حەمە سەعید حەسەن
نوێخوازی و داهێنان
ئێدیـــت کرۆزۆیل پێی وایە: چونکـــە کولتووری ئەمریکایییـــەکان، جیاوازە لە هی فەرەنســـایییەکان، بۆیە بونیادخوازی نەیتوانی لە ئەمریکادا بەهەمان شـــێوەی فەرەنسا گەشە بکات، ئاخر ئەمریکایییەکان مێژوو بە هەند ناگرن و چاویان بڕیوەتە داهاتوو، بەڵام فەرەنســـایییەکان گیرۆدەی دەســـتی ڕابردوون. ئایا کوردستان بۆ ســـەرهەڵدانی بونیادخوازی لەبار بوو؟ یان برەوی ڕێژەییی ئەو مێتۆدە لای ئێمە، لە لاساییکردنەوەیەکی
نابینایانەوە سەرچاوەی گرت؟
کەمال ئەبوو دیب کە وێنەیەکی شێواوی شتراوسە، دێت بە کەرەسەکانی ئەو، باسی شیعری ئیمرەئولقەیس دەکات، بونیادخوازی کوردیش بە کەرەســـەکانی کەمال ئەبوو دیب باســـی شیعری مەحوی یان نالی دەکات. کەمال ئەبوو دیب دەڵێت: “ئەوەی من لە بواری ڕەخنەی بونیادخوازیدا کردوومە، لەوە زیاترە فەرەنسایییەکان و هەموو ئەورووپایییەکانی تر کردوویانە.” هەر ئەم کەپووبڵندییە، وای لە مۆدیرنیســـتە عەرەبەکان کردووە، بڵێن: “ئینســـانی ئەم ســـەردەمە یان وەک ئێمـــە نوێخوازە یان کۆنەخوازێکی نەزانـــە.” خۆ بە نوێخواززانە
کوردەکان، لووتبەرزی و کەسانی دیکە بە جاهیل لە قەڵەم دان، لە برا عەرەبەکانیانەوە فێر بوون.
ســـەلەفیبوون تەنیا توند خۆبەســـتنەوە نییە بە دەقـــە دێرینەکانەوە، وەک تووتی گوتنـــەوەی بیروڕاکانی ڕۆڵان بارت و میشـــێل فۆکۆیش هەر ســـەلەفیبوونە، بەڵام بە ڕدێنی درێژ و شەرواڵی کورتەوە نا، بە قات و قەرەوێتەوە. ئەرســـتۆ پێی وابوو: ئەدەب ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعە نییە کە هەیە، وێنەکێشانی ئەو واقیعەیە کە دەشـــێت ببێت. یووتۆپیاکەی تۆماس مۆر ڕەخنەگرتن بوو لەو واقیعەی هەیە. شەکســـپیر لە (لیر پاشا) دا ڕەخنەی لە ئاسمان هەیە، ئەرستۆڤانیس خواوەندەکانی گریک دەداتە بەر ڕێژنەی لاقرتێ، نەزان کەسێکە
ئەوانە بە کۆنباو بزانێت.
مۆدیرنیزمـــی ئەورووپایی چەندان ڕێبازی لە چەشـــنی: ڕەمزی، تەعبیری، دادایی، ســـوریالی و بێهوودەییی بەخۆیەوە دیتووە، بەناڕەوا خۆ بە نوێخواززانەکانی کن مە، لاساییکردنەوەی لێ دەربچێت، چییان داهێناوە؟ چونکـــە بارودۆخی کوردســـتان و وڵاتانی ئەورووپا لە یەکـــدی ناچن، ئایا نووســـینی بەرهەمێکی خۆماڵی بەبایەختر نییە، لە کۆپیکردنەوەی وێنە شێوێنراوەکەی تازەگەریی ئەورووپایی؟ ئەوە ئاسانە ئەوانی دیکە، بە سەلەفی و کۆنخواز و نەزان لەقەڵەم بدەین، ئەوە سەختە بە کوردییەکی پوخت بەرهەمێکی نەمر بنووسین،
گرنگ داهێنانە نەک زێدەڕۆیی لە پیشاندانی لووتبڵندیدا.
ســـێرڤانتس: ساتیر، بۆدلێر: پەخشانەشیعر، ئالتۆســـێر: خوێندنەوەی نوێی مارکسیزم، سۆسێر: سیستەمی زمان، هایدگەر: هێرمێنیوتیکا، فۆکۆ: ئەرکۆلۆجیای مەعریفە، لاکان: دەروونناسی، شتراوس: ئەنترۆپۆلۆجیا، جاکۆپســـۆن: ســـیمیۆتیکا و ئێدوارس ســـەعید: ئەدەبی دوای کۆڵۆنیالیزم، بەڕاســـت مۆدێرنیستەکانی کن خۆمـــان، لـــە ج بوارێکدا داهێنانیان تۆمار کردووە؟ ئەوە لە پای چی کەپوو لە هەور دەســـوون! بەڕاســـت دەکرێت مرۆڤ هاوزەمان زوڕنا بۆ میر لێ بدات و خۆیشـــی بە نویخواز و داهێنەر بزانێت؟ ســـارتەر دەڵێت: نووســـەر دەبێت داکۆکی لە ئازادی بکات، ئاخۆ ئەوی داکۆکی لە ســـەرکوتکار بکات، نووسەرێکی نوێخوازە یان قەڵەموەشـــێن؟ با تازەگەری دژی لایەنە ڕۆشـــنەکانی بەرهەمە دێرینەکان نەبێت و لەبری ڕەتکردنەوەی کەلەپووری دەوڵەمەندی ئەدەبیمان، ڕێی دایەلۆگ بگرێتە بەر. با نوێخوازی ئامێزێکی نەرمونیان و گەرموگوڕ بێت و بەپەرۆشـــەوە چاوەڕێی بین، نەک لە ســـێبەریدا هەســـت بە نامۆیی بکەین. با نوێخوازی بەشداری لە
گۆڕینی واقیعی باودا بکات