پارتی ، ھیوای نیشتمان و گە‌ورە‌تر لە‌ حیزبێكی سیاسی

د. ڤیان سلێمان

لە کاتێکدا یادی دامەزراندنی پارتی دەکەینەوە و ئەم بۆنە نیشتمانی شکۆدارە لە خۆمان و گەلی کوردستان پیرۆز دەکەین؛ هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی چارەنووسسازدا گوزەر دەکات و ئەرکی پارتیش قورستر و جیاوازتریشە لە ئەرکی سەرجەم حیزبە سیاسییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان. پارتی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، توانی
سنوورەکانی ناوچە و هۆز و زاراوەکان ببڕێت و بزاڤێکی ڕزگاریخوازی کوردستانی سەر ڕێ بخات. هەروەها یەکبوونێکی نیشتمانی لە نێوان گشت پێکهاتە ئایینی و ئیتنییەکان بێنێتە کایە و هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە و ئافرەتیش کە ڕەگەزی پەراوێز خراوی کۆمەڵگە بوو، بهێنێتە نێو بزاڤەکە. هەروەها لە دروستبوونی قەوارەی دەستووری و یاسایی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو بارودۆخە ناهەموار و ئاڵنگاری و پیلانگێڕییانەی کە بەرەوڕووی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە، پارتی پشکی گەورە و سەرەکی قوربانیدانی لە ئەستۆ بووە و هیچ کاتیش لە بەرامبەر هیچ هەلومەرجێکی سەخت و بۆ هیچ هێزێکی زۆردار و هیچ بەرژەوەندییەک سازشی نەکردووە. کاتێک دەڵێین پارتی پشکی سەرەکی قوربانیدانی بەرکەوتووە، بە دڵنیایییەوە هیچ زێدەڕۆیییەکمان نەکردووە، بەڵکوو زۆر جار لە بەرگری کردن لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان، پارتی تەنیا کەوتووە و هەر خۆی نوێنەرایەتی ئیرادە و بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستانی کردووە.
لە بەرامبەر هەموو ئەو فشار و پەستان و ئاڵنگارییانە، وەکوو جەنابی سەرۆک فەرمووی، پارتی وەکوو داربەڕووە، نە بە سوتان و نە بە بڕینەوە لەناو ناچێت؛ ڕەنگە پرسیار بێت لای زۆر کەس کە هۆکاری مانەوەی پارتی و بەهێزی و لە لووتکەدا مانەوەی دەبێت چی بێت، بە دڵنیایییەوە چەندین هۆکار هەیە، بەڵام هەرە گرنگترینیان، بوونی سەرۆک بارزانی وەکوو سەرکردەیەکی کارێزمی و ڕابەرێکی نیشتمانی و نوێنەری خواستی نەتەوەیی، کە هەموو کات لە ڕوانگەی بەرژەوەندی نیشتمانی کوردستانی سیاسەتی پارتی ئاراستە کردووە، بەو شێوەیەش گوتاری پارتی و هەڵوێستەکانی مۆرکێکی کوردستانییانەی هەبووە و هەیە، ئەمەش بنەمایە، چونکە لە بنەڕەتدا پارتی حیزبێکی خۆکرد و خۆماڵییە و لە شێوەی بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازییە نەوەک کاردانەوەی هەڵوێستێک و بارودۆخێکی تایبەت و دروستکراوی لایەنی دەرەکی و ئەجێندای جۆراوجۆر.

