پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

ڕاستگۆیی؛بنە‌مای بە‌خۆداپە‌رموون و متمانە‌بە‌خۆبوون

به كر كه ریم حه سه ن*
شاعیر و وتاربێژی بەریتانیایی (جۆرج هربەرت) دەڵێ “متمانەبەخۆبوون و كارامەیی سوپایەكن نابەزێندرێن”.
بێگومان متمانەبەخۆبوون یاخود بەخۆداپەرمان یان بەخۆداپەرموون بریتییە لە متمانەی كەسێک بە كار و كردار و ڕەفتار و گوفتار و توانا و شێواز و ڕەوشتی خۆی و هەڵسەنگاندنی بۆ كاروبارەكان و رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان كە لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە بڕوا و باوەڕی كەسەكانەوە هەیە؛ لە خۆیان ڕازین و خۆیان لا پەسندە؛ بیگومان هەمیشە متمانەبەخۆبوون كلیلی سەركەوتنە لە سەرجەم ئاستەكانی كەسی و پیشەیی؛ كلیلی متمانە بەخۆبوونیش بریتییە لە ئامادەیی بەردەوام و هەبوونی ئیرادە، بۆیە پێویستە هەمیشە متمانەمان بە خۆمان هەبێت و متمانە زیاتر بكەین، ڕاهێنان بكەین لەسەر بنیاتنانی متمانە بە خۆمان؛ بۆ نموونە هەركاتێ خاڵی لاواز و بەهێزی خۆمان دیاری دەكەین دەبێ بەردەوام جەخت لە سەر خاڵە بەهێزەكانمان بكەینەوە و پەرەی پێ بدەین، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی متمانە بە خۆمان، هەرگیز جەخت لەسەر خاڵی بەهێزی ئەوانی تر مەكەرەوە، چونكە دەبێتە هۆی دابەزاندن و كەمكردنەوەی متمانە بە خۆت، بۆیە گرنگی بە جیهانی خۆت بدە، هەروەها بەردەوام بایەخ و گرنگی بە خۆت بدە و هەوڵ بدە پراكتیزی چاودێری و پاراستنی خۆت بكەی لە خواردن و نووستن و وەرزش و پێداویستییەكانی تر، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ لەگەڵ خۆتدا بە سۆز و میهرەبان و ڕووخۆش و دلۆڤان بی تا بتوانی متمانەی زیاتر بكەیت بە خۆت، نەک بەردەوام سەرزەنشت و گلەیی لە خۆت بكەی، هەمیشە هەڵەكانی خۆت لە بەرچاو بێت، بەڵكو هەموو كەس هەڵە دەكا و هەڵەكردنیش جۆرێكە لە فێربوون، بۆیە دەبێ نەرمونیان بی لەگەڵ خۆتدا و هەمیشە دەستكەوت و بەرهەم و كارە باشەكانی خۆتت لەبەرچاو بێت و بە دوای ئاسوودەیی و دڵخۆشی و ئارامیدا بگەڕێیت و، خۆت ڕزگار بكەی لە بیركردنەوەی نەرێنی و خراپ و ئازاربەخش كە دەبنە هۆی كەمداگەڕانی متمانەبەخۆبوون، پێویستە هەرگیز خۆت بەراورد نەكەی بە كەسانی تری دەوروبەرت و كەسانی تر، واز لە چاودێریی خەڵكانی تر بهێنە و خەریكی خۆت بە، كە خۆت بەراورد دەكەی بە هەركەسێك واتە بەراوردی خراپترینی خۆت دەكەی بەرامبەر باشترینی ئەوانی تر، ئەوەش متمانە دەكوژێ. پێویستە خۆت بەراورد بكەی بە خۆت؛ پێشتر چۆن بووی لە كوێدا بووی؟ ئێستا چۆنی و لە كوێدایت؟ دەتەوێ بگەیتە کێندەر و چی بکەیت؟ خەریكی ئامانجەكانت بە و، خۆت لەگەڵ خۆت بەراورد بكە، چونكە ئەوانەی خۆیان بەراورد دەكەن بە كەسانی تر هەست بە ئیرەیی دەكەن و، زیادبوونی ئیرەییش هەستكردنێكی خراپ دروست دەكات بەرامبەر خودی كەسەكان ئەوەش ئەنجامی باش نابێت. لەبیرمان نەچێت هاوكاریكردن و یارمەتیدانی خەڵكانی تر هەستكردنە بە ئاسوودەیی و دڵخۆشی و شانازی، ئەوەش متمانە دەبەخشێ. جودا لەوەش ڕزگاربوونمان لە كەسانی ڕەشبین و نەرێنی لە ژیانمان كە بەردەوام هەوڵ دەدەن دوودڵی و ڕاڕایی و ترس و بێزاری دروست بكەن، خۆی لە خۆیدا متمانە لاواز دەكات، پێویستە ژینگەی دەوروبەرمان تەژی لە كەسانی ئەرێنی و گەشبین بن و، هەمیشە رووبەڕووی ترس و دوودڵی ببنەوە، كە لە ئەنجامدا متمانەبەخۆبوون زیاتر دەبێت، بێگومان وەرزشكردنی ڕۆژانە و تەندروستی باش و گرنگیدان بە ڕوواڵەت و هەماهەنگی و گونجانی جلوبەرگ و ڕێكخستنی سەروسیما ئەوانەش هۆكارن بۆ زیادبوونی متمانەبەخۆبوون، هەروەها بوونی بەڕێوەبەری دڵسۆز و بەرپرسیار و خاوەن ویژدان و ڕاستگۆ كە هەمیشە هانی فەرمانبەرانی دەدات و خۆیان بە خاوەنی كارەكەیان بزانن و، هاوكار و یارمەتیدەریان دەبێت بۆ ڕاییكردن و سەرخستنی كارەكانیان و چەسپاندنی دادپەروەری ئەوەش بە هۆكاری تری متمانەبەخۆبوون دادەنرێت. ماوەتەوە بڵێم ئەوەی لەسەر خودی هەركەسێك پێویستە دەبێ بەردەوام هەوڵ بدات كارامەییەکی نوێ فێر ببێ و ڕاهێنان بكات و پەرە بە خۆی بدات لە هەر بوارێك لە بوارەكانی ژیان كە ببێتە كەسێكی لێهاتوو جیاواز ئەوەش متمانەیەكی زۆر دەبەخشێت بە كەسەكە، هەروەكو دەبینین یاریزانە باشە نێودەوڵەتییەكان و ئەكتەرە بەناوبانگەكانی جیهان و هەر زانا و پسپۆڕێك لە بواری خۆیدا كە هەر كارێک دەکات متمانەیەكی زۆر دەبینن كەوا لێهاتوو كارامە و شارەزایە، بۆیە ڕاستگۆیی لەگەڵ خۆ گرنگە؛ پێویستە ڕاستگۆ بین لەگەڵ ناخی خۆمان و نواندن نەكەین كە ئەوەش بنەمای بەهێزیی متمانە بەخۆبوونە.