دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئەو جەنەراڵەی گیانی سەدان هەزار عێراقی پاراست

ئاراس جەواد کازم

هەر لەگەڵ دامەزراندنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا، پێویست بوو هێزێکی تۆكمەی سەربازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پەلامار و دەستدرێژییەك دروست بێت. لەسەر ئەو بنەمایە، پێشنیازی دروستبوونی هێزی پێشمەرگە كراوە، کە دواتر ڕۆڵێکی پێشەنگی لە خەباتی نەتەوەیی بینیوە و شەرەفی بەرگریی لە خاک و شكۆی گەلی کوردی پێبڕاوە. پێشمەرگە بە كۆمەكی باوەڕبوون بە دۆزەكەیان و بە چەك و تفاقی سادە و سەرەتایی، بەرانبەر هێڕشی سوپایەكی پڕ چەك وەستایەوە، كە فڕۆكە و تانک و جۆرەها چەكی قورس و سووك و تەواوی تفاق و ئامرازی پێشكەوتووی شەڕكردنی هەبوو.
لە سەردەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵانی پێشکەوتنخوازدا، هێزی پێشمەرگە جوانترین و گەورەترین وێنەی قوربانیدانیان پێشکەش بە خاک و خەڵکی کوردستان كرد. کاتێک گوند و شار و شاخ و دۆڵەكان کەوتنە بەر هێڕشی سەربازیی دڕندانەی ڕژێمی بەعس و بە جۆرەها چەکی باو و قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی، وەک: بۆمبی ناپاڵم و چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی بەكارهێنا، بەڵام پێشمەرگە پۆڵایینانە خۆی گرت و لەبەردەم نوێترین تەکنەلۆجیای چەک و ئامێرەکانی ئەوسا نەچەمایەوە و كۆڵی نەدا.
مێژووی کورد شایەتە، کە هێزی پێشمەرگە وێڕای بوونی چەکێكی سەرەتایی و سادە، نەبوونی تەقەمەنی و پێداویستییەکان، هیچ شەڕێکی سەربازیی نەدۆڕاندووە و لەبەردەم ئەو سوپایە بەرفراوانەدا شکستی نەهێناوە، بەڵکوو لە زۆربەیاندا بە چەکی ئیمان و ئیرادە و خۆڕاگرییان کە باوەڕیان بە دادپەروەری دۆزی خۆیان هەبووە سەركەوتوون. لەباربردنی شۆڕەكانی كورد و لاسەنگبوون و خەسارەت لە بەشێك لە شەڕەكاندا، هەرگیز بە هۆی سەربازییەوە نەبووە، بەڵکوو لە ئەنجامی پیلانگێڕی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دژ بە گەلەکەمان بووە، ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و نەكسەی شۆڕشی ئەیلوول، باشترین بەڵگەیە بۆ قسەكانمان.
لە سەروبەندی پرۆسەی ئازادكردنی عێراق لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هێزی پێشمەرگە گەورەترین پشکی لە تێکشکاندنی هێزەکانی ڕژێم بەركەوت، بۆ ئازادكردنی تەواوی خاکی کوردستان شانبەشانی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕیان کرد. هەروەها لە ئازادکردنی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش هەروایان كرد، وەک نەینەوا و دیالە و ئەنبار و تەنانەت لە بەغداش هێزی پێشمەرگە شەرەفی بەرگری لە وەزارەت و دامودەزگە حکوومی و تەشریعییەكان پێبڕا، کە ئامانجی سەرەکیی هێرشە تیرۆریستیەکان بوو لە بەغدا.
دوای ڕووخانی ڕژێم لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و کۆنترۆڵكردنی زۆربەی پارێزگاکانی عێراق، بەنداوی موسڵ گرنگییەکی ستراتیژی لە لایەنی سەربازی و ئەمنیەوە هەبوو، بەو پێیەی هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بوو نەک تەنها بۆ پارێزگای نەینەوا، بەڵكوو بۆ هەموو ناوچەکانی خۆرئاوا و تەنانەت بەغدایش، کە فەرماندەی سەرەکیی سەربازیی ئەوسای ئەمریكا لە عێراق هۆشداری دابوو لەوەی کە ڕووخانی بەنداوەکە دەبێتە هۆی وێرانبوونی نەینەوا و پارێزگاکانی دراوسێی، هەروەها شاری بەغدا و سەدان هەزار هاووڵاتی دەخنكێن، ئەمەیش بەپێی ڕاپۆرتێک کە گۆڤاری Foreign Policy ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە.
سەرەڕای ئەو مەترسی و هۆشدارییە و بوونی دەیان هەزار چەکداری تەیاری حكوومیی بە نوێترین جۆری چەک لە پارێزگای نەینەوا، دەستەیەك لە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش توانییان زۆربەی شارەكە و ناوچەکانی نەینەوا كۆنترۆڵ بكەن، هەروەها بەنداوی موسڵیشان كۆنترۆڵ كرد. ئەمە لە ٧ی ئابی ٢٠١٤ بوو، كە مەترسییەكی زۆری لەنێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و حکومەتی عێراق سەبارەت بە داڕمانی بەنداوەکە دروست كرد، كە داعش بیتەقێنێتەوە و دایڕمێنێت. ئاخر بەنداوی موسڵ یەکێکە لەو بەنداوانەی ئەگەری داڕمانی هەیە، ئەمەیش بەهۆی دروستکردنی لەسەر زەوییەک، کە بەهۆی ئاوەوە دادەخورێت، یان با بڵێین دەتوێتەوە، هەڵبەت ئەمەیش بەپێی توێژینەوەیەک کە ئەندازیارانی سەربازی لە ساڵی ٢٠٠٦ كردوویانە.
هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتی گۆڤاری Foreign Policy بەنداوی موسڵ گەورەترین بەنداوی عێراقە و چوارەمینە لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، زیاتر لە 11 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەڵگرتووە، یانی زیاتر لە یەک لەسەر سێی قەبارەی ئاوی دەریاچەی میدی تێدایە، كە گەورەترین عەمباراوە لە ئەمریکا.
گۆڤارەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە توێژینەوەیەک کردووە کە زانکۆی تەکنەلۆجیای سوید “لولی” ئامادەی کردووە، تیایدا هۆشداری داوە کە دوای ٤ کاتژمێر لە ڕووخانی بەنداوەکە تەواوی شاری مووسڵ دەكەوێتە ژێر ئاو، كە هەڵكشانەكەی ٨٠ پێ دەبێت، یانی (زیاتر لە 24 مەتر)، هەروەها شەپۆلەکانی ئاو بە بەرزی زیاتر لە 15مەتر دەگەنە شاری تکریت.
هەروەها گۆڤارەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە، شەپۆلەكانی ئاو لە بەغدای پایتەخت، لە ئەنجامی ئەگەری ڕووخانی بەنداوەکە، بەرزییەکەی دەگاتە 4 مەتر، ئەمەیش کەمتر لە 48 کاتژمێر دوای ڕووخانی بەنداوەکە، کە بە ڕووبەری نزیکەی ٢١٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە دەوری پایتەخت نقووم دەبێت..
هەموو ئەم هۆکارانە وایکرد سەرکردایەتیی هێزەکانی هاوپەیمانان بە دوای هێزێکی ئازا و چەلەنگدا بگەڕێن بە سەرۆكایەتییەكی بوێر و زیرەک، كە توانای كۆنترۆڵكردنی بەنداوەکە و پاراستنی هەبێت. دوای چەندان کۆبوونەوەی درێژخایەن لەلایە جەنەراڵە باڵاکانی هێزەکانی هاوپەیمانان و ڕاوێژکارە سەربازییەکان و خوێندنەوەی پرۆسەکە لە هەموو لایەکەوە، هێزەکانی (گوڵان)یان هەڵبژارد، كە یەکێک لە پێکهاتە تایبەتەکانی هێزی پێشمەرگە. ئەو فەرماندە مەیدانییەی لە شەڕەکانی پێشوودا لێهاتوویی و جەربەزەیی خۆی سەلماندبوو، جەنەراڵ (مەنسوور بارزانی) بوو، توانی بەنداوی موسڵ بخاتەوە ژێر ڕكێف، كە بە داڕمانەكەی نیوەی ڕووبەری عێراقی دەخستە مەترسییەوە.
شەڕی گێڕانەوەی بەنداوی موسڵ لە كاتێكدا دەستی پێ كرد، كە هێزەکانی حکومەتی عێراق لە ڕووی سەربازی و مەعنەوییەوە ڕووخابوون، هەڵبەت لە كاتێكدا بوو ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە لووتکەی هێز و توانای خۆیدا بوو، دەستەڵاتی بەسەر ئەو ناوچانەدا توندتر دەکردەوە. لەو كاتە هێزە قارەمانەكانی (گوڵان)، بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆ و مەیدانی جەنەراڵ (مەنسوور بارزانی) و بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان، توانیان لە ماوەی تەنها (24) کاتژمێردا بەنداوەکە ئازاد بکەنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بە دیوار و بیناکانی بەنداوەکە بگات، ئەم ئۆپەراسیۆنە ئاڵۆزە مژدەیەکی خۆش بوو بۆ خەڵکی شاری موسڵ و پارێزگاکانی دەوروبەری، کە ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی ڕاستەقینە دەبوونەوە، ئەگەر داعش بەنداوەکەی بتەقاندبایەوە.
ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی بەنداوی موسڵ ، جەنەڕاڵە باڵاکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕاوێژکارە سەربازییەکان تووشی سەرسووڕمان كرد، كە چاوەڕێ بوون ئۆپراسیۆنەكە چەند هەفتەیەك بخایەنێت، بەڵام هێزی پێشمەرگە توانی بە کاتێکی پێوانەیی، تەنها دە ڕۆژ، تەواوی بەنداوەكە لە دەستی داعش ڕزگار بكات.
بەم چەشنە هێزی پێشمەرگەی (گوڵان) بە سەرۆکایەتیی فەرماندە گەنجەکەی، جەنەراڵ (مەنسوور بارزانی)، کە بە ئازایی و بیرتیژی و لێهاتوویی ناسراوە، توانییان بەنداوی مووسڵ لە دەستی داعش دەربێنن. بەم كارە جوانترین داستانی قارەمانانەیان تۆمار كرد، ڕێگرییان لە ڕوودانی كارەساتێكی مرۆیی و ژینگەیی لە عێراق گرت، کە ڕەنگە کاریگەریی وێرانكارییەكەی بۆ دەیان ساڵ بەردەوام بووبایە.