چە‌ند پرسیارێكی سادە‌

زكری موسا

بوونی ناڕەزایەتی و ڕەخنە لە ناو هەر كۆمەڵگەیەك، بابەتێكی ئاسایی و سرووشتی و پێویستە، بە تایبەت لە كۆمەڵگەیەكی وەك كوردستان كە كەوتووەتە سەر ڕێگەی پێگرتن و گەشەسەندن و هۆشیاری. هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان مافی خۆیانە ژیانێكی شایستە و سەقامگیریان هەبێت. هەرێمی كوردستان مافێكی مێژوویی و دەستووریی هەیە كە بمێنێت و گەشە بە تواناكانی خۆی بدات. بەڵام بەداخەوە تەوژمێكی سیاسی و ئیعلامی بە چڕی، كار لەسەر ئەوە دەكات كە نائومێدی لەناو خەڵكدا بڵاو بكاتەوە و ئەو قەناعەتە لای هاووڵاتیانی كوردستان دروست بكات كە بڕوای بە وجودی خۆ و كیانەكەشی نەمێنێت.

ململانێی سیاسی و هەوڵدان بۆ گرتنەدەستی دەستەڵات سرووشتیە بەڵام نەك لەسەر حیسابی لاوازكردن و هەوڵدان بۆ تواندنەوە و نەهێشتنی هەرێم. گەلێكی شەست ملیۆنی وەك كورد كە سەد ساڵە زوڵمی لێ دەكرێت جگە لە هەرێمی كوردستان چی هەیە و چی بۆ ماوە كە بە لاوازبوون و نەمانی خۆشحاڵ بین؟ لاوازیی هەرێم و نەمانی چیمان پێ دەبەخشێت؟ ئایا كێشەكان لێرەدا كۆتاییان دێت؟ ئیدی بەهەشت دروست دەبێت؟ و پارە و خۆراك و ڕەفاهیەت دەبارێ؟ باشە خۆ عێراق لە سەرەتای سەدەی بیستەم كە دروست بوو، لەسەر بنەمای شەراكەتی كورد و عەرەب پێكهێنرا. بۆ ئەو شەراكەتە جێبەجێ نەكرا و پشتگوێ خرا و هەر لەو كاتەوە هەوڵی گۆڕینی دیموگرافی و بچووككردنەوەی كورد درا؟ بۆ بەهەشت دروست نەبوو؟ خۆ ئەو كات پارتی و حكوومەتی هەرێم و كێشەی مووچە نەبوو؟

لەدوای هاتنی كۆمارییەكان و پاشان بەعسیەكان، شتێك بەناوی هەرێم بوونی نەبوو، ئەوكات بۆ بەهەشت دروست نەبوو؟ باشە خۆ حكوومەتی هەرێم و كێشەی مووچە لە گۆڕێ نەبوو، ئەی ئەو هەموو تاوان و ئەنفال و جینۆساید لەدژی هەموو پێكهاتەكانی كوردستان بۆ لە لایەن عێراقەوە کران؟
لەدوای 1991 عێراق دامودەزگەی ئیداری و مووچە و دەستەڵات و بوونی خۆی كشاندەوە؟ باشە بۆ كشاندیەوە؟ ئایا دەزانن هۆكەی ئەوە بوو كە ڕژێم وای بۆ دەچوو كوردەكان لە برسان دەمرن و خۆیان پێ ئیدارە نادرێ و دەكەون. باشە بۆ دەبێ دەوڵەتی عێراق لەبارەی كوردەوە وا بیر بكاتەوە؟ ئەی بە حیساب بەشێك نین لەوان؟ بۆ دەبێ بیری هەمیشە بۆ لای شكستدان و قڕكردن و نەهێشتن و لاوازكردن بێت؟

لەدوای ڕووخانی ڕژێم كە مالیكی بودجە و مووچەی كوردستانی بڕی، خۆ ئەوكات شتێك بەناوی ئابووری سەربەخۆ و نەوت نەبوو؛ بۆچی حكوومەتی عێراقی ئەو بڕیارەی دا؟ ئایا نەیدەزانی گوشار بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دێت كە هەمووشیان هەڵگری ناسنامەی عێراقی بوون؟ لە شەڕی داعشدا بۆچی حكوومەتی عێراقی یەك فیشەك و یەك دۆلاری یارمەتی نەدا بە هەرێم؟ لە حەواندنەوەی دووملیۆن ئاوارەی عێراقی لە لایەنە كوردستانەوە بۆچی حكوومەتی عێراقی كە پارەیەكی زۆریشی هەبوو، یارمەتیی ئاوارەكانی نەدا؟ ئەی ئەوان هاووڵاتیی عێراقی نەبوون؟

ئایا ئەوانیش كێشەی مووچەیان هەبوو؟ یان نەوتیان دەفرۆشت؟ یان چونكە سووننە بوون بۆیە حكوومەتی عێراقی ئاوڕی لێ نەدانەوە؟ ئێمە هەموومان بە باشی لەو كێشانە تێدەگەین، هیچ خانەوادەیەكی كورد نییە كە لەو سەد ساڵەدا بەهۆی سیاسەتی شۆڤینیی دەوڵەت و حكوومەتەكانی عێراقی زیانی بەر نەكەوتبێت بۆیە بە هیچ شێوەیەك ڕەوا نییە خۆشحاڵ بین بە لاوازبوونی كیانەكەمان و خۆمان.
دەبێ بە جددی ئەو پرسیارانەی سەرەوە ئاراستەی هەموو ئەو بەناو سیاسیانەی كورد بكەینەوە كە نەزانانە كار بۆ لاوازكردنی هەرێم دەكەن و وەڵامی جددیمان لێیان بوێت. ئێمە هەین، مێژوو و خاك و بوون و قوربانیمان هەیە و كوێرەوەریمان كێشاوە. هەین و دەبێ بمێنین، هیچ شانازی وئازایەتیی نییە خەڵكێك لە خۆت
باشتر و سەرووتر بزانی كە ئازاریان داوی و مافیان لێ خواردووی. ماوەتەوە بڵێین، لە هەموو دۆخێكدا، شەڕ بێت یان ئاشتی، سەقامگیریی هەبێت یان نا، مووچە هەبێ یان نەبێ، هەمیشە دوو خاڵی سەرەكیمان لە یاد
بێت:

1. دۆزی گەلی كوردستان دۆزێكی جیۆگرافی و مێژوویی و سیادی و سیاسی و
دەستووری و ئابووری و كولتووریی و وجوودیە. ئەو دۆزە نە كۆن دەبێ، نە لەیاد دەكرێ نە بچووكیش دەكرێتەوە.

  1. تەمەنی ئەو دۆزە لە تەمەنی دەوڵەتی عێراق و زۆربەی دەوڵەتانی ناوچەكە
    درێژتر و دێرینترە.