ھە‌واڵی توندوتیژی لە‌ڕاگە‌یاندنە‌كان ڕاگرن

پ.د.نەزاکەت حسێن

پسپۆڕانی بواری ڕاگەیاندن سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕووداوو تاوانەکان لە ڕاگەیاندن ڕایان جیاوازە، بەپێی ڕای هەندێکیان بە ئاسایی دەیبینن هەواڵی تاوانەکان و توندوتیژیەکان بڵاوببیتەوە،چونکە دەڵێن وەرگر پێویستە هەموو زانیارییەک بزانێت سەبارەت بەو شتانەی لە دەوروبەر ڕوو دەدەن؛ هەروا دەڵێن ئاسەواری تاوان و توندوتیژیەکان و چارەنووسی ئەنجامدەرانی وا لە خەڵک دەکات کە دوورکەونەوە لە تاوان .بەڵام پسپۆڕانی جۆری دووەم پێیان وایە بڵاوکردنەوەی هەواڵی توندوتیژی و تاوانەکان کاریگەریی نەرێنی دەکاتە سەر وەرگر و جگە لە کاریگەرییە سایکۆلۆژیەکەی،کاریگەری دەکاتە سەر فێربوون و چاولێکەری بۆ تەکنیکی کردنی ئەوتاوانانە، بەتایبەتی لای ئەوکەسانەی کەچیرۆکی ژیانیان نزیکە لەو کەسانەی تاوانیان کردووە و بونەتە هەواڵ. David A. Bailey لە وتارێکیدا بەناونیشانی ‘ئایا هەواڵی تاوانکردن دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی تاوان لەکۆمەڵگەدا؟’ نموونەیەک دێنێتەوە کە ساڵی هەشتاکان لە یەکێک لەتەلەفزیۆنەکانی ئەمریکا فیلمێک نمایش دەکرێت، لە ناو فیلمەکە کوڕێک باوکی خۆی دەکوژێت، لەماوەی یەک ساڵ دوای بڵاوبونەوەی ئەو فیلمە چەند کوڕێک لە ئەمریکا باوکی خۆیان دەکوژن، کاتێک لێکۆڵینەوە لەو دۆسیانە دەکەن کە کوڕەکان باوکی خۆیان کوشتووە دەردەکەوێت کە هەمان ئەو کێشەیان لەگەڵ باوکیان هەبووە کە کوڕەکە لە فیلمەکە هەیبوە و باوکی خۆ ی لەسەری کوشتووە. ئەمە بۆ وڵاتێک وەک ئەمریکا کە ڕاگەیاندن بە ئیتیک و کۆدی بەرپرسیاریەتی ڕێکخراوە و وردەکاری تاوانەکان پیشان نادرێت.ئەگەر سەیری ڕووداوەکانی ئەم ساڵ بەتایبەتی و ساڵانی ڕابردوو بکەین کە لە ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستانەوە بڵاودەبنەوە. ڕووداوی هاوشێوەی دوبارەبووە دەبیستنین. جگە لەهۆکاری تری نائارامی بارودۆخی دەروونی تاکەکان، ناسەقامگیری ئابووری و سیاسیی وڵات، تەکنۆلۆجیاو یارییە توندوتیژیەکان کە لەبەر دەستی منداڵان و گەنجاندایە. کرانەوەی وڵات بەڕووی هەموو جیهان و تاکێک لە ڕێگەی مۆبایلەکەی دەستی دەگات بە هەموو جۆرە بابەت و زانیاریەک کە زۆربەیان جگە لەوەی ئەندێشەی ماندوو دەکەن، زۆربەی ناوەرۆکی بابەتەکان دوورن لە کەلتوور و فەرهەنگ و ئایدیای کۆمەڵگەکەی. ئێمە ئێستە کە خاوەنی ژمارەیەکی بێشومار کەناڵی ڕاگەیاندنین، هێشتا خاوەنی یاسایەکی گشتگیری ڕێکخستنی ڕاگەیاندن نین، کە بە کۆدی ئیتیکی و یاسایی ڕێگە بگرێت لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی تاوانەکان دوور لە ڕەچاوکردنی سایکۆلۆجیای خەڵک و ئازاردانی دەروونی و ماندووکردنی.سۆشیاڵمیدیاو پلاتفۆڕمە جۆراوجۆرەکانی کە بەبێ فلتەر و هیچ بەرپرسیاریەتییەک بابەتەکان بڵاودەکەنەوە. بە شێوەیەک هەواڵی تاوانەکان بڵاودەکەنەوە و چەند جارە دەیوروژێن و بە چەندین جۆر دەیخەنە بەرچاوی بەکارهێنەران، کە بارگرانیی دەروونی و خەمیان بۆ زیاد دەکات. لەولاشەوە دەبینین کە ڕووداوەکان چۆن هاوشێوە دووبارە دەبنەوە. جگە لەوەی بینەری ئەم هەرێمە نزیکی ٣٠ ساڵێکە کراوەتەوە بەڕووی ڕاگەیاندنە جیهانیەکان و دراما و فیلمی جۆراوجۆری وڵاتان بەردەوام کاری لەسەر دەکات و فێری ڕەفتار و کردارێکی کردووە کە زۆر جار نامۆوو قەبوڵ نەکراوە بەکۆمەڵگە، بەڵام زۆرکەس هێندە کاریگەر بووە گەشتووەتە قۆناغی چاولێکەری، کە لەتیۆرەکانی کاریگەریی ڕاگەیاندن باسی قۆناغەکانی کاریگەریی ڕاگەیاندن دەکات لەسەر تاک و بەچەند قۆناغێک باسی دەکات، دەڵێ بینەر کاتێک سەیری درامایەکان یان چیرۆکێکی نوێ دەکات لەتەلەفزیۆنەکان، سەرەتا تەنها سەیر دەکات تا بزانێت چیرۆکە چیە و باسی چی دەکات، قۆناغی دوای ئەوە کە تێدەگات لە چیرۆکەکان ئیتر بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت بزانێت ژیانی ئەو و ژیانی کارەکەتەرەکان لەچیدا لەیەکەوە نزیکە، واتە خۆی نزیک دەکاتەوە لەو چیرۆکانەی کە لە هاوشێوەی ژیانی ئەو دەچن؛ قۆناغی دواتر دەچێتە جێبەجێکردن و لاسایی کردنەوە. بۆیە ئاساییە کە هەندێک ڕووداو دەبینین نامۆن بەم کۆمەڵگەیە بەڵام ڕوودەدەن. گومانت نەبێت کە زۆربەی ئەو ڕووداوانە لە چیرۆكی دراماکانەوە وەرگیرابن کە مێژویەکە ئەو تاکە سەیری دەکات و کۆمەڵگەکەمان و تاکەکان گەشتونەتە قۆناغی لاسایی کردنەوە. بۆیە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم توندوتیژیە بەرهەمهاتووە و تاوانە دڕندانە و دڵتەزێنانە، باشترە ڕاگەیاندن وەک هۆکارێکی سەرەکی بزانین و هەوڵی ڕاگرتنی بڵاوبونەوەی ئەم جۆرە هەواڵانە بدەین و بەیاساو بە کۆد و بە ئیتیک ڕاگەیاندن ڕێک بخەین.