سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ویژدانی ئاسودە‌ و بە‌ختە‌وە‌ری

بە‌كر كە‌ریم حە‌سە‌ن*

فەیلەسووف و نووسەر و شاعیری ئەمریكی (ڕالف ئیمرسۆن) دەڵێ “هیچ شتێ بەختەوەریت بۆ ناهێنێ جگە لە خۆت”.
بێ شك تەنها كەس، هەر خۆتی دەتوانی بەردەوام بە دوای بەختەوەریدا بگەڕێی و بۆ خۆتی دروست بكەی؛ بۆیە گرنگە هەمیشە مرۆڤ بەڤدوای بەختەوەریدا بگەڕێ و هەوڵ بدات بۆ بەدیهێنان و بەدەستهێنانی. خەڵکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كاتێ لە ژێر داگیركاریی بەریتانیا رزگاری بوو لە جاڕنامەی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییدا دروشمی
(هەوڵدان بۆ بەختەوەری)ی كردە ئامانجی خۆیان و نووسییان لە ڕاگەیاندنەكاندا. بە بۆچوونی شارەزایان (40%) دڵخۆشی و بەختەوەریی هەركەسێك دەوەستێتە سەر چۆنیەتیی بیركردنەوە و كردارەكانی كە دەتوانێ بەرزەفتیان بكات، كەسە دڵخۆش و بەختەوەرەكان جۆرە داب و نەریت و عورفێكیان هەیە، ڕۆژانە و ڕۆژ دوای ڕۆژ پاڵپشتی و پشتگیری دڵخۆشییەكانیان دەكەن و، بەردەوام بەختەوەر دەردەكەون، بە پێی چەند توێژینەوە و بەدواداچوونێك كە لە پێگەكان و سەكۆكانی پسپۆڕ و پەیوەندیدار وەكو سەكۆی (زاكۆنڤێرسیشن) و سەكۆی (ئینتەرپرینۆر) و سەكۆی (ئینك) و گۆڤاری (ڤۆرسبی) وا دەردەكەوێت كە چەند داب و نەریتێك هەیە مرۆڤ دەتوانێ لە ژیانی ڕۆژانەیدا پراكتیزەی بكات و دڵخۆش و بەختەوەر دەبێت كە گرنگترینیان هەستكردنە بە دڵنیایی و ڕازیبوون و سپاسی خودای گەورە لەسەر ئەو خێروبێر و بەشەی كە مرۆڤ هەیەتی، پێویستە مرۆڤ هەردەم چاوتێر و قایل بێت و ڕازی بێت بەوەی كە هەیەتی و، بە پێی چەندەها توێژینەوە دەركەوتووە، ئەگەر مرۆڤ توانیی چێژ وەربگرێت لەوەی كە هەیەتی، ئەوا گەشبینتر دەبێت، هەست بە دڵنیایی و ئارامی و ئاسوودەیی دەكات لەو خێر و خۆشییەی كە هەیەتی و، دەتوانێ پارێزگاریی لێ بكات كە هەرگیز هەست و بیركردنەوەی نەرێنی نەكاتەوە و ئاستی دڵخۆشی و بەختەوەری زیاتر دەبێت. بۆیە پێویستە مرۆڤ بەردەوام ڕازی بێت و سوپاسگوزاری خودای گەورە بێت لە سەر ئەوانەی كە هەیانە، بۆیە گرنگە ڕۆژانە سوپاسگوزاری خودا بین؛ كڕنوشی سوپاسکردن بۆ خودا ببەین كە یارمەتیمان دەدات هەست بە ووزەی ئەرێنی بكەین بەرامبەر ژیان و وێنەکە گەورەتر دەبینین و بەردەوام گەشبین دەبین لە هەمان كاتدا زۆرترین نەرمونیانی و هێزمان دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی تەنگژە و تەنگ و چەڵەمە و توندوتیژییەكان. هەر بەپێی چەند توێژینەوەیەك دەركەوتووە یارمەتیدانی كەسانی دی دڵخۆشترمان دەكات، چونكە دڵخۆشی و بەختەوەری لە بەخشیندایە، نەك لە بەدەستهێنان، بەردەوام كەسە دڵخۆشەكان حەز بە یارمەتیدان و بەخشین و بەخشندەیی دەكەن، هەر ئەوەشە دەمانگەیێنێتە سەركەوتن. جودا لەوەش گرنگە هەمیشە كەسانی دەوروبەرمان كەسانی
گەشبین بن، چونكە كاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر دڵخۆشی و بەختەوەری. ڕەشبین و بێزارەكان، بێگومان كەسانێكن وزەی نەرێنی دەبەخشن و ڕات دەكێشنە ناو بازنەی ڕووخاو و وێران، بۆیە گرنگە بەردەوام دەوروبەرەكەمان دڵخۆش و گەشبین و خاوەن وزەی ئەرێنی بن، كە ئەوەش متمانە و دڵنیایی و هێزت پێ دەبەخشن بەردەوام
تێدەكۆشن بۆ ڕاهێنان و بنیاتنان. لەبیرمان نەچێت پێویستە هەردەم بە سەركەوتنی ئەوانی تر دڵخۆش بین، چونكە
هەردەم كەسە سەركەوتوو و بەختەوەرەكان دەورەی خۆیان دەدەن بە كەسانی سەركەوتوو، هەرگیز ئیرەییان پێ نابەن. كۆسپ و تەگەرەیان بۆ دروست ناكەن، بەڵكو یارمەتییان دەدەن و دەست بارییان لەگەڵ دەكەن بۆ سەركەوتنیان و دڵخۆشییان كە دەبێتە دڵخۆشی و بەختەوەری بۆ خودی خۆیان. ماوەتەوە بڵێم وەرزش یەكێكە لە هۆكارەكانی دڵخۆشی و بەختەوەری، چونكە جووڵە و وەرزش دڵخۆشی و بەختەوەری دەبەخشن. بۆیە پێویستە مرۆڤ بەردەوام بە دوای دڵخۆشی و بەختەوەریدا بگەڕێ، ئەگەرهاتو لە ناو ژان و ئازاریشدا خەریكبوو بتوێیتەوە، پێویستە خۆڕاگر بین و بەدوای بەختەوەری بگەڕێ، بەختەوەری لە ئارامی و ئاسودەیی ویژدان دایە، بە پێی دواین توێژینەوە كە لە بەریتانیا ئەنجامدرا لەسەر ٨0هەزار كەس كە لە هەموو جیهان لەسەر بەختەوەری ئەنجام درا، دەركەوت (دانیمارك) دڵخۆشترین وڵاتی جیهانە بە جیاوازییەكی كەمەوە ئینجا (سویسرا) و دواتریش (نەمسا) دێن. (زیمبابۆی
و بۆراندی) ئەو دوو وڵاتە لە ریزبەندی دڵخۆشیدا لە دوای هەموو وڵاتانەوەن.
بۆ توێژینەوەی زانستی و ئامار سوودم لەو پەرتووکە بینیوە: “سر السعادە فی العالم” *بەڕێوەبەری گشتی/ وەزارەتی پەروەردە ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیید.