له‌ هه‌كبه‌ی بیره‌وه‌ریمدا دایكی نسكۆ

ئه‌سعه‌د عه‌دۆ

هه‌رچه‌نده‌ ناونیشانی گۆشه‌كه‌م ده‌ست نیشانكردوه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخوێنیه‌وه‌ ته‌نیا باس له‌ ژیانی خانه‌واده‌یه‌كی خه‌باتگێڕی كوردی سته‌مدیده‌ ناكات به‌ڵكو دڵۆپێكه‌ ‌ له‌ زه‌ریای خه‌موپه‌ژاره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری ئه‌و میلله‌ته‌ به‌دبه‌خته‌ !
جاران دایكانمان له‌ روانگه‌ی گله‌ییه‌وه‌ به‌ باوكانیان ده‌گووت : تاران وتوورانم ده‌گه‌ڵ كردی ! تا دره‌نگانێ له‌ مانای ئه‌و قسانه‌ نه‌ده‌گه‌یشتین ، به‌ڵام بۆ خودی خۆم له‌ ماوه‌ی(49) ساڵه‌ی ژیانم له‌گه‌ڵ( دایكی نسكۆ) هاوسه‌رو هاوده‌ردی رێگای هات ونه‌هاتی ژیانی چه‌رمه‌سه‌ریم ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌م بۆ ئاشكرابوو !
وه‌ك نه‌ریتێكی عه‌شایه‌ری به‌نده‌ی(17)ساڵی و(فوزیه‌ صدیق ملحم 1/7/1947-19/2/2021) له‌(28/ئادار/1973)سه‌ره‌تا له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستا(ملا عمر ملاقه‌ره‌) ئینجا له‌لای(ره‌شاد موفتی) بوین به‌ هاوسه‌ر ، بڕیاری دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵێك ئافره‌تی كورد به‌ مامۆستای سه‌ره‌تایی بۆ‌ په‌روه‌رده‌ی شاری دهۆك ده‌رچوو ، له‌ رێككه‌وتی 17/10/1973 وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی گوندی( گرێ قصرۆكا) ده‌ست نیشانكرا ، كه‌ ئێستا ئه‌و گونده‌ كه‌وتۆته‌ ژێر(سكرێ دهۆكێ)
هه‌رچه‌نده‌ مانه‌وه‌مان له‌ دهۆك درێژه‌ی نه‌كێشا به‌ڵام دهۆك و خه‌ڵكه‌ به‌وه‌فاو میوانداردۆسته‌كه‌ی به‌تایبه‌ت (باجلۆریه‌كان) له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ شه‌هید(محمد حسن باجلۆری ، شه‌هید علی سلیم باجلۆری ، هه‌روه‌ها شه‌هیدان حسن علی گه‌رماڤی و سه‌عدی گه‌رماڤی بیره‌وه‌ری ئه‌و جوامێرانه‌ بوونه‌ته‌ هه‌وێنی خۆشه‌ویستی ئه‌به‌دی نێوانمان كه‌ تا ئه‌وڕۆش به‌رده‌وامی هه‌یه‌ ، ئێستاكێ هێندێ له‌و به‌رپرسانه‌ی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ وه‌فاداری مامۆستاكه‌یانن !
له‌ 27/11/1973 به‌ بڕیاری مه‌كته‌بی عه‌سكه‌ری له‌ ناوپردان ، بوم به‌ پێشمه‌رگه‌ی به‌تالیۆن یه‌كی زۆزك لای (نقیب حسن بارزانی) كه‌ باره‌گای له‌(رێزانۆك) نزیك (گه‌ڵاڵه)‌ بوو ، له‌ 7/7/1974 له‌ رێگای(پیرس) ماڵه‌وه‌م گه‌یانده‌ ناوچه‌ی رزگاركراو ، بۆ ماوه‌یه‌ك له‌(چۆمان) نیشته‌جێ بوین ، له‌دوای بۆردومانكردنی فرۆشگای چۆمان بۆ(7) مانگێك له‌(زینوێی شێخی) دانیشتین ئینجا په‌ڕینه‌وه‌ی ماڵمان بۆ رۆژهه‌ڵات ، تا نسكۆی شۆڕش دایكی نسكۆ وه‌ك مامۆستا له‌ قوتابخانه‌ی شۆڕش له‌(پیرانشار – خانێ)دامه‌زرا ،
له‌ كۆتایی مانگی ئاداری ساڵی(1975) بۆ ئۆردوگای(نه‌لیوان – شنۆ) له‌ ئایاری هه‌مان ساڵدا
گوازراینه‌وه‌‌ ئۆردوگای (ره‌به‌ت – سه‌رده‌شت) له‌ 3/10/1975 له‌ گه‌ڵ هه‌زاران مشه‌ختی دیكه‌ له‌ رێگای( قصر شیرین – المنذریه‌)به‌ره‌و( عێراق – ناصریه‌ – سوق الشیوخ – گرمه‌ بنی سعید) ره‌وانه‌ كراین !
چوار ساڵ له‌نێوان(گرمه‌ – ناو ناصریه‌ – الغراف)ژیانمان به‌سه‌ربرد ، كوڕێك وكچێكمان له‌سه‌رده‌ستی دكتۆره‌(ناهده‌ كریم سعید زانستی) له‌دایكبوون ! پیاو بۆ خوا بڵێ جگه‌ له‌دووری ئازیزان و غه‌ریبی كوردستان ، ناخۆشیه‌كی ئه‌وتۆمان نه‌بینی !
له‌ 1/6/1979 به‌ یه‌كجاری گه‌ڕاینه‌وه‌ زێدی بابوباپیران بۆ شاری هه‌ولێر ، هه‌رچۆنیك بێت تا شه‌وه‌ زێده‌ ناخۆش و دژواره‌كه‌ وه‌ك هه‌موو خانه‌واده‌یه‌كی كوردپه‌روه‌رو كۆنه‌ پێشمه‌رگه‌ ژیاین ! زۆر به‌داخه‌وه‌ له‌ شه‌وی 29/12/1994 له‌لایه‌ن گرووپێكی چه‌كدارانی یه‌كێتی رفێندرام ! له‌ (8/نیسان/1995)ده‌ست به‌سه‌ر خانوه‌كه‌مانداگیراو ماڵومنداڵم به‌ره‌و(پیرمام) شاروه‌ده‌ركران !
له‌دوای ده‌ربازبونم له‌ به‌ندیخانه‌ی سكرتاریه‌تی مام جلال( به‌رده‌وام سوپاسگوزاری خودای گه‌وره‌ ئینجا كاك مسعود بارزانی وكاك كۆسره‌ت رسول و احمد چلبی) ده‌كه‌م كه‌ هۆكارن كه‌ ئێستا هه‌م ! دوای(9)مانگێك له‌ پیرمام ، له‌ 5/10/1995 به‌ره‌و رێگای هاتونه‌هات(توركیا – ئۆكرایینا- هۆڵه‌ندا)كه‌ له‌ 27/11/1995 گه‌یشتمه‌ ئه‌وێ ! له‌ 6/11/1996 ماڵومنداڵم له‌ رێگای رێكخراوی (IOM) گه‌یشتنه‌ هۆڵه‌ندا .
دوابه‌دوای چه‌ندان ساڵی تفت وتاڵ و نامۆیی له‌ په‌رتوپه‌ڕاگه‌نده‌یی ماڵومنداڵه‌كانم كاروانی چه‌رمه‌سه‌ری ژیانی به‌نده‌و هاوسه‌ره‌كه‌م له‌ رۆژی 19/2/2021 له‌ شاری(Oss) له‌ هۆڵه‌ندا به‌ نه‌خۆشی كۆچی دوایی كرد و له‌ 25/2/2021 هه‌واری له‌ ئاقاری هه‌ولێرو گۆشه‌یه‌كی مۆزه‌خانه‌ی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر هه‌ڵداوه‌ !
دڵنیام هێندێك له‌وانه‌ی ئه‌وڕۆ بوونه‌ته‌ جڵه‌وبه‌ده‌ست ! ئه‌وانه‌ی یاخه‌ی كراسیان بۆ كوردایه‌تی ئاره‌قه‌ی‌ نه‌كردوه‌ ! ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر شانی ئه‌و ره‌شورووته‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و نازو نیعمه‌ته‌ ئه‌وه‌ته‌ له‌سێبه‌ری (كولینی ره‌شماڵێ)راكشاون ! تۆ بڵێی شتێ ده‌رباره‌ی میژووی دایكه‌ حلیمه‌ ، دایكه‌ عایشه‌ ، دایكه‌كانی دیكه‌ بزانن ؟!