ئارام کۆشکی
نزیکەی 20 ساڵێک لەمەوبەر لە هەفتەنامەیەکی ئەدەبی کارم دەکرد، شاعیرێک هاوکاری دەرکردنی هەفتەنامەکەی دەکردین. ئەو شاعیرە چەند کتێبێکی شیعریی چاپکراوی هەبوو و ڕۆژێک لە هەر کتێبەی دانەیەکی بۆ ئەو چەند کەسە هێنا کە لەوێ کارمان دەکرد، ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ داوای لە هەموومان کرد سەرنجی خۆمان لەسەر کتێبە شیعرییەکانی بنووسین.
یەکێک لە هاوکارەکانمان ڕووگیر بوو و وتارێکی یەک لاپەڕەیی لە ڕۆژنامەدا لەسەر نووسی، کە شیکردنەوە و خوێندنەوەی تێکستەکانی ئەو شاعیرە بوو، شاعیرەکە وەک ئەوەی پاسەوانی تێکستەکانی بێت کەوتە بەرگریکردن لە تێکستەکانی و بەهانە هێنانەوە بۆیان، کە ئەو مەبەستی ئەوە نییە کە هاوکارەکەمان بۆی چووە. ئیدی سەرنجەکانی لە دوتوێی وتارێکی یەک لاپەڕەییدا (واتە هێندەی نووسینی هاوڕێکەمان) بڵاوکردەوە و بیرمە لەوێدا بەرگریی لە تێکستەکانی کردبوو و بە ئەرگۆمێنت دەیویست بیسەلمێنێت کە هاوکارەکەمان بە هەڵەدا چووە و ئەو لە تێکستەکانیدا مەبەستێکی دیکەی هەیە. ئەم نموونەیە دۆخی نووسەری کورد و ڕۆشنبیریی کوردی ڕوون دەکاتەوە، کە بەشێکیان دەبنە پاسەوانی تێکستەکانیان و کاتێک خوێنەرێک، یان نووسەر/ ڕەخنەگرێک وتارێکیان لەبارەوە بنووسێت ئیدی لەوێوە دەکەونە بەرگریکردن لە تێکستەکە. بەرگرییەک کە شایەنی بەرگریکردن نییە. من لێرەدا مافی ئەوە لە نووسەران ناسەنمەوە کە بەرامبەر هەموو نووسینێک کەلەسەر تێکستەکانیان دەنووسرێت بێدەنگ بن، بەڵام دۆخی “پاسەوانبوونی تێکست” و ئەوەی هەرکەسێک لەسەر تێکستەکەت قسەبکات لە کەمیندا بیت بۆی دۆخێکی ئاسایی نییە. بەڵکو دۆخێکە کە دەتوانم وەکو “جۆرێک نەخۆشی نووسەری کورد” باسی بکەم. بەو پێیەی لە هیچ کولتوورێکی زیندوودا نووسەر نابێتە پاسەوانی تێکستەکانی و خۆی ڕاڤەی تێکستەکەی بکات و کاتێکیش نووسەرێک ڕەخنە لەبارەوە دەنووسێت بێت و ببێتە بەرگریکار و پاسەوان.
دۆخی نووسەر دوای چاپبوون و بڵاوبوونەوەینتێکستەکانی دۆخێکە چەشنی جیابوونەوەی منداڵ و دایک، بەو پێیەی ئیدی خوێنەرەکانن دەتوانن مانای نوێ بدەنە تێکست. خراپترین جۆری دایبابان ئەو دایبابانەن، کە بیانەوێت منداڵەکانیان کۆپی خۆیان بن و وەکو خۆیان بیر بکەنەوە و بژین. بۆ نووسەرانیش خراپترین نووسەران ئەو چەشنەی نووسەرانن، کە بیانەوێت یەکمانایی بەسەر تێکستەکانیاندا بسەپێنن، یان نووسەرێک بیەوێت خوێنەران و نووسەرانیش بەو چەشنە بیبینن، کە خۆی دەیبینێت. تێکستە ڕاستەقینەکان منداڵی شەرعی نووسەر نین، بەڵکو ئەوان لەڕێی خوێنەران و ڕاڤەکارانەوە مانای نوێ وەردەگرن و لە سەرزەمینی دیکەدا دەژین و ژیانی دیکە تاقی دەکەنەوە کە زۆرجار بۆ نووسەر لە چوارچێوەی خەیاڵیشدا نییە. بۆیە دۆخی چاپبوونی تێکست و بڵاوبوونەوەی دۆخێکە دژ بە پاسەوانبوونە و تێکست خۆی بەرگری لەخۆی دەکات. خۆی پاسەوانی خۆیەتی. ئەگەر لەسەردەمێکدا ناهەقی بەرامبەر تێکستێک بکرێت، لە سەردەمێکی دیکەدا خوێنەران و نووسەران و ڕاڤەکاران بە چاوێکی دیکەوە دەیخوێننەوە. هاوڕێ شاعیرەکەم بەو هەموو بەرگریکردنەشییەوە لە شیعرەکانی نەبووە شاعیر و ساڵانێکی زۆرە ماڵئاوایی لە کتێب و نووسین کردووە، بەڵام ئێستاش دەیبینم هەر بەرگریکارە لەو تێکستە لاوازانەی هەردەیانلاوێنێتەوە، چونکە ئەو شاعیرێکی ڕاستەقینە نەبوو، ئەو شاعیرێکی ڕاگوزەری ساختەبوو، ماڵی ئەو ماڵی شیعر و وشە نەبوو، ماڵی ئەو جێگەیەکی دیکەبوو کە دوورە لە دونیای داهێنان و نووسینەوە. لێرەوە هەر نووسەرێک بووە پاسەوانی تێکستەکانی نزیکی زۆری لە نووسەرانی ساختەوە هەیە تا داهێنەرە ڕاستەقینەکان. داهێنەرە ڕاستەقینەکان تێکستەکان دەنووسن و بەردەوام بۆ پێشەوە دەڕۆن و ئاوڕ نادەنەوە، چونکە ئەوان داهێنانی دیکە لە هزریاندایە و کاری لەسەر دەکەن. بەدیار تێکستەکانەوە ناگرین و پاسەوان و بەرگریکاری نین، چونکە متمانەیان بە وشە و تێکستەکانیان هەیە و بە متمانەوە نووسیویانە و دڵنیان تێکستەکەیان بۆش نییە، بۆیە تێکستی ڕاستەقینە و داهێنەرانە پێویستی بە بەرگری نییە. ئەوە تێکستە ساختە و بۆشەکانن کە پێویستیان بە بەرگرییە تا ساختەیی و بۆشیان بشاردرێتەوە