فەزیله شۆرش – هۆڵەندا
کارکردن له مافە بنەرەتیەکانی هەر مرۆڤێکه به بێ جیاوازی رەگەز، بێگومان ماندووبوونی تاك بۆ پەیداکردنی بژێوی خۆیی و خێزانی ئەرکه نەك بەخشین. خۆشبەختانه له کوردستان زۆربەی ئافرەتان هەروەك ئافرەتانی جیهان هۆشیاریەکی باشیان هەیه کە کارکردن مافێکی سەرەکی خۆیانە و کاری بۆ دەکەن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان. ئەم ماندووبوون و کۆششەیان جێگای سەرفرازیە، کارکردن بناغەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە و لە هەمانکاتدا رێگای باشتر کردنی خۆشگوزەرانی تاکیشە. ئەوەی جێگای شانازیە ئافرەتی کورد رۆلێکی بەرچاوی هەبووە و هەیە لە پێشمەرگایەتی و شەری دژی دوژمنان و کاری جوتیاری و شوانی و کاری تر، بەڵام بەداخەوە کاری قورس وەك شوفێری پاس و بارهەڵگری و بیناسازی و دروستکردنی شەقام و قیرتاوکردن بەکاری ئافرەت هەژمار ناکرێ و بۆ ئافرەت بە نەشیاویش داده نرێت. ئەوەی جێگای داخە هەندێكجار یا هەندێك کەس کارکردنی ئافرەت یا ئافرەتەکە خۆی بە نارەوایی دەبینی، و هیوادارە موچەیەکی له لایه ن حکومەته وه بۆ دابین بکرێت هەروەك ئەوەی باوە کە دەڵێن لە ولاتانی ئەوروپا وایه، کە تاك بێئهوەی کارێك بکات موچەی دابینە. ئەگەر هۆڵەندا وەك نموونەی ولاتانی ئەوروپا وەرگرین، دەبینین پاش شەری جیهانی دووەم رێژەی پیاو لەم ولاتە کەم دەبێت و ولاتیش پێویستی بە کارمەند هەیە بۆ بنیادنان ودروستکردنی ولات سەرلە نوێ، ئافرەت دەست دەکات بە کارکردن لە هەموو بوارەکانی ژیان و کار، واتە دەست دەکات بە چاککردنەوەی شە قامەکان و بیناکان و خاوێنکردنی شار و شارۆچکەکان و لێخورینی بارهەڵگر و پاس،وایلێهات ئافرەت لێراهات کاری قورسیش بکات، یەک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆیی و خێزانی، دوو بۆ دروستکردنەوەی وڵات، تا ئێستاش کاری تایبەت بەپیاوان بە شیوەیکی بەرچاو نیە یا بۆ رەگەزێکی تایبەت،ناش بێت رەگەزپەرستی بکرێت لە داواکردنی کارمەند بۆ کارکردن و هەموو یەکسانن لە مافی کار کردن. ئەو سۆشیالەی کە هەندێک کەس وەک موچە وەردەگرێ، ئەم تاکە بە چەند فیلتەر و لێپێچینەوەدا دەروا بۆ نموونە: هۆکاری توانای کارنەکردنی و نەخۆشیەکەی چیە؟ دەروونی وعەقڵیە یا جەستەیە، ئایا لە کار دەرکراوە ؟بۆ چی؟ هەر کاتێک کە بریار درا ئەم تاکە سۆشیالی بۆ سەرف بکرێت دەبێت ئەو تاکە کاری خۆبەخشی بەرامبەر وەرگرتنی سۆشیالەکەی بکات، سۆشیالیش لەو باجە دەدرێت کە هەموو تاکێک دەی بەخشیتە حکومەت کە بەگوێرەی بەرزی و نزمی موچەکەی کە له موچەکەی دەبرێت، واتە بەم شێوەیە هەر تاکێک بەشدارە لە هاوکاری کردنی ئەوی تر. زۆربەی زۆری خەڵکەکە خۆشحاڵ نابن بە وەرگرتنی هاوکاری واتە سۆشیال،ئەوان وابیردەکەنەوە تاك لە کۆمەڵگه ئەرکی سەرشانیەتی کار بکات بۆ بژێوی ژیانی و باج بدات تا بتوانرێت حکومەت بە باشترین شێوە خزمەتی خەڵک بکات، نەك وەك لای خۆمان پارەی کارەبا نەدات و بیست و چوار سەعات کارەباشی بوێت، ئەوان منداڵەکانیان وا پەروەردە دەکەن کە کارکردن شەرهفە و دەستپانکردن زەلیلیە. بەڵام دهبێ لەبیریش نەکەین دەبێت لە کوردستانیش ئەو تێروانینە چەقبەستوووەش تێكبشکێنین که دەڵێن ئافرەتان هەموکارێکیان پێناکرێت بە پاساوی هێز و توانا و منداڵ بهخێوکردن. پێویستە و ئەرکیشە ئافرەت خۆیی وکۆمەڵگهش باوەریان بەهێزو توانای ئافرەتان هەبێت و دەرفەتیان بۆ برەخسێنن ولە دەرفەتی کارکردن رەگەزپەرستیان لەگەل نەکرێت، چونکە
دەستە ماندووەکانی ئافرەتان پەیاکەری بژێوی ژیان و پێشکەوتنی وڵاته.