ھە‌رگیز نابینە‌ برابچوكی ھیچ كە‌سێك

ئازاد جندیانی

لە سەروبەند و لەدەستپێکی هەڵوەشانەوەی یەکیەتی سۆڤیەتدا، کە زۆر زوو سێ دەوڵەتە سۆڤیەتیەکەی بەڵتیک (لاتڤیا، ئیستۆنیا و لیتوانیا) سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاند و دواتریش (کازاخستان)یش وەک فراوانترین و دەوڵەمەندترین کۆماری موسڵمانی سۆڤیەتی لە قەفقازیا بە ڕێبەرایەتی ( نزارباییف ) سەربەخۆیی ڕاگەیاند . لەسەردەمی سۆڤیەتدا ( ١٩١٧ – ١٩٩١) کۆماری روسیا گەورەترین کۆماری سۆڤیەت بوو. بۆیە بەشێوەیەکی نافەرمی نەتەوەی روس وەک براگەورەی نەتەوە و کۆمارەکانی ناو یەکیەتی سۆڤیەت مامەڵەی لەگەڵ ئەکرا. کازاخستان، کە بەر لە سۆڤیەتیش بۆ ماوەی دەیەها ساڵ لەلایەن روسیای تزاریەوە داگیرکرابوو و هێزێکی گەورەو دەستوەشێنی ئیمپراتۆریەتی تزاریش لە کازاخەکان پێک ئەهات. بۆیە پتر لەسەدەیەک بەکردەوە نەتەوەی ڕوس بەبراگەورەی کازاخیەکان مامەڵەی ئەکرا. لە گەرمەی جۆش و خرۆشی پرۆژەو پرۆسەی سەربەخۆبوون وسەروەربوونیاندا نزابایفی ڕابەری سەربەخۆیی کازاخستان گوفتارێکی یەکجار قووڵ و مانادار و فرەڕەهەندی وت ؛ کاتێ ڕەتیکردەوە کە ئیدی کازاخیەکان برابچوکی هیچ کەسێک بن و وتی (زمانەکەمان ژیانی ئێمەیە و هەرگیز نابینە برا بچوکی هیچ کەسێک)*. ئەمە بۆ کازاخستان و کازاخیەکان بووە مانیفێستۆی سەربەخۆیی . براوەی شەڕی سارد کە ئەمریکاو ناتۆبوون، پشتیوانی
تەواوی سەربەخۆبوونی کۆمارەکانی سۆڤیەتی کرد و هەموو هەوڵێکیشی د کە کۆمارە سەربەخۆکان پەیڕەوی سیستمی لیبڕالیزمی ڕۆژاوایی بکەن و تا ئەندازەیەکی زۆریش لەو ئاراستەیەدا سەرکەوتوو بوون بەڵام هەندێ کۆماری سەربەخۆبوو؛ سیستمێکی حوکمڕانی تایبەت بەخۆیان هەڵبژارد کە کازاخستان یەکێکیان بوو و پەیڕەوی ئەوسیستمەی کرد کە ئەدەبیاتی سیاسی و فیکری و فەلسەفی ڕۆژاوا ئەو جۆرە سیستمەی بە (سیستمی دەسەڵاتخواز) ناودێریکردووە بەبۆچوونی فیکری ڕۆژاوایی دەسەڵاتخوازیەکە پێچەوانە و دژە لەگەڵ سیستمی لیبڕال دیموکراسی کە جێ پەسند و ئۆلگۆی سیستمی حوکمڕانی ڕۆژئاوایەو لەپێناوی سەپاندن پەرەپێدانیشیدا وەک سیستمێکی دنیاگیر هەموو هەوڵە
نەرم و زبرەکانیشی بەکاهێناوەو بەکار ئەهێنێ . ئەزموونی سیستمی جێ پەسندی ئەمریکاو ناتۆ بەگشتی سەبارەت بە کۆمارەسەربەخۆکانی سۆڤیەتی جاران، لەبەر ڕۆشنایی سەرکەوتن و مایەپووچی جیاجیای ئەزموونەکانی پتر لەسێ دەیەی ڕابردووی جوگرافیاکەدا هەڵسەنگاندنی ووردی بێ خۆدزینەوەی پێویستە. بۆنموونە ئەزموونی گورجستان و ئۆکرانیا و هیتریش کە پەیڕەویان لە سیستمی لیبڕاڵ دیموکراسی کرد بە بەراوورد لەگەڵ سیستمەکەی تر ((حوکمڕانی دەسەڵاتخواز)) لەبەردەم سەرکەوتن و ئەو جێگیربوونە سیاسی ئاینی و ئابووریەدا نین کە ببنە ئۆلگۆی سەرکەوتوو و جێچاوی حوکمڕانی، بەتایبەت
لەئایندەیەکی نزیکدا.

  • وتەکەی ( نزاربایف ) لە وتارێکی نووسەری عەرەب
    (سەمیر عطااللە) گوێزراوەتەوە ؛ کە لەژمارەی ( ٩ /
    ٧ / ٢٠٢٣ ) ی ڕۆژنامەی (الشرق الاوسط) بڵاوبۆتەوە