كورسییە‌كانی خوێندنی باڵاو ھە‌ڵوە‌ستە‌یە‌ك

به كر كه ریم حه سه ن*

سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا لە كاتی جەنگی جیهانی دووەم (ونستۆن چەرچەل) كە نووسەر و هونەرمەندیش بوو، دەڵێ “ڕەشبین، هەلی لێ دەبێتە تەنگوچەڵەمە و دەسڵەمێتەوە، بەڵام گەشبین تەنگوچەڵەمە دەقۆزێتە و، دەیکاتە دەرفەت”.
بێگومان لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو ئەنجامی (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دكتۆرا) بڵاو كرایەوە بە شێوەیەكی گشتی جێگای دەستخۆشییە كەوا هەڵ و دەرفەت دەڕەخسێ بۆ قوتابیانی هەرێمی كوردستان لە زانكۆكانی هەرێمدا درێژە بە خوێندنی باڵا بدەن، وێڕای پیرۆزباییم لە سەرجەم وەرگیراوان لە گشت زانكۆكانی كوردستان، کە ئومێد وایە بتوانن لە ئاییندەدا خزمەت بە كوردستان بكەن، لە بەرامبەریشدا ژمارەیەكی زۆر لە قوتابیانی ئازیز سەرەڕای دەرچوونیان بە نمرەی زۆر باش لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی، بەڵام وەرنەگیران، لەبەر ئەوەی ئەو رێژە كورسیەی تەرخان كراوە بۆ پارالێل کەمە بە تایبەت؛ لێرەدا دەمەوێ چەند سەرنج و پێشنیارێك بخەمە ڕوو بۆ بەڕێزان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەرۆكایەتیی زانكۆكان تا زیاتر دەرفەت بڕەخسێنێ بۆ قوتابیانی دەرچوو لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی كەوا نزیكەی سێ ساڵە و بگرە زیاتریش لە چاوەڕوانی پراكتیزەكردنی ئەو مافە سروشتیەی خۆیان بوون؛ بە تایبەت ئەوانەی پارالێل نەتوانراوە لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمدا دابمەزرێن، لەبەر ئەو بارودۆخە ئابووری و نائاساییەی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بە سەر هەرێمدا هاتبوو، بۆیە ئەوانەی پارالێل، بە جۆش و گوڕوتینێکی زیاترەوە هیوایان هەڵچنیبوو، چاوەڕێ
بوون لە خوێندنی باڵا وەربگیرێن. گرنگە تا بكرێ هەوڵ بدرێ سەرجەم داواكارانی كورسی پارالێل ئەوانەی لە
تاقیكردنەوەی توانستی زانستی دەرچوونە وەربگیرێن، لەبەر چەند هۆكارێك؛ پێش هەموویان گەر دەرفەتیان بۆ ڕەخسا لە زانكۆكانی هەرێمدا ئینتیما و پابەندییان بە خاك و نیشتمان و كوردستان زیاتر دەبێت كە هەست دەكەن مافەكان بەدەست دێنن، بە پێچەوانەوە، خوانەخواستە دەرفەت نەڕەخسا ئەوا ئینتیمایان لاواز دەبێت، چونكە ئەوە چەندین ساڵە دەرچووی كۆلیژ و زانكۆكان دەرفەتی دامەزراندنیان نەبووە، هەروەها لەو ماوەیەی كەوا بۆ پەڵپگرتن دانراوە دەكرێ ئەو مژدەیە بدرێتە قوتابیان بە وەرگرتنیان لە خوێندنی باڵا، چونكە ئەوانیش كۆمەڵێ هۆكاریان هەیە؛ هەر بۆ نموونە، دەبوایە نمرەی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی پێوەری سەرەكی بێت بۆ وەرگرتن نەک (١٥) خاڵی بۆ دانراوە، لە بەرامبەردا نمرەی كۆلیژ (4٠)خاڵی بۆ دانراوە كە جیاوازییەكی زۆر زەقە سەرەڕای بارودۆخی زانكۆكانی(حكومی، ناحكومی) کە کۆمەڵێ هۆکاری راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەریی هەبووە لەسەر نمرەیان؛ نموونە هەر قوتابییەك نمرەی كۆلیژی نزیک (٩٠) و سەرووتر بێت، ئەوا بێ شك وەردەگیرێ، چونکە (3٠) سی خاڵی بۆ مسۆگەر کرا، لە بەرامبەردا كۆكردنەوەی تەواوی خاڵەكانی تر ناگاتە (3٠) خاڵ كە هەر لە سەرەتاوە مسۆگەری كردووە بێ رکابەر؛ دەكرا خاڵی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی و خاڵی كۆلیژ هاوشان و هاوتەریب وەكو یەك هەژمار بكرایە، ئەوكات باشتر تواناكان بەدەر دەكەوتن، دەكرێ ئەو مزگێنی و مژدەیەش بدرێ كە ساڵانە ئەو دەرفەتە بڕەخسێ بۆ قوتابیانی ئازیز تا نەكەونە پەلەقاژە و غارەغار بۆ وڵاتانی دەرەوە؛ ئەو پارە و خەرجی و مەسرەفەش بۆ زانكۆكان و وەزارەت و حكومەتی هەرێم دەگەڕێتەوە، خێزانەكانیش
ئاسوودە و دڵنیاتر دەبن؛ منداڵەکانیان لای خۆیان و لە وڵاتی خۆیان دەیانخوێند. هەروەها دەكرا كورسییە تەرخانكراوەكان سەرجەمیان یەك پاكێج بوونایە، ئەو كات توانستە ڕاستەقینەكان و كێبڕكێ و دادپەروەری زیاتر دەردەكەوت؛ هەست بەو جیاوازیە زۆرەی خاڵەكان نەدەكرا لە وەرگیران و وەرنەگیران، لە نێوان كورسییە تەرخانكراوە جیاوازەكاندا كە لە هەندێ زانكۆ و هەمان بەش دەگاتە نزیكەی (43) خاڵ جیاوازیی وەرگیران و وەرنەگیران؛ لێرەدا قوتابیان هەست بە ستەم و نادادی و غەبن دەکەن؛ دڵنیام وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و زانكۆكانی كوردستان وەكو كەسوكاری قوتابییەكان پەرۆشی پاشەڕۆژیانن ئەو خۆزگە و خەون و هیوایەیان بۆ بەجێ دەگەیەنن، كە مافی ئاسایی و سروشتیی قوتابیانە، دەرفەت بڕەخسینن بۆ ئەوانەی لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستیدا دەرچوونە، وەربگیرێن و كورسیی تر زیاد بكرێ بۆ پارالێل؛ مامۆستای
سەرپەرشتیار و شوێن هەرگیز نەبێتە كۆسپ لە پێش توانست و خواست. لە كۆتایی وتارەكەمدا وتەی نووسەر و چالاكوانی ئەمریكی (هێلین كلێر) دەهێنمەوە كە دەڵێ “گەشبینی ئەو باوەڕەیە كە دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی دەستكەوت؛ هیچ
شتێكیش بەبێ هیوا و متمانە، نایەتە دی”. منیش گەشبینم و، هیوا و متمانەم بە دڵسۆزانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی
زانستی و سەرۆكایەتیی زانكۆكان هەیە