بارزانییە‌كان!

هاودەنگ فارووق

یادی چل ســـاڵەی ئەنفالکردنی بارزانییەكان لە ســـاتێكدا دەكەینەوە، كە هەرێمی کوردستان لە قۆناغێكی هەستیار و چارەنووسسازدایە، پێویستە وشـــیارییەكی زۆرمان هەبێت و زۆر بـــەوردی، وەك ئەوەی لەنێو كێڵگەی میندا بین، هەنگاو بنێین.

پاراســـتن و ســـەقامگیریی و بـــە بەهێـــزی مانەوەی قـــەوارەی هەرێمی كوردســـتان، ئەو ســـتراتیج و ئامانجە گرنگەیە، كە بارزانییەكان و كۆی دڵســـۆزانی میللـــەت هەوڵیان بۆ داوە و هەوڵی بـــۆ دەدەن و بە بەرنامە كاری لەسەر دەكەن.

لە یادی چل ساڵەی ئەو ستەمە مێژووییەی لە بارزانییە شەهیدەكان كرا، بارزانییە زیندووەكان وریاتر لەهەر ســـاتێكی تـــر بیردەكەنەوە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردســـتان شكۆدارتر لەهەر سەردەمێكی دی، لە سەر پێیەكانی خۆی بوەستێت. وانەیەك كە پێویستە هەڵوێستەی ڕاستەقینەی لەسەر بكەین، ئەوەیە چل ســـاڵ لەمەوبەر كاتێ ڕژێمی ئەو كاتەی عێراق بارزانییەكانی جینۆســـاید كرد، ئامانجی ســـەرەكیی ســـڕینەوەی بارزانییەكان بوو نەك هەر لەسەر نەخشەی سیاسی كوردستان، بەڵكوو مەبەستی بوو وەك مرۆڤ و وەچە، بارزانییەكان بەجۆرێك قڕ بكات و ناوچەی بارزانیش بكات ســـوتماك و بۆ ئەو مەبەستەش سیاسەتی خاكی سوتاوی پێڕەو كرد؛ واتە تاوانەكە تەنها بەرانبەر مرۆڤ نەكرا، بەڵكوو بەرانبەر سروشـــت و ژینگە و دار و بەرد و ڕووباری بارزان كرا! كەچی لەدوای چل ساڵ، ئێستا چارەنووسی عێراق و كوردســـتان لە دەستی بارزانییەكان دایە.. مانەوەی عێراق و چارەنووسی پرۆسەی سیاسیی عێراق پەیوەستیی ئیرادە و بڕیاری بارزانییەكانە. بۆیە دەتوانیـــن بەوپـــەڕی دڵنیاییەوە و بۆ مێژوو بڵێیـــن: ڕژێمی بەعس جگە لەوەی لە بەدیهێنانی ئامانجەکەیدا بە تەواوی شكســـتی هێنا و نەیتوانی بارزانییەكان لەناو ببات و ئیرادەیان بشكێنێت، بەڵکوو ئەمجارەش خوێن و ئیرادەی كورد بەسەر شمشێری شۆڤێنیزمی عروبەدا سەركەوت.

پرســـیارێکی هـــەق و ڕەق کە نابێ پشـــتگوێی بخەیـــن ئەمەیە: بۆچی ڕۆشـــنبیران و نووسەران و سیاســـەتمەدارانی عێراق، ئێستایشی لەگەڵدا بێت نەهاتن لێپرســـینەوە لەو شكستەی دەســـتەڵاتدارانی عێراق بكەن و بڵێن: چەندە هێز و توانا و ســـامانی عێراقتان بۆ لەناوبردنی بارزانییەکان بە فێڕۆ دا؟!

بەرپرسیاری ئەو شكستە مێژوویی و سیاسییەی حکوومەتی ئەو دەمی عێراق کێ بوو؟! كێ و كەی و چۆن قەرەبووی زیانلێكەواتووان دەكرێتەوە؟ کێ لەبەرامبەر ئەو تاوانە نامرۆڤانە قێزەونە بەرپرسە؟! ئایا پاش ئەو هەموو خوێن و شـــەڕ و ماڵوێرانییە، هێشـــتا سیاســـییانی عەرەبی عێراق لەو ڕاســـتییە نەگەیشتوون کە بارزانییەکان وەک داربەڕوو ڕەگی قووڵیان بە ناخی کوردستاندا شۆڕبووەتەوە و لەناوبردنیان مەحاڵە؟! ئیدی کاتی ئەوە نەهاتووە تێبگەن و بزانن شەڕەقۆچ لەگەڵ تاشەبەردەکانی بارزاندا، ئەنجامەکەی شكان و هەڵدێرانەو بۆ بارزانیش هەرمانە.