ئە‌ركە‌كانی پارتی ئێستا و ئایندە‌

هاودەنگ فارووق

-٢-

پارتـــی لە ماوەی دوور و درێژی خەباتیدا ، بێجگە لە خەباتی فیکری و سیاســـی و میدیایی نهێنیدا ؛بە بەرنامەوە ، لەگەڵ هێزە سیاســـیەکانی عیراق و لەگەڵ دەوڵەت و حکوومەتەکانی بەغداو و وڵاتانی دیكەیشدا، خەباتێکی ســـەخت و دژوارو بگرە ئاڵۆزی دپلۆماسیشـــی وەک شێوەو ستایلێک لە تێکۆشان کردو لەو سۆنگەیەشدا ڕۆڵ و پێگەی خۆی لە ناو گۆڕانە سیاســـی و هاوكێشەكاندا لەبەرژەوەندی نەتەوەی كورد بە ڕوونی
دەستنیشان كردوە.

پارتی بە “سیاسەت ـــ ستراتیج” ی هاوسەنگ و واقیعبین هەنگاوی ناوە، هەمیشە دوور بووە له هەڵپە و هەڵەشەیی و سەرەڕۆیی و پەڕگیری.

هاوكات، خەباتی دوورودرێژی پارتی ئەوەی بۆ ســـەلماندووین كە مەرج نییە ئەو قســـە ڕاســـت بێت كـــە دەڵێت: كورد پشـــووی كورتە و زوو دەستبەرداری هەڵوێســـتەكانی دەبێت. بەپێچەوانەوە، پارتی سەرەڕای دەیـــان ســـاڵ خەبات و تێکۆشـــانی ســـەخت، نە خاوبووەتـــەوە و نە دەستبەرداری بچووكترین ئامانجی خۆی و نەتەوەكەی بووە.

لەمـــاوەی تەمەنی پارتیدا چەندین مۆدیلی حوكم و حوكمڕانی لەعێراق و ناوچەكـــە هاتن و تێپەڕین و كۆتاییـــان هات.. حزبێكی وەكو بەعس كە نوێنەرایەتی ناسیۆنالیزمی عەرەبی دەكرد و گەیشتە ترۆپكی دەستەڵات و جەبەروتی خۆی، لە دژایەتیی پارتیدا کەمایەســـیی نەهينا، لێ بەعس كۆتایی هات و پارتی هێشـــتا هەر سەرکەش و بڵند ڕاوەستاوە و مەرگی
دوژمنەكانی دەژمێرێت.