گەشبینی ،چالاکێنەری بیروهزری مرۆڤ

بەکر کەریم حەسەن

جۆن گۆردۆن (به ئینگلیزی: Jon Gordon) نووسەر و رۆماننووس و شاعیری ئەمریكی دەڵێ “ئەو گەشبینەی ئەمڕۆ، ئاستی سەركەوتنی بەیانیت دیاری دەكات”.
گەشبینی، پیشبینیکردنی خۆشی و مژدەیە بۆ پاشەڕۆژ؛ وا لە مرۆڤ دەكات هەمیشە چاوەڕوانی باشتر بێت و بەردەوام پێشبینی ڕوودانی خێروچاكە و باشە دەكات، بەردەوام حەز و خواستی بەرەولای باشتردایە و چاوەڕێی ئەنجامی باشتر و چاكتر دەكات. كەسانی گەشبین هەمیشە بیروباوەڕیان وایە كە خێر و چاكە
لە ڕێیە و بەردەوام لە بیركردنەوەی ئەوەدان كەوا شتی خۆش و جوان بەڕێوەیە، بۆیە پێش گەشبینی بڕوا و باوەڕی جێگیر و نەگۆڕ هەیە كە لە كۆتاییدا دەبێتە خێر و، چاكە سەر دەكەوێ بەسەر خراپە و شەڕ و بەدیداری. توێژینەوە دەری خستووە كەوا هەمیشە ئەو كەسانەی
گەشبینترن، كەسانی ناوازە و نایابن، بە كردار و خێر و چاكە؛ سەركەوتنی كەسانی تریشیان لا مەبەستە.
بۆ ئەوەی ببینە كەسێكی گەشبین نابێت هەرگیز خۆمان بەراورد بكەین بە كەسانی تر و باوەڕی تەواومان هەبێت كەوا هەركەسێك كۆمەڵە ڕەوشتێکی باشی هەیە جیا دەكرێنەوە لەوانەی تر، بەڵكو ئەگەر خۆمان بەراورد كرد پێویستە لەگەڵ خۆمان بە ساڵانی ڕابردوو تا چەند توانیومانە پەرە بە خۆمان بدەین و ڕەوشتی باش و گونجاوی خۆمان پێش بخەین. پێویستە بەردەوام كەسانی ڕەشبین لە خۆمان دوور بخەینەوە، چونكە ئەو جۆرە كەسانە وزەی ئەرێنی و خۆش هەڵنامژن؛ وا تەماشای گشت لایەک دەكەن كە هەموو شتێ خراپە، بۆیە گرنگە بەردەوام كەسانی گەشبین لێمان نزیك بن و بەردەوام خۆمان ڕزگار بكەین لە وزەی نەرێنی، ئەمیش هەوڵ بدەین دوور بكەوینەوە لە خوێندنەوە و گوێگرتن لە بڵاوكراوە و ڤیدیۆی نەرێنی لە پێگە ئەلیکترۆنییەکان؛ هەوڵ بدەین گوێ شل نەكەین بۆ كەسانی نەرێنی و قینلەدڵ و ڕووخاو ئەوانەی چاویان بە پێشكەوتن و سەركەوتنی میللەتەكەمان و كەسە تاكەكان هەڵنایەت، گرنگە ناوە ناوە پەیوەندی بەو كەسانە بكەین كە بزە و پێكەنین دەخەنە سەر لێو و خۆشی دەخەنە دڵەكان. جودا لەمەش زەروورە بچینە دیداری كەسانی خۆشەویست،
ئەو كەسانەی مرۆڤ دڵی پێیان دەكرێتەوە یان پەیوەندی بەو كەسانەوە بكرێ كە مرۆڤ خۆشیانی دەوێت یان بیانبینێ؛ ئەوانە و چەندانی تر هۆكارن بۆ ئەوەی كەسەكان گەشبین بن لە ژیان، دوور بكەونەوە لە دوودڵێی و ڕاڕایی و ترس و داهێزران كە هەموویان هۆكاری لە ناوبردنی گەشبینین. هەر بە پێی توێژینەوەكان گەشبینی بیروهزری مرۆڤ چالاک دەکا؛ دەبێ خۆمان بە دوای گەشبینی و وزەی ئەرێنیدا بگەڕێین و بەدەستی بهێنین؛ نابێ بێهێز و لاواز و دەستەمۆ و ڕەشبین بین؛ دەستەوەستان نەبین؛ خۆمان بەدەستەوە نەدەین و، بیر لە ئازار و ڕابردووی تاڵ نەكەینەوە، جەخت لە ئێستا بكەینەوە؛ هەرگیز هەست بە لاوازی و بێهێزی نەكەین و تێڕوانینمان بۆ پاشەڕۆژ ڕوون بێت و بە گەشبینیەوە بڕوانینە پاشەڕۆژدا و گەشبینی بكەینە بەرنامە و پڕۆگرامی ژیانمان و خۆمان لا پەسند بێت، بەردەوام تێڕامان و تێڕوانینمان هەبێت بەرامبەر كۆسپ و تەگەرە سەختەكان بوەستین و جەخت لەسەر ئەنجامی ئەرێنی بكەینەوە، هەرگیز بیر لە خۆبەدەستەوەدان نەكەینەوە، بەردەوام بین و بە گەشبینینەوە ژیان بەڕێ بكەین.