پارتی وەکوو حیزبێک کە بۆ ڕزگاری نیشتیمان دروست بووە و قۆناغی شۆڕش و خەباتی چەکداری ئەزموون کردووە هاوکات وەکوو حیزبێکی بەشدار لە پرۆسەی سیاسی و بنیاتنەری دامودەزگاکانی بەڕێوەبردن و حوکمڕانی لە هەر دوو باردا سەرکەوتوو بووە و هەموو کات نوێنەرایەتی خواستی گەلی کوردستانی بە هەموو پێکهاتەکانییەوە کردووە.
پارتی حیزبێکە توانای گەیشتن بە گۆڕانکارییەکان و تێگەیشتنی بۆ واقیعی کۆمەڵگە هەیە و نوێخوازە و باوەڕی بە ڕۆڵ و تواناکانی ئافرەت و گەنج و لاوان هەیە و خاوەن سەرمایەیەکی مرۆیی گەورەیە لە کادیری گەنج، پارتی لە کاتێکدا حیزبێکی بە ئەزموون و خاوەن ٧٧ ساڵ تەمەنی حیزبایەتییە، لە هەمان کات پارتێکی سەردەمیی و بڕوای بە خۆ نوێ کردنەوە هەیە و پەیڕەوی لە بنەماکانی دیموکراسی دەکات. پارتی ئەندامانی خۆی لە چوارچێوەی هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو و ئایدیایەکی هاوردە، ئاراستە ناکات.

پەروەردەی حیزبی پارتی پڕ لە بەهای مرۆڤانە و نیشتمانییە، فۆرمی حیزبایەتی لای پارتی لە حیزبەکانی دیکە جیاوازە و لە پشتی حیزبایەتی پارتییەوە ڕێبازێکی یەکسانیخواز و مرۆڤدۆستی بە تایبەتمەندی کوردستانیانە هەیە، دونیابینییەکە هەڵقوڵاوی بنەماکانی ڕێبازی پیرۆزی بارزانییە. کە هەموو جار جەنابی سەرۆک بیر و ڕوانگەی کادیرانی
پارتی بۆ ئەو بنەمایانە ئاراستە دەکات. پارتی لە سیاسەتکردن پەیڕەوی لە بنەماکانی مۆڕاڵ و ڕاستگۆیی لەگەڵ ڕوانگە و پەیامی خودی حیزب و کۆمەڵگەی کوردستانیش دەکات، هیچ کات ڕێگەیەکی ناپەسەند و دژ بە ئامانجە نەتەوەیی
و نیشتمانییەکان ناگرێتە بەر بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکی تایبەتی، تەنانەت قوربانی بە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەدات، لە پێناو ئامانجە نیشتمانییەکان، هەر خۆی سازشنەکردن لە ئامانجە نەتەوەیییەکان و نەکەوتنە ژێر باری خواستە هەرێمی و دەرەکییەکان، فاکتەری سەرەکی هەموو ئەو پەستانانەیە کە دەخرێنە سەر پارتی. بەئامانجکردنی پارتی بە بەردەوامی لەلایەن دوژمنانی کوردستان و هاوپەیمانی کردن لەگەڵ هەندێک لایەنی کوردستانی و تەنانەت خستنە گەڕی مەکینەیەکی گەورەی ڕاگەیاندن لەپێناو لەمپەر خستنە بەردەم بەرژەوەندییەکانی پارتی کە لە هەمان کاتیشدا بەرژەوەندی کوردستانە، چونکە لە مێژووی پارتیدا هەموو کات ئامانج و بەرژەوەندییەکانی هاوتای ئامانج و بەرژەوەندییەکانی کوردستان بووە. تەنانەت حیزبی وا هەیە، خۆی و بوونی لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی پارتی ڕاگرتووە، چونکە دژایەتی کردنی پارتی بە واتای دژایەتی کردنی پرسی ڕەوای خەڵکی کوردستان و ئامانجەکانی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانە، ئەم هۆکار و بنەمایانەیە و هی دیکەش دەتوانین بڵێین پارتی گەورەترە لە حیزبێکی سیاسی و هەر خۆی بزاڤێکی نیشتمانی جەماوەری ڕزگاریخوازە. ساڵیادی لەدایکبوونی جەنابی سەرۆک بارزانی و
دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە خۆمان و لە هەموو ئازادیخوازانی کوردستان پیرۆز بێت.