دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

(ئیبراهیم حەمەدەلاو) و (عبدوڵڵا تۆفیق) و دوو هەڵوێستی ناوازە

یەکەم هەڵوێست:
بەداخەوە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر خزم و کەسایەتی ناوداری ڕواندز (ئیبراهیم حەمەدەلاو) کۆچی دواییکرد، دووسێ هەفتە بوو، بەهۆی پەرەسەندنی نەخۆشیەکەیەوە گومانی مەرگی زۆر بوو، بۆیە لەگەڵ مام و برا و ئامۆزاکانم بڕیارمان دا بەر لە دوا ماڵاویی سەردانێکی بکەین، دوا نێوەڕۆیەک بۆ ئەو دوادیدارە لە هەولێرەوە بەڕێی بێخاڵدا چووینە ڕواندز.
بەبراکانم ووت، کە نازانم بۆ ئێستا بەراوردێکم لەنێوان دوو هەڵوێستی سیاسی ناوازەی هەر یەکە لە کۆچکردووان (ئیبراهیم حەمەدەلاو) و (عەبدوڵڵا تۆفیق) بەبیرداهات !کە چووینە لای مام ئیبراهیم و بینیمان سەرەڕای نەخۆشیە قورسەکەی، کە دواقۆناخی شێرپەنجە بوو داوای کرد هەڵیستێنن و هەم تەوقەشی لەگەڵ کردین هەم ووردە گفتوگۆشمان کرد. زۆر مەبەستم بوو بەئامادەبوونی کوڕو نەوەکانی و خزمانی تری و هەروەها لەوێبوونی مامم و براو ئامۆزاکانم لەبارەی هەڵوێستە سیاسیە ناوازە لەمێژینەکەیم جارێکی تریش لە خۆی گوێ لێ بێتەوە، کە بەخۆشحاڵیەوە بۆی گێڕاینەوەو جارێکی دیکەش هەڵوێستەکەی ئەوسای خۆی پشتڕاست کردەوە.
بەر لە پەنجاو نۆساڵ، واته (٤ی نیسانی ١٩٦٤) لەو کۆنفڕانسە دیزاینکراوەدا، مەکتەبی سیاسی پارتی، کە بە پێشنیار و سەرپەرشتی سکرتێری ئەوسای پارتی خوالێخۆشبوو (ئیبراهیم ئەحمەد) بەڕێوەچوو، کە لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە (کۆنفڕانسی ماوەت) ناوبانگی دەركردووە، لەوێ هەموو ئەوانەی لەکۆنفڕانسەکەدا ئامادەبوون، بڕیاڕێکی مەترسیداری پێچەوانەی پرنسیپەکانی پارتایەتی و شۆڕش وکوردایەتیان لەدژی سەرۆکایەتی بارزانی نەمردا دەرکرد، لەکاتێکدا بارزانی نەمر سەرۆکی شەرعی و هەڵبژێردراوی کۆنگرە و ڕابەری شۆڕشی ئەیلولیش بوو، هاوکات بەیاننامەیەکی توندیشیان لەدژی بڵاوکردەوە ، خوالێخۆشبوو (ئیبراهیم حەمەدەلاو) تاكە ئەندامی كۆنفرانسەكە بوو كەدەنگی بە بڕیارەكە نەدابوو، دواتریش بە دەست و خەتی خۆی نامەی ناڕازی بوونی خۆی لەبارەی بڕیارەکەوە دابووە مەکتەبی سیاسی، بەهۆی هەڵوێستەکەیەوە لەپۆستەکەی لادرا، کە بەرپرسی ناوچەی ڕواندز بوو، جگە لەوە دووچاری کێشمەکێشی تریش بووەوە. کۆنفڕانسەکە و بڕیارە شەڕانگێزیەکەشی و هەروەها بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی لە دژی بارزانی نەمر بەکردەوەو بەڕوونی بڕیاردان بوو لەسەر لێدانی یەکەم چەخماخەی شەڕی ناوخۆ، ئەو شەڕەی کە لێکەوتە و دەرکەوتە و کاریگەری و ئاسەوار و مەترسیەکانی تا ئەم ساتەوەختەش بە ڕووداو و بە سیاسەتی کوردستانەوە دیارن.
ئەو هەڵوێستەی (ئیبراهیم حەمەدەلاو) لەوسەردەمدا یەکجار بوێرانە، بەرپرسیارانە، دڵسۆزانە و دووربینانە بوو، بەبۆچوونی من هەڵوێستێکی ناوازە بوو، بەتایبەت لەو ڕووەوە کە تاکە دەنگی دژ بەبڕیارەکە بوو. بەمجۆرەش وەک کادرێکی پێشکەوتووی پارت و شۆڕش، دوور و نزیک هیچ ئۆباڵێکی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی نەکەوتە ئەستۆ.

دووەم هەڵوێست :
بیست وسێ ساڵ دواتر، واته لە (١٩٨٧)دا دوای ئەوەی (ئاڵای شۆڕش)* جیابوونەوەی خۆی لە (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی كوردستان) ڕاگەیاند و یەکیەتیش (مەلا بەختیار) و ژمارەیەک لەسەرکردەکانی ئاڵای شۆڕشی گرتن و بۆ شەرعیەتدانیش بە هەر بڕیارێک کە لە دژی مەلا بەختیار بدرێ، (کۆمەڵە) پلینیۆمێکی دیزاینکراوی ئەنجامدا و لەوێ بەکۆی دەنگی هەموو ئامادەبووانی پلینیۆمەکە (مەلا بەختیار) تاوانبار کرا، هەر بۆیەش بڕیاری گوللـەبارانکردنی پەسندکرا، بەڵام یەکێک لەئەندامانی پلینیۆم کە کادرێکی پێشکەوتووی شار و شاخی (کۆمەڵە) بوو، لەدژی بڕیارەکە وەستایەوە و کۆنووسی بڕیارەکەی واژۆ نەکرد، ئەویش هاوڕێ و دۆستی خۆشەویستم خوالێخۆشبوو (عەبدوڵڵا تۆفیق) بوو کە کادرێکی ناسراوی هەولێر بوو، (عەبدوڵڵا تۆفیق) لەخەباتی نهێنی شاردا لێپرسراوی کەرت و لەشاخیش کادر و بەرپرسی کۆمەڵایەتی بوو. ئیتر بەهۆی هەڵوێستەکەیەوە کەوتە بەر غەزەبی ڕێبەرایەتی (کۆمەڵە) و تا سەردەمی ڕاپەڕین وەک ئەوەی شایستەبوو، لای لێ نەکرایەوە و لەلایەن توندڕەوەکانی ئەوسای (کۆمەڵە)وە بە کادرێکی بێ هەڵوێست باسی ئەکرا، لەکاتێکدا ئەوانەی کە لایەنگری بڕیار و کردەوەیەکی لەو جۆرە نەبوون بەرامبەر بە سەرکردەیەکی دێرینی ڕێکخراوەکەیان و لەگەڵ ئەوەش نەبوون، کە بە شێوەی تۆقاندن و توندوتیژی ڕووبەڕووی جیابووەکان ببنەوە، بۆیە هەڵوێستی خوالێخۆشبوو (عەبدوڵڵا تۆفیق) نموونەی ناوازە و بوێرانە و دلسۆزانەی ئەو ئاراستەیە بوو.
دوای ئەو بڕیارە ئیتر دۆخی ناوخۆی (کۆمەڵە) و (یەکیەتی) و هێزی پێشمەرگەش زۆر ئاڵۆزبوو، لەناو کۆمەڵەدا جگە لە زیندانیکردنی زۆر لە هەوادار و پێشمەرگە و ئەندامانی (ئاڵای شۆڕش) ووردە شەڕ و پێکدادانیش لێرە و لەوێ ڕوویان دا، کە بۆ ئاڵای شۆڕش زیانی گیانیشی بەدواوە بوو. دواتر خوالێخۆشبوو (مام جەلال) فریای ئەوە کەوت کە نەهێڵێ بڕیاری گوللـەبارانکردنی (مەلابەختیار) بەو خێراییە جێبەجێ بکرێ، کە بەشێک لە سەرکردایەتی و کادرانی پێشکەوتووی (کۆمەڵە) مەبەستیان بوو. دوای ئەنفالیش کە هەموو هێزەکان و بنکە و بارەگاکانی (یەکیەتی)و حزبەکانی تریش کشانەوە سەر سنوورەکان و ناو سنووری ئێران لە ساڵی (١٩٨٩)دا مەلا بەختیار ئازادکرا.
بڕوام وایە ئەو دوو هەڵوێستە هی ئەو دوو کادر و تێکۆشەرەی کوردایەتی لە دوو سەردەمی جیاوازدا، شایستەی گێڕانەوەن و هەڵوێست وەرگرانیشی شایانی ئەوەن ناویان بە درەوشاوەیی لە مێژوودا تۆماربکرێ.

  • هەندێ جار پەیج و ئەکاونتی نەناسراوی سۆسیال میدیا ڕاپۆرت و ڤیدیۆ بڵاوئەکەنەوەو بێ هیچ بەڵگەیەک ئەڵێن کە من (ئازاد جندیانی) لەگەڵ (ئاڵای شۆڕش)دا بووبم. بەپێوستم زانی، کەباس هاتۆتە سەر (ئاڵای شۆڕش)، لەم پەراوێزەدا سەرلەبەری ئەو قسەیە ڕەت بکەمەوە، چونکە من بۆ یەک ساتیش نە بەر لەدروستبوون و نەدوای دروستبوونیشی (ئاڵای شۆڕش) نەبووم و لەگەڵ هەڵوێستی ئایدۆلۆژی وسیاسی ئەوانیشدا ناکۆک بووم و بڕوام بەو ئاراستەیە هەبوو، کە بە ئاراستەی کوردستانی ئەناسرا. بەڵام سەبارەت بە چۆنیەتی هەڵسوکەوت وچارەسەرکردنی قەیرانی خەتجیایی و دواتریش جیابوونەوەی (ئاڵای شۆڕش) بۆچوونی تایبەتی خۆمم هەبوو کە لەم پەراوێزەدا جێی باسکردنی نابێتەوە.

15/7/2023
هەولێر