هاودەنگ فارووق
بڵاوکردنەوەی هزری توندوتیژی و توندڕەوی و ڕق و کینە لە کوردســـتاندا، كە ئێســـتا پانتایی بەشێك لە مێدیاو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە، هەموو کەســـێک هەر لە مامۆســـتایەکی ئایینی و دایباب و و حزب و داوودەزگایەک، بە ئەندازەی دەســـتەڵاتی خۆی، لێی بەرپرســـیارە، نابێ هیچ یەکێک لەمانەی بەرپرسن ملکەچی سیاسەتی خراپەکاران بن.
ئێمە پێویستمان بە گوتارێکی عەقڵانی و میانڕەو هەیە، کە هەموو بیرۆکەیەکی کینەلێچۆڕاوە ڕەت بکاتەوە ئەمڕۆ كوردستان لەبەردەم دەیان ئاڵنگاریی گەورە و جۆراوجۆردایە، تاكە خاڵێك كە بتوانێت بیكاتە چەكی دەستی و شەڕی مافەكانی خۆی پێ بكات، بریتییە لەو فەرهەنگی لێبوردەیی و ئاشتەوایی و پێكەوەژیانە كە هێزی نەرمی كوردســـتان پێك دەهێنێت و هەموو وڵاتان و ڕێكخراوە جیهانییەكان بەچاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانن. نابێ و ناکرێت ڕێگە بدرێت ئەو فەرهەنگە لەكەدار بكرێت و ئیدی گومان لەهەموو بەهاكانی كورد بكرێت.
ئەگەر لە ڕاستی دوور نەكەوینەوە، دەتوانین بڵێین: هێزی نەرمی كوردستان، زامنی مانەوەی قەوارەكەشیەتی، لەم دۆخە شپرزەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا كە بە كێشە و ڕق و توندڕەوی سیخناخ بووە، هەرێمی كوردستان شـــانازی پێكەوەژیانی هەیە و سیســـتەمێكی نەرمی بنیات ناوە، پێویستە بەهەموو هێزمانەوە بەرگری لەو وێنەیە بكەین كە كورد دەتوانێت لەمیانەیەوە شـــەڕی گەورەترین دوژمنی بكات و بەسەریشـــیدا زاڵ بێت. ئەوانـــەی هانـــی توندوتیژی دەدەن، دەیانەوێت كورد لەو مەیدانەشـــدا بدۆڕێت و بەچەند ســـەدەی تریش هەڵنەسێتەوە.
لەبەرانبـــەر بڵاوبونەوە و بوژانەوەی هزری نوێی توندوتیـــژی لە نێوە کۆمەڵگەی کوردەواریدا، گوتاری عەقڵانی، لۆجیک ڕوانگەی مرۆیی و لێبوردەیی پێویســـتن، تا نەهێڵن ئەو درزانەی لە کایەی ژیان و کار و پەروەردەدا هەن، ببنە کەلێنی خۆتێخزانی دوژمنان.