شێرکۆ حەبیب*
ئازادی ڕادەربڕین یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی مافی مرۆڤ و سیستەمی دیموکراسی کە هاووڵاتی مافی ئەوەی هەبێ بە ئازادی ڕا و بۆ چوونی خۆی دەربڕێ، هەروەک لە بڕگەی 19 جاڕی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ و لە یاسای نێودەڵەتی زامن کراوە، بەڵام ئەوە ناگەینێ کەوا ئەو مافە بەڕەڵا بێت بەهەر شێوازێک دور لە یاسا و داب و نەریەتی ئەو رایە دەربڕێ و ببێتە هێرشکردن و ناوزراندن بۆ سەر کەسایەتی و تایبەتمەندییەکان.
هەڵبەتە ئەم ڕادەربڕینە دەبێ بە یاسا ڕێک بخرێت و تایبەتمەندیەکانی کەسایەتی پارێزاو بێت، هەروەها ئاسایشی نەتەوەیی و نهێنیە سەربازییەکان و تایبەتمەندییەکانی دەوڵەت پارێزراو بێت.
ئەوەی جێگای سەرنجە ماوەیەکە لەم داو و دەزگایانەی ڕاگەیاندنی بەناو ئۆپۆزسیۆن باس لە سنووردارکردنی ڕادەڕبڕین دەکەن لە کوردستان و بێ هیچ بنەمایەک هێڕش دەکەنە سەر حکوومەتی هەرێم. بێگومان مەرامی ئەو هێڕشە ڕوونە کە لە چ بۆچوونێک سەرچاوە وەردەگرێت، هەر چەندە ئەو لایانەی وا هەست دەکەن ئازادی ڕادەربڕین لە کوردستان سنووردار کراوە بێ ئەوەی لەبنەما سەرەکییەکانی ئازادی ڕادەڕبرین گەیشتبن؛ ئەگەر گریمان سنووردار کرا بێت ئایا چۆن ئەوان دەتوانن ئەو هێڕشە ناڕەوایە بکەنە سەر حکوومەت و کەسایەتیە نیشتمانییەکان.
تەنانەت هەندێ جار وشە و ڕستەی وا بێبنەما بەکاردێنن کە دوورە لە هەموو بنەماکانی سیاسەت و ڕەوشت بەڵکو چەند دروشمێکی پۆپۆلیستییە کە دەیانەوێت ناشیرنەکانی خۆیان پێ داپۆشن هەندی گەنج چەواشە بکەن، بەڵام خۆشبەختانە لە کۆتاییدا ڕووی ڕاستییەکان دەردەکەوێ و شەرمەزاری و ڕووڕەشییان بۆ دەمێنیتەوە. ئازادی ڕادەڕبرین بنەمای پێشکەوتنی میللەتە ئەگەر بە شێوازێکی زانستیانە و بابەتیانە کاری پێکرا و دوور لە هێڕشکردنە سەر تایبەتمەندیە کەسایەتییەکان، دەبێ بەکار بێت بۆ پێشکەوتنی وڵات نەک خستنەوەی دووبەرەکی نەتەوەیی یا
ئاینی و کۆمەڵایەتی.
لە هیچ وڵاتێکی ئەم جیهانە نەبووە هاووڵاتیەکی خودی وڵات ئاماژە بە ئاسایشی نەتەوەیی یا سەربازی وڵاتەکەی یا هەر بابەتێک پەیوەندی بە نهێنی ئاسایش هەبێت و بڵاوبکاتەوە یا ئاماژەی پێ کردبێ تەنانەت ئەگەر دژی ڕژێمی وڵاتەکەی بێت، چونکە ئازادی ڕادەربڕین بۆ پێشکەوتنی وڵاتە کە ڕەخنەکان لەسەر بنەمایەکی بابەتیانە
و دوور لە ئاژاوە و موزایەداتی سیاسی.
*لە قاهیرەوە دینووسێت