گرێنتی مانە‌وە‌ی ھە‌رێمی كوردستان

ھاودەنگ فارووق

دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن و ئەو بایەخە نێودەوڵەتییە بۆ مانەوەی مەشرووعیەتی قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی كوردستان، واتای پشتیوانیی قەوارەی كوردستانە، بۆیە دەبێ هەموو گەلی كوردستان و لایەنەكان لەو پەیامەی وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریكا تێبگەن ومەزنتر بیر بكەنەوە. ئەگەرچی دڕكوداڵەكانی سەر ڕێگەی مانەوە و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان زۆرن، بەڵام فاكتەكانی مانەوە و گەشەكردنی كوردستان، زیاتر و كاریگەرترن. ئێمە بۆ تێگەیشـــتن لەو دۆخە، پێویســـتە دوور لە كۆنەقین سەیر بكەین و بەشێوەیەكی ورد دۆخەکان شیبکەینەوە و بەچاوی دووربین و ڕوانگەی باڵاتر ببینین. لە ڕاستیدا هەرێمی كوردستان چەندین فاكتەری سیاسی و جوگرافی و نێودەوڵەتی مانەوە و كارتی فشاری هەیە، هەر ئەوانەش زەمانەتی مانەوە و بەردەوامیی كوردستانن و تادێ ئەو قەوارە بەهێزتر دەبێت. بۆیە پێویســـتە ئەوانەی شـــەڕی ئیرادەی نەتەوەی كورد دەكەن، ئەوە بزانن كە هەرێمی كوردســـتان، خەڵاتی هیچ لایەنێكی دەرەكی و مەرحەمەتی هیچ یەكێك لە حكوومەت و حوكمڕانانی بەغدا نییە بۆ كورد، بەڵكوو ئەمە بەرهەمی خەبات و خوێنی سەدان ساڵەی گەلی كوردستان و ڕووبارێك خوێنی شەهیدەكانمانە. هەرێمی كوردســـتان شەرعییەتی قانوونی و دەستووری هەیە، هەر دەســـتبردنێك بۆ ئەو شەرعییەتە، مانای هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق و دەســـتكاریكردنی دەســـتوور و شێوازی دەوڵەتەكەیە و ئەوەش ئەســـتەمە، چونكە پێش ڕووخانی سەدام، لە كۆنگرەی سەلاحەدین و سەرجەم كۆنگرەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنی ئەوكاتەی عێراق، لە ڕەشنووس و بڕیاری هەموو كۆبوونەوە و كۆنگرەكانی هێز و پێكهاتەكانی عێراقە كە لەسەری ڕێككەوتوون و دەستووریش مۆری شەرعییەتی لەهەموو ڕێككەوتنەكان داوە. لەهەموو ئەوانەش گرنگتر، هەرێمی كوردســـتان لەپاڵ شـــەرعییەتی قانوونیدا، خاوەنی سەرۆك مەسعود بارزانی و هێزێكی زۆر گەورە و كاریگەری ناوچەكەیە كە ئەویش هێزی پێشـــمەرگەیە و لە شـــەڕی داعشدا ترۆپكی تواناو ئیرادەی نەبەردی و گیانفیدایی ڕۆڵەكانی خۆی پیشانی هەموو جیهان دا. هاوكات، هەرێمی كوردستان سەدان كارتی گرنگ و كاریگەری بەدەستەوەیە و ڕەنگە لەئێستادا گرنگترین كارت یاریكردن بێت لەسەر ڕێڕەوی دەستوور و دانوستانی سیاسی و دەرفەتی تەواو بەو بوارە بدرێت. نوێكردنەوەی شەرعیەتی قانوونی و دەستووریی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەمانگی شوباتی ئایندەدا خۆی دەبینێتەوە، گرنگترین كارتە و تەواوی وڵاتانی دنیا چاویان لە سەریەتی. بۆیە پێویســـتە هەمـــوو ئەوانەی بەتەنگ ئەم ئەزموونەوەن، كاراتـــر، جوانتر و مەدەنییانەتر لەجاران، بەشـــداربن و ڕێگە نەدەن درزی
دەستووری بكەوێتە ناو پێگەی هەرێمی كوردستان و بەوەش مسۆگەری مانەوەی كوردستان دەكەین.