ئێمە‌ و یە‌كێتیی نیشتیمانی

فازڵ میرانی

دوایین كۆبوونەوەمان لەگەڵ یەكێتی لە یەكشەممەی نۆی ئەم مانگە، گونجاو و لەباربوو بۆ قسەكردن و و گفتوگۆ، بەپێچەوانەی خستنەڕووی ڕاگەیاندنەكان، كە جۆرێك لە گرژی شاراوەی لێ بەدی كرا. گرژییەك ئێمە لێی تێدەگەین و بە هەڵچوون لە قەڵەمی دەدەین، ئومێدەوارین درێژە نەكێشێت و بازنەكەی بەرفراوان نەبێت. باوەڕیشمان وایە سەركردایەتی یەكێتی لە مێژووی باوكە دامەزرێنەرەكانی حزبیان دەرناچن، ئەوانەی بەر لەوەی یەكێتی نیشتمانی دامەزرێنن، لە حزبی ئێمەدا سەركردە و كادیر بوون.

ئێمە لەەر خاڵە هاوبەشەكانمان کاردەکەین کە هاوکێشەی بەسوود و واقیعی و پێویست بەدی بێنن، گەلەکەشمان لە کاردانەوەی ئەو کارانە بەدوور دەگرین، کە پێچەوانەی سیستمە یاسایی و چوارچێوەی ژیانی سیاسییە، کە هەموومان کارمان بۆ كرد، بۆ ئەوەی کوردستان دووربێت لە مەترسییەکان، هەڵبەت هەریەکەو بەپێی قورسایی خۆی.

یەكێتیی نیشتمانی هاوبەشمانە، یان ئێمە هاوبەشی ئەوانین، ئەمە هیچ گرنیگ نییە كامیان لە ڕستەدا پێش دەخەین، ئەوەی لای ئێمە گرنگە، پێمان وایە لای ئەوانیش هەر وایە، ئەوەیە مێژوو بخەینە تەرازووی بونیادنان.

دەستكەوتی مەزنی نەمانی بكەرانی ئەنفال و دەربەدەری و كوشتار و وێرانكاری و پاشكۆیی و تواندنەوە، فەرامۆش نەكەین، كە بە ئیرادە و كاری هاوبەش لەگەڵ تەواوی هێزەكان و هەوڵی نێودەوڵەتی هاتووەتە كایەوە، با ئەمن و ئاساییش و بونیاتنان بەردەوامی پێ بدەین، بونیاتی مرۆڤ و زەوین، بەجۆرێك هاوڕەوت بێت لەگەڵ ڕووحی سەردەمدا.
ئێمە لەگەڵ یەكێتیدا هاوبەشی پتر لە هەشت دەیەین، یانی چەند ساڵێكی كەمی ماوە سەدەیەك تێپەڕێنین، ئەو چەندان ساڵەمان بە یەكەوە بۆ بووژانەوە و هەستانەوەی میللەتەكەمان بەڕێ كرد، لە تێكڕای بەشەكانی کوردستان هیچ ماڵێک نییە گیراو، یان شەهیدێکی سێدارە، یان ڕەمیكراو، یان، كیمیابارانكراو، یان کەمئەندام، یان ئاوارەكراو، یان بێسەروشوێنی، تێدا نەبێت.

هیچ دەستكەوتێکمان وا بە ئاسانی بەدی نەهێناوە، هەموو دەستەکەوتەکانی میللەتەکەمان، ڕەنجی زۆریان بۆ دراوە، خوێن و ئارەقمان بۆ ڕشتوون. لە هەڵمەتی ناوزڕاندن و چەواشەكاری لە نزیكەكانمانەوە بێدەنگ بووین، بەڵێ بێدەنگ بووین، بۆ ئەوە وەك عەبدولغەفار ئەخرەس دەڵێت: ” تاكوو هەموومان بە هێندێكان نەفرۆشرێین.”

من زۆر متمانەم بە زیرەكی و لێهاتوویی سەرکردەکانی یەکێتی هەیە، متمانەشم بە زاكیرەی چالاکیان هەیە لە بیرهێنانەوەی حیکمەتی خوالێخۆشبوو مام جەلال، هەروەها لە متمانەیان بە مامیان سەرۆک مەسعوود بارزانی. هەموومان لەبەردەم واقیعێک داین پەرتەوازەبوون، یان مژووڵبوون بە ناکۆکییەک لە پاساوهێنانەوە بە لێدوانەکان، کە ناتوانێت تەبایی نێو ماڵی کورد تێک بدات.