كابینە‌ی ٩ یاریكردنی كورد لە‌ یاریگای گە‌ورە‌كاندا

مە‌شخە‌ڵ كە‌وڵۆسی

ئەم هەفتەیە 4 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمدا. لەتەمەنی ئەم كابینەیەدا كێشەكان بەئەندازەیەك تاقەت پڕوكێن و سەخت بوون، جیهانیان خستە نێو گێژاوێكی گەورەوە.

لەتەمەنی ئەم كابینەیەدا، تەنانەت كارەساتە سروشتییەكانیش هاتنە پێشەوەو، جیهان پڕپڕ بوو لەقەیرانی ماڵوێرانكەر. قەیرانگەلێك هاتنە پێشەوە كە وڵاتە گەورەكانی دنیا و تەنانەت ئابوورییە هەرە پێشكەوتووەكانیش نەیانتوانی بەئاسانی لێیان دەرباز ببن.
قەیرانی كۆرۆنا، هەموو سنورەكانی تێپەڕاند و تەندروستی و ئابووری و تەنانەت پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی گۆڕی. قەیرانی كۆرۆنا قەیرانی سەدەیە. تاكو سەدساڵی تریش، ئابووری و پەیوەندییەكان و تەندروستی بەدەستییەوە گیرۆدە دەبن.

لەسەردەمی كرۆنادا، سپییەكانی جاران ڕەشبوون و ڕەشەكان سپی بوون! هەموو پێوەرەكان گۆڕان. بڕبڕەی پشتی ئابووری جیهانی سست كرد.

لەقەیرانی كۆرۆنادا، وڵاتانی بەناوبانگ و هەرە پێشكەوتووییەكێتیی ئەورووپا، ناچاربوون داوای دەمامك لە كۆماری میللی چین بكەن! مانای وایە، قەیرانەكە بەئەندازەیەك تازە و بێپێشینە و تاقەت پڕوكێن بوو، سیستەمە زۆر پێشكەوتووەكانیش نەیانتوانی لێی دەرباز ببن.

كێشەی سیاسی دروستكراو، دواتر كێشەی ئەمنی و تاوناتاوێك بۆردوومانكردنی هەولێری پایتەخت و سلێمانی و ناوچە سنورییەكانی كوردستان، كێشەی بودجە و مووچە و كێشەكانی تری دادگای پاریس و ئاستەنگ دروستكردن بۆ هەناردەی نەوتی كوردستان… هتد.

كێشە ناوخۆییەكان و ناڕێكیڕیزی حیزبەكان و ئەو سەریەشانەی كەبۆ كابینەكە دروستكران، لەژماردن نایەن و یەكجار قورس و كەمەرشكێن بوون و ئێستاش بەردەوامن!.
كۆرۆنا كاتێك هاتە پێشەوە، كە كورد ئەزمونی ئیدارەدانی قەیرانێكی وا گەورەی نەبوو. نەوت بەتەواوی هاڕەی كرد و لەجیهاندا كڕیاری نەما. دوابەدوای ئەوەش، جەنگی ئۆكرانیا و ڕووسیا بەتەواوی ئابووری جیهانی توشی قەیران كرد و وڵاتانی گەورە، بۆ پەیداكردنی گەنم و دانەوێلە و پەین، كەوتنە كێشەی گەورەوە!.

كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەناو دڵی ئەو قەیرانە گەورانەدا، هەر بەپێوەڕاوەستا، ئیدارەی دا، پێڕاگەیشت، پرۆژەی خزمەتگوزاری و دابینكردنی مووچە و ناچاركردنی بەغدا بەڕێككەوتن! هێشتا چاوی لەهەنگاوی زیاترە.
ئەمە كاتێك دەڵێم كە بەچاوێكی كوردانەوە، سەیری نیوەی پڕی پەرداخەكە بكەین، بەڵام ئەوەیڕاستییە و بەرپرسە باڵاكانی حكوومەت خۆیشیان دانی پێدادەنێن، ئەوەیە كە خودی حكوومەت و خەڵكی كوردستان و چاودێرانیش، چاویان لە ئەدایەكی باشترە. بەڵامڕەنگە زۆركەس خۆیان لەوڕاستییە حاشاهەڵنەگرە بدزنەوە، كە دەڵێت: بۆ كورد كە خاوەنی هیچ جۆرە ئەزمونێكی خۆبەڕێوەبردن نیە و دەوڵەتی نەبووە، بەڕێوەبردنی حكوومەتێك كەلەهەموو لایەكەوە فشاری لەسەر بوو، لەقۆناغێكی زۆر هەستیاری كوردستان و ناوچەكە و جیهاندا، لەخودی خۆیدا سەركەوتنە.

لەكاتێكدا زۆرینەی چەمكەكان گۆڕان و زەبەلاحترین ئابوورییەكان چۆكیان دادا، تەنها بەردەوامیدان بە ئەزمونی خۆبەڕێوەبردنی كورد سەركەوتنێكی بەرچاوە و لەمێژوودا تۆمار دەكرێت.
بەهەموو مانایەك، ئەو بەشدارییەی كورد لەبەڕێوەبردنی كۆمەڵگەی خۆیدا لەسەردەمی ئەو قەیرانە جیهانییەدا، نیشانەی وریابوونەوەی ئەم نەتەوەیە و ئامادەگییەتی بۆیاریكردن لەو كایە و یاریگایانەدا، كە تاكو چركەساتی كۆرۆنا، قەتیس بوون لەسەر میللەتانی خاوەن دەوڵەت و بەیاریگای گەورەكان ناسرابوون.