دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ئازە‌ربایجان بە‌ ئاڵای كوردستانە‌وە‌

ھاودە‌نگ فارووق

ئازەربایجان یەكێكە لە شەش كۆماری توركیزمانی سەربەخۆ لەناوچەی ئۆراسیا و قەوقاز، خاڵی پێكگەیاندنی ئەورووپای خۆرهەڵات و خۆراوای ئاسیایە و لە ڕووی پێگەی جوگرافی و سیاســـیی و فەرهەنگییەوە گرنگییەكی زۆری هەیە؛ لەو ســـۆنگەیەوە كە یەكێكە لەو وڵاتانەی كـــە بازنەی وڵاتانی توركزمان پێك دەهێنن، واتە لە فەلەكی سیاسەتی فەرهەنگیی توركیدا دەسوڕێنەوە.

بـــەم پێیە هەر پەڕینەوەیەک بۆ کەوشـــەنی ئەو سیاســـەتە و چوونە ناو ئەو جیهانە خۆی لەخۆیدا ســـەركەوتنە، بەتایبەتی بـــۆ گەلێكی بێدەوڵەتی وەكو كـــورد، كاتێك دەتوانێت لەڕووی دیبلۆماســـی پرۆتۆكۆلییـــەوە بازێكی گەورە بدات و ئاڵای كوردســـتان بگەیەنێتە ناو كۆشكی كۆماریی لە باكۆی پایتەختی ئازەربایجـــان، ئیدی هاوكێشـــەكان و ڕوانگەكان لێـــرەوە دەگۆڕێن و بایەخی ئەو ســـەردانەی نێچیرڤان بارزانی، ســـەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو وڵاتە
دەردەكەوێت.

هێنـــدەی لە ئەجێندای ســـەردانەكەی بارزانی ورد دەبینـــەوە، تێدەگەین هەر بەوەندە ناوەستێت و هەنگاوی دیكەی لە پەیوەندیی سیاسی و ئابووری بەدوادا دێت، هەروەك دیداری لوتكەی هەردوو سەرۆك دەبێتە كلیلی كردنەوەی
دەرگەی پەیوەندییەكی درێژخایەن و تێكەڵاوبوونی زیاتر لەنێوان هەردوو گەلی كورد و ئازەریدا، چونكە لەو كۆبوونەوەیەدا جەختكراوەتەوە لەســـەركردنەوەی كونسوڵخانەی ئازەربایجان لە هەولێر.

ڕاســـتییەكەی دەتوانیـــن بڵێین: ئەگەرچی دەنگی كـــورد و وێنەی كورد تاكو ئێســـتا بەرەو ئەورووپا و ڕۆژئاوا دەڕۆیشـــت، لە ئێستاوە خۆری درەوشاوەی ئاڵای كوردســـتان بەرەو ناوچە ساردەكانی ئۆراسیا دەچێت و گەرموگوڕییەكی بێپێشینە لە پەیوەندییەكانی كورد و میللەتانی ئەو ناوچە هەرە گرنگەی جیهان دروست دەكات. ئەوەش بۆ كورد سەركەوتنێكی زۆر گەورەو پڕبایەخە، چونكە ئێمە لە بەردەم هاوكێشەیەكی سیاسی فرە هێزو زلهێزی گرنگی ناوچەكەداین، كە جەوهەرەكەی پێمان دەڵێت: تاكو پەیوەندییەكانی كورد فراوانتربن و زیاتر دەنگی بە ڕووبەرێكی فراوانتر بگات، بێگومان باشتر دەتوانیت پێگە و قەوارەی كوردســـتان بپارێزێـــت و پێداگریش لەمافەكانی خۆی بـــكات. دوژمنان كەمتر دەتوانن فشـــاری لێبكەن و زوڵمە مێژووییەكانی بەســـەردا دووبارە بكەنەوە. بەپێچەوانەشەوە، ئەگەر پەیوەندییەكانی كورد ساردو سنووردار بن، بەئاسانی بێدەنگ دەکرێت دوژمنان دەتوانن لەژێر فشاردا بڕستی لێ ببڕن.

دیدگـــەی هەموو گەلی كوردســـان لەم هەلومەرجەدا پێویســـتە لەســـەر ئەو تـــەوەرە بێت كە تا دێ پەیوەندییەكانی خـــۆی فراوانتر دەكات و بەدوای هەر میكانیزمێكدا بگەڕێ كە لێیەوە بتوانێ زۆرترین گەلانی دنیا بكاتە دۆســـت و هاوڕێی خۆی و باشتر بە كێشەو دۆزی ڕەوای خۆی ئاشنایان بکات! بەكورتی، تاكو دۆســـتەكانی كورد زیاتر بن، دڵنیاییەكی زیاتر بۆ ئایندەی كوردو قەوارە سیاسیی و دەستوورییەكەی دروست دەبێت.