كاتێك منداڵەكەتان فەرامۆش دەكەن…!!\

شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی

فەرامۆشكردن بەهەموو پێوەرێكی هەڵسەنگاندن، بەلاوەنان و گرنگی نەدانە بەكەسێ جا گەورەبێ یا بچووك، لەوەشدا ئەوەی مەبەستمانە ئاماژەی پێ بدەین ئەو پشتگوێخستن و فەرامۆشكردنەی دایك و باوكە بۆ ڕۆڵەكەی، لەوەش تایبەت تر ڕۆڵی دایكە لەو فەرامۆشكردنەدا.
هەڵبەتە بەشێكی زۆر لە دایباب لەجیاتی دانانی بەرنامەی گونجاو و ئاوێتە بوون بەو جیهانەی واداخوازێ دایك و باوك وەك كارەكتەری سەرەكی لەستەیجی خێزان ڕۆڵی تێدا بگێڕێ كە دابینكردنی حەزو خولیاو ئارەزووەكانی منداڵ و تەرخانكردنی بەشێك لەكاتی خۆیانە تا بەو هۆیەوە چاودێری منداڵەكانیان بكەن و پەروەردەو پێگەیاندنیان بكەنە هەوێنی كارنامەی دروستكردنیان بەئاقاری جیهانێك لە ڕەوشتی جوان و بەهای بەرز كە لەداهاتوودا شانازییان پێوە بكەن. مەخابن هەندێ دایباب و بەدیاریكراوی دایكانێ كە زۆرترین كاتی خۆیان لەماڵەوە لەگەڵ منداڵەكانیان بەڕێ دەكەن، لەنەبوونی هیچ تێڕامان و دیدگایەك بۆ گۆشكردنی رۆڵەكانیان و لەولاوە پشتگوێ خستنیان لەڕووی پەروەردەو پێگەیاندنەوە كە ئەوەی زیاتر لەهەر شتێ لەسەری بوەستن، تەنها تێركردنیانە، تەنها دابینكردنی پێداویستیە سەرەكیەكانە لە جل و بەرگ و شوێنی حەوانەوەو خواردن و خواردنەوە.
لەوەشدا نەپڕژان یاخود لا نەكردنەوەو نەبوونی بەدواداچوون لەوەی چۆن منداڵەكەیان رابێنن لەسەر دەنگ بەرز نەكردنەوەو نەقیژاندن و تێكدانی جوانیەكانی ناو ماڵ و ئەو فەوزایەی هێمنی ماڵی شێواندووە و ….هتد.
جا ئەوەی بووەتە جێی سەرنج و قسە لەسەر كردن، دەركردن و بەڕەڵاكردنی منداڵە بۆ دەرەوە، بەڕەڵا وشەیەكی زۆر قورسە كە بۆ منداڵ وەك كەسێكی پاك و بێگەرد بەكاربێ، وەلێ وشەكە بەو مانایە گوزارشتی لێ دەكرێ بۆ كەسێ كە لەكۆت و زنجیر ئازاد كرابێ و لە بەندیخانەی ناو ماڵ دەركرابێ، هەر لەوروانگەوە زۆرێ لەدایكان بەلایانەوە گرنگ نییە ئەو منداڵە لەگەڵ كێ یاری دەكات؟ هاوڕێیەتی كێ دەكات و چی دەكات؟ گرنگ چوونیەتی بۆ دەرەوە، لەوەشدا زۆر جار كە پرسیاریان لێ دەكرێ بەتایبەت لەمیوانداریەكاندا، ئەوە ناشارنەوە، بێ پەروا دەڵێن: توخوا باسیان مەكە وا ئەوەندە سەرمان ئیسراحەتی كردووە كە چوونەتە دەرەوە، ئەوەش دەربڕینی ئەوپەڕی بێزاریانە بۆ ئەو منداڵەی نەیانتوانیوە بەكڵۆجێ رامیان بكەن، گۆشیان بكەن بەپەروەردەیەك كە ئەو قسانە نەكەن.
لەوەش خراپتر دایكانێ هەن منداڵەكانیان لەقۆناغی بنەڕەتی دەخوێنن، زۆر بەوە نیگەرانن دەرگای قوتابخانە دادەخرێ و پشووی هاوین دادێ، لێرەدا نیگەرانی و خەمخۆری و پەرۆشیان بۆ ئەوە نییە كە لەزانست و زانیاری دادەبڕێن، نیگەرانی و خەمخۆری و پەرۆشیان بۆ ئەوە نییە كە لەوجیهانە دادەبڕێن كە جیهانی پێكەوەیی منداڵان و مامۆستاو ژینگەی قوتابخانەیە. ەو دایكانە ئەوە ناشارنەوە حەز دەكەن زوو قوتابخانە بكرێتەوەو خۆشی و خۆشنوودی و دڵارامی خۆیان لەوەدا بەرجەستە دەكەن كە منداڵەكەیان سێ چوار سەعات لە قوتابخانەیەو لێیان دوورە، ئەو قسەیە زەنگێكی مەترسیدارو پەیامێكە ئەوەمان پێ دەڵێ: كاتێك پەرۆشی بۆ منداڵ نامێنێ، كاتێ خەمخۆری دەبێتە قسەی ڕووت و بێ كردار، نابێ گلەیی بكەن، دەبێ سەركۆنەو سەرزەنشتی خۆیان بكەن بۆ هەر دەرەنجامێكی چاوەڕوان نەكراو كە ئەو مناڵە پێی دەگات. چونكە ئەو دایك و باوكە ئامادەیی ئەوەیان تێدا نییە بۆ ڕەوشت و ئاستی زانینی مناڵەكەیان سەردانی قوتابخانە بكەن مەگەر بۆ كۆبوونەوەی دایبابان نەبێ كە پێش وەرزی یەكەم جارێك و دوای وەرزی یەكەم جارێكی تر ئەنجامدەدرێ و بەناچاری بۆ زانینی ئاستی زانستی منداڵەكەیان دەبێ بەشداری ئەوكۆبوونەوەیە بكەن كە زۆر جار هەندێ دایباب هەیە بۆ ئەوەندەیش ڕوو ناكە قوتابخانە، لەكاتێكدا رۆژ نییە بەبەردەم ئەو قوتابخانە گوزەر نەكەن، رۆژ نییە بۆ پێداویستیەكانی خۆیان نەچنە بازاڕ و نزیكترین شوێنی ئەو دەورووبەرە، كەچی ئامادە نین پێنج خولەك لەكاتی خۆیان تەرخان بكەن هەر لەسەرە رێی خۆیانەوە سەردانی ئەو قوتابخانەیە بكەن و لە منداڵەكەیان بپێچنەوە بزانن ئاستی خوێندنی چۆنە؟ ڕەوشتی چۆنەو ….هتد؟.
كاتێكیش منداڵەكەی دەكەوێ بەكۆڵێ گلەیی وگازەندەوە، بەدەم هەڕەشەو چاوسووركردنەوە، خۆیان وانیشان دەدەن زۆر لەخەمی منداڵەكانیاندان و ئەوە مامۆستاكانن غەدریان لێ دەكەن و مافی تەواویان پێ نادەن.. مرۆڤ دەبێ بەپەروەردەیەكی تەندروست و سەردەمیانە ئاڕاستە بكرێ، هەر شتێ فەرامۆش بكرێ، ئاكامەكان ئەوە نابێ كە ئێمەی دایك و باوك دەمانەوێ…!!

*سەرپەرشتیاری هاوڕێی ڕەخنەگر/ شارۆچكەی تەق تەق