرجەســـتەکردنی هەڵچوون و گرژییە دەروونییەکانی شـــاعیریش، با لە بوارێکی ناسکی وەک ئەڤینیشـــدا بێت، هەر ڕاستەخۆیی لێ دەکەوێتەوە و جیاوازییەکـــی ئەوتۆ لەنێوان شـــیعر و نامەی دڵداریدا نامێنێت. شـــیعر لەوە مەزنترە بکرێتە ئامرازێک بۆ بەبادادانی ئەو خەمە ڕۆژانەیییانەی لە دەروونی شاعیردا پەنگیان خواردووەتەوە.
پەنابردنە بەر دەمامک، یەکیکە لەو ڕێگایانەی شاعیر لە ڕاستەوخۆیی دەپارێزێت.
چونکە شـــاعیر بێجگە لە زمان، هیچی دیکە شـــک نابات، نامەی شیعریی پێدا بنێرێت، بۆیە ناچارە زمان بکاتە پردێک نەک دیوارێک لەنێوان خۆی و وەرگردا. بەشێکی گرنگ لەوانەی بە نووســـینی (شیعر)ەوە ســـەرقاڵن، لەبری بنیاتنانی پرد، خەریکی ڕۆنانی دیوارن. وەک چۆن ئینســـان لە هەموو فەلســـەفەیەک پیرۆزترە، هەر وایش شیعر لە هەموو بیرۆکەیەک گرنگترە، بۆیە ئەو شاعیرەی هیچ شتێک نایبەستێتەوە بە خوێنەرەوە، ئەوەی دەینووسیت هەر جێیەک بێت شیعر نییە، ئاخر شیعر ئەوە نییە بنووسەکەی بە شیعری بزانێت، ئەوەیە شەیدایانی شیعر
دەرگەی ئامێزی دڵیانی بۆ دەکەنەوە.
ئایا هەر کەســـێک دەســـتی دایە نووسینی شـــیعر، دەتوانێت خۆیمان لێ بکات بە خەیام یان بـــە تاگوور و بانگەشـــە بۆ ئەوە بـــکات، خاوەنی دنیابینیی تایبەت بە خۆیەتی؟ شـــیعر کە خۆی پرســـیارە، ئایا خوێنەر ناچارە لە شـــیعردا بەدوای وەڵامە مەعریفی و فەلسەفییەکاندا بگەڕێت؟ ئێمە کە لە زۆربەی بوارە مەعریفییەکاندا هەژارین، ئایا خوینەر ناچارە، لە شـــیعردا بەدوای وەڵامە مەعریفی و فەلسەفییەکاندا بگەڕێت؟ یان لافی ئەوە لێ بدەین، شیعری نوێمان سەرچاوی مەعریفەیە؟ شیعر لە بۆشاییدا سەرهەڵنادات، دەشێت ئەستێرەی ئەم فیکر یان ئەو فەلسەفە، بەم یان بەو شێوە، بە ئاسمانی شیعرەوە بدرەوشێتەوە، وەلێ ئەوی شەیدای گەڕان لە دووی فیکر یان فەلسەفە بێت، وڵاتی شیعری بۆ ناگەڕێت، وەک چۆن ئەوی شەیدای شیعر
بێت، گۆران دەخوێنێتەوە نەک سیۆران.
فڵان بەرهەم لەســـەر شـــێوەی کۆن نووسراوە یان نوێ؟ بە کێشـــی پەنجە نووسراوە یان بە پەخشـــان؟ ڕۆمانتیکە یان کلاســـیک؟ واقیعییە یان سوریالی؟ بنووســـەکەی نەریتخوازە یان پۆستمۆدێرنیســـت؟ نەوەی نوێیە یان دێرین؟ گرنگ وەڵامی ئەو پرســـیارانە نین، ئەوە گرنگە بەرهەمەکە شـــیعرە یان نا، چونکە بەدرێژایی دیرۆکی شیعر، تەنیا دوو جۆر بەرهەم هەبوون:
شیعر و ناشیعر