هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

لە‌ “لۆزان” كێ داوای لێبوردنمان لێ بكات؟

فازڵ میرانی

سەدەیەكی ڕەبەق بەسەر ئەو پەیماننامەیەدا تێپەڕی، كە زەوی بەو شێوەیەی زلهێزەکان گەرەكیان بوو نەخشەی بۆ كێشرایەوە.
لۆزان پەیماننامەی ئاشتی بوو، ئاشتی لە دوای جەنگ. لە ڕێگەی مەرجەکانی ڕێککەوتنەوە تەماشا دەكرا، دەشێ لێرەوە تێبگەین، ئەرێ بۆچی هەر لە بنچینەوە شەڕەکە ڕوویداوە؟ لایەنی دۆڕاو باجی چی دەدات، لایەنی سەركەوتوو
دەستكەوتی چییە و چ ئەركێكی كەوتووەتە سەر؟

بەکورتی لۆزان لە دواین فۆرمی خۆیدا بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت، ئەو خەلافەتەی کە بوو بە سیستەمی حکوومەت، دواتر لە ڕێڕەوی خۆی ترازا و گۆڕانی بەسەردا هات، ناوەڕۆکەکەی لە ڕەوتی ئەو تێگەیشتنە دوورکەوتەوە، كە ساڵانی دوای كۆچیدوایی پێغەمبەر وێنا دەكرا.
دواتر بەخێرایی هۆكارگەلی عەقیدەیی و کۆمەڵایەتی و خێزانی و بەرژەوەندیی مرۆیی ڕژانە نێویەوە، کە ناشێ بە تەرازووی ئەمڕۆ حوكمی لەبارەوە بدرێت، هیچ دادپەروەرانە و زانستی نییە، بە چاوی ئەمڕۆ تەماشای دوێنی بكرێت، بە پێوەری ئەمڕۆ حوكم لەسەر هەلومەرجی ڕابردوو بدرێت. خەلافەت بەشێوەی ئەمەوی و عەباسی فاتیمیە و دواتر دەوڵەتۆچكەی نەیاریان، كە بە هەمان شێوەی خەلافەت بە ڕوخساری ئایینەوە دەركەتن، با هەر چەند بە ڕواڵەتیش بووبێت، كە دواتر دەستیان لە قوڕگی نیزام نا و دەستەڵات كەوتە دەستی تاقم و چینی دیكە.

دەڵێم: سەردەمە جۆراوجۆرەكان و كێشمەكێشی قووڵ لەسەر دەستەڵات و گەشەی كۆمەڵگە و هەڵكەوتەی جوگرافیی، لەباربوون بۆ هێزی یەكەم لە ڕێگەی ئایینەوە بتوانێ جەماوەر بۆ لای خۆی كێش بكات، ئەم هێزە دوای چەند دەیەیەكی كەم بۆ دەستكەوتنی داهات و بەرهەم، كەوتە داگیركردنی خاكی گەلان، ڕێنمایی دینی دادگەر، بەهۆی ڕیشەی كۆنی زەعامەتی خێڵەكی، سەرنخوون بووەوە. هەموو ئەمانە وایان كرد خێرا تەوژمی بەرهەڵستكاری دەركەوێت، ژینگەیەكی وا بڕەخسێت هێندێك جار سەركەوێت و زۆرجاریش سەركوت بكرێت.

بەڵام لە ڕێڕەوی مێژوودا، دەبێت وریا بین، بۆ حوکمدان لەسەر بابەتەکان ملکەچی یەک بۆچوون نەبین. ڕێڕەوی ئەو هێزانەی كاروبار و مشووری چەندان گەلیان خستە ژێر ڕكێفی خۆیان، ئێمەیش یەكێك بووین لەو گەلانە، بەڵێ ئێمەیش بەشێك بووین لەو میراتەی لە پەیماننامەی لۆزان دابەش كراین، بەداخەوە ئێمە لە ئەولەویەتەكان نەبووین، وای ئەمە چ ڕیسواییەكە بەرژەوەندیخوازەكان چاویان تێبڕیوە؟

وردتر بڵێین، نەخشەی خاكیان لەسەر ڕووپەلی كاغەز و سەر زەمینی واقیع لێك كردەوە، هیچ لاشیان گرینگ نەبوو ئەمە بۆ قوربانییەكان چی دەگەیەنێت. بەڵێ، ئێمە لە نێو زۆرێك لە قوربانییەكانی لۆزان داین، سەد ساڵەی تەمەنی پەیماننامەی لۆزانمان بە دژواری و مەرگەسات بەڕێكرد، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانمان لە دژیدا تاوانبار دەکرێین، ئەگەر واقیعبینانە مامەڵە بۆ پاراستنی گەلەکەمان بكەین، بە خایین لە قەڵەم دەدرێن، هەر هەوڵ و
ڕەنجێك بۆ شایستەبوونمان لە ژیان بدەین، پەرچ دەدرێینەوە.

گەلەكەمان دابەشكرا، هەلومەرجی نیشتەجێبوون بەپێی مەرجەکانی گرێبەستی ملکەچبوون.

عوزرخوایی
دەوڵەت و دەستە و دامەزراوە نێودەوڵەتی و پێشەوا ڕووحییەكان، زۆر داوای لێبووردنیان لە هەموو ئەو بەدكارییانە كردووە، كە لەژێر ئاڵای ئەواندا كراون، وەلێ ئێمە هێشتا چاوەڕێین یەكێك لەوانە، كە هێزی خۆی و بەرژەوەندییەكانی بەسەر ئێمەدا سەپاندووە، جوامێر و ئازایانە داوای لێبووردن بكات، قەینا بە نیابەت، یان بە ئەساڵەت بێت، لەو تاوانەی كە لە گەلی ئێمەیان كرد. لە کۆتایی مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٢٣دا خەلافەت خاكە بەرفراوانەكەی لەدەست دا، كە گەلانێك پێیان وابوو بە میراتیان گرتووە، وەك ئەوەی بە بنەموڵكی بۆیان تەرخان كرابێت. ڕاپەڕین و فكرمان خستە گەڕ، قسە و گفتوگۆمان كرد، هەروەها لەپێناو ئەوەی كەسێك نەڵێت ئێوە بە فەرمانی خودایی هەر دەبێ مەحكووم بن و ئێمە هەر حاكم، جەنگاین. هەر بۆیە پێویستە هەموو ئەوانەی ئەوسا و پێشتریش حوكمڕانییان كردووین و ئەمانەتیان نەپارستووە، تێكڕای ئەوانە پێویستە دوای لێبووردنمان لێ بكەن و عوزرخوایی بهێننەوە.