فازڵ میرانی
ئەو دۆخەی بەر لە ھاتنی تەشریفی پاكت ھاتە ئاراوە، ئازاری داین. ئێمە لە كوردستان بە حزووری جەنابت لەنێوماندا دڵخۆشین، فەرموو لێرە لە كەنیسە دێرینەكەت سكاڵا لە ئازارەكان بكە. دەڵێن وێنەیەك ھێندەی ھەزار ھەواڵ
كاریگەری ھەیە، لێ وێنەی تۆ ئاتاج بە گەلێك قسە و كرداری چاكە، دەخوازین ئەمە لە ساڕێژی برینەكانی شوێنكەوتەی مەسیح، یانی ڕێوان و ڕێبەری ئومەتەكەی لە میزۆپۆتامیا، دوانەكەوێت. مێژووی خۆبەخشی و قورب و قوربانیدان لە ئاسمانەوە، ئێش و ئازارەكانی خەڵك، لە مەسیحییەتدا دێرین و پێكەوەلكاو و ھەنووكەیی و باڵا و بەردەوامن. ھیچ جێگەی قبووڵ نییە كەسانێك ئارامیی دەروونی بەڕێزت بشێوێنن، لەو خزمەتە گەورە و پڕ شكۆیانەی پێشكەشی دەكەیت بتوەستێنن، یانی لەو ڕێگەیانەی پەیوەستن بە ڕێگەی ئازار و ئێش، كە رۆژگارێك مەسیح پێیدا گوزەراوە.
لەگەڵ ھەموو ئازارێكمەوە، لام سەیر نابێت، كە مێژوو خۆی دووبارە كردبێتەوە، یان شتێكی خۆی پاتە كردبێتەوە، تا بەسەر ڕوخسار و تۆنەكانی دەنگتەوە، حەسرەتێك درك پێ بكەین. دیرۆكی پەیامی محەببەت و مرۆڤایەتی و باوەڕ، سیخناخە لە تاقیكردنەوە، ئێوە و ھەموو ڕێبوارانی ئەو ڕێگەیە، خوێنی پاكتان لێ دەچۆڕێتەوە، ئارامیتان دەدرەوشێتەوە. خراپەی ئەوانی دیكە، بە چاكەی ھێزی ئیمانی بەخشندە و ڕەسەنتان دەگۆڕن.
كوردستان ماڵی خۆتە، ئێمەیش كەسوكاری تۆیین، ئەگەر ئازار دیسان سەری لێ دایتەوە، تۆ قوتابیی مەسیحی، كە ژیانی بە ئازار تەندرا بوو. تامەزرۆی لێدانی زەنگ و تەریتل و درێژبوونەوەی سایە و سێبەری ڕووحیی تۆیین تا بەسەر خوشك و براكانمان لە كەنیسەكەتدا پەخشی كەیت، ئێمە لەگەڵ تۆبووین، ھەر لەگەڵ تۆیش دەمێنینەوە.