تێگە‌یشتنی قووڵ

د.سالار عوسمان

تێگەیشتن، یان ئیدراك: الفهم :(Understanding) بریتییە لە پرۆسەیەکی سایکۆ ـ مەعریفی سەبارەت بە شت، کەس، دیاردە، بەها و بوویەرەکان و تێگەیشتن لێیان، کـــە پرس و بابەتێکی فەلســـەفییە و ڕۆدەچێتە نێو ســـەرجەم کایە و چەمکەکانی ژیانەوە.

جۆرەکانی تێگەیشتن چین و ئایا کۆمەڵگەی کوردی بە بەراورد لەگەڵ کۆمەڵگاکانی تر، تایبەت دەوروبەرەکەی لەگەڵ کام جۆردا هەڵدەکا و هەژموونی خێرا و پڕ باندۆری گلۆبالیزم هاوکێشـــەکەی تا کوێ هێناوە؟.. هەموو ئەمانە بەیەکەوە دەمانگەیەنێتە سەر ئەو قەناعەتەی، کە تێگەیشتن دوو جۆری سەرەکی هەیە، تێگەیشتنی سادە و تێگەیشـــتنی قووڵ، کە دەکرێ بە تێگەیشتنی ئاسۆیی و ستوونیش ناوزەدی بکەین، کـــە یەکەمیـــان کاریگەری زیاترە و هی عەوامە، دووەمیـــان کەم کاریگەرترە و هی دەستەبژێرە.

کۆمەڵگەی زیندوو کۆمەڵگەی تێگەیشتنە قووڵەکانە و ئەم تێگەیشتنەیش کەڵەکەبووی تەکاملبوونی زەمەنییە و لەنێو ئەو زەمەنەشـــدا، زەمینێك دروســــت دەبێت، کە تاك تیایدا بیرکەرەوەیە، بیرکەرەوە بەو مانایەی، کە مرۆڤ تیایدا وەرگرێکی بێدەســـەڵات نییە، بەڵکـــو لەبەردەم هەر چەمکێك، تەنانەت لەبەردەم هـــەر دەق، وێنە، هەواڵ، دیـــارە، بەها و ڕووداوێکدا، خۆی بڕیار دەدات، واتە خودان تێگەیشـــتنێکی قووڵە، تێگەیشتنێك، کە قودرەتی شیکردنەوە و شرۆڤەکردنی هەیە و دەشێ باش و شاش، ڕەش و سپی، ڕاست و چەوت، ڕووخسار و نێوەڕۆك لەیەکتری جیابکاتەوە. بەشـــی زۆری کۆمەڵگەکانـــی ڕۆژهەڵاتی ناڤین ســـەر بـــە تێگەیشـــتنی یەکەمن: (تێگەیشـــتنی سادە، ئاسۆیی)، کە تاک تیایدا وەرگرێکی بێ دەسەڵاتە، پتر بینەرە نەك بیرکەرەوە، چاوییە نەك هزریی، خاوەن تێگەیشـــتنی قووڵ نین، بۆیە لە دەق، وێنە، هـــەواڵ، بەها، دیاردە و ڕووداو و ماناکانی پشـــتەوەیان تێناگەن، هەر بۆیە، یان دەبێ ڕووکەشــــانە مامەڵەی لەتەکدا بکەن، کە ڕووکەشـیش دەرەقەتی نێوەڕۆك نایەت، یانژی دەبێ ئەوانیتر بۆیان شـــی و شـــرۆڤە و شەن و کەو بکەن، کە زۆربەی جاریـــش ئەوانیتر لەبەر بەرژەوەندیی کەســـی کۆ و باڵایـــی نابینن، کە ئێمەیش لە باسکردنی تێگەیشتنی قووڵدا مەبەستمان (کۆ) یە، کە زانست، سیاسەت، ئابووری، میدیا، یاسا و چەمکەکانی تری پەیوەست بە (کۆ) دەگرێتەوە!.

کارێکی قورســـە لـــە کۆمەڵگەیەکدا بژی و کار لە نێو دەق، تێگەیشـــتن و دیالۆگدا بکەیت، بژاردەیەك لێت حاڵی بن، بژاردەیەك، کە پێویســـتە قســـەی جددی بکات، بـــەڵام بەشـــێکیان ورتەیان لێوە نایەت و نایانەوێت بە ڕاســـتی بڵێن ڕاســـت و بە خراپەیـش بڵێن خراپ!.

دەبـــێ هەمـــووان، تایبەت ئەوانەی لە بواری زانســـت و سـیاســــەتدا کار دەکەین، مشـــوورێکی ئەم (تێگەیشـــتنی قووڵ) ـە بخۆین، کە بۆ ئـــەم قۆناغەی کورد زۆر پێویستە و دەوایە بۆ دەردەکان!.