سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

قوربانیانی ترافیك و مە‌لە‌كردن دوو دیاردە‌ی ڕۆژانە‌ی دڵ و ناخھە‌ژێنن

خوناو حە‌سە‌ن ساڵح

ئەگەر ھەر شوفێرێک زانستیانە شارەزایی لەیاسا و ڕێسای ترافیکی ھەبێت زۆر بە دەگمەن ئەم جۆرە ڕوداوانە ڕوودەدات، ھەر کاتێک کە کەسیکیان دوو یان ئەندامانی خێزانێک بە تەواوەتی دەبنە قوربانیی ئەو کارەساتانە، دەڵێن ئەوە قەزا و قەدەرە، ھەڵەکە دەخەنە ئەستۆی قەزا و قەدەر و خۆیان لێی بێتاوان دەکەن.

ھەروەھا قوربانیانی مەلە کردن لە دەریاچە و روبارەکان شارەزایی چۆنیەتی مەلە کردنیان نەبێت ئەوانیش دەبنە قوربانی جاری وا ھەیە تەرمەکانیان بە زەحمەت دەدۆزرێنەوە یان نادۆزرێنەوە…

جا دەبێ بیر لە چارەکردنی ھەردوو جۆرە ڕوداوەکان بکرێتەوە؛ بۆیە نابێ بە ھیچ شێوەیەک مۆڵەتی شوفێری بدرێت بە کەسێک ھەتا سەرکەوتوو نەبێت لە ھەموو جۆرە ڕاھێنانەکانی فێربوونی ترافیک.

ئەگەر بمانەوێ چارە بۆ ڕوونەدانی ئەم جۆرە کارەساتانە بکەین، دەبێ ھەر لە ئێستادا بابەتی ترافیک و چۆنیەتی مەلە کردن ببنە وانەیەکی تایبەت لە پەیڕەو و پرۆگرامی خویندن لە باخچەی ساوایان و ھەڵبکشێت بە
پێی تەمەن و قۆناغەکانی خوێندن.

لە سوید چەند وانەیەک شان بە شانی بابەتە زانستییەکان لە پرۆگرامی خوێندندا ھەیە. وەک: فێربوونی مەلەکردن، مۆسیقا، سەما، کۆمپیوتەر، بەرگدروون، دارتاشی، چێشلێنان، لە گەڵ زانیاری لە سەریاساکانی ترافیک، ھەروەھا لێژنەی ترافیک ھەیە لە ناو پەرلەمانی سوید و بایەخی زۆر بە ترافیک دەدەن.

ئەم جۆرە وانانە لە گەڵ بابەتەکانی زانست دەبنە ھۆکاری بنیاتنانی کەسایەتیەکی بەھێز و بە توانا تاکەکان کە بتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن لە ئایندەی خۆیاندا.
ھیوادارم بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە کاتی دانانی پرۆگرامی خوێندن بیر لەم بابەتانە بکەنەوە بە تایبەتی ترافیک و مەلەکردن، چونکە ئەوە کاری پەروەردەیە بۆ چارە کردنیان .

ڕاستە پرۆژەیەکی درێژ خایانە بەڵام چارەیە بۆ نەوەکانی داھاتوو، ھەروەھا بۆ ھەندێک لە شوفێرەکانی خولیان بۆ بکرێتەوە بۆ ئاگاداری و وەبیرھێنانەوەی یاساکانی ترافیک و سزای تووند بۆ سەرپێچەکانیان. لە گەڵ ڕێزی زۆرم بۆ ئەو شوفێرانەی کە ھەمیشە پابەندن بەیاساکانی ترافیک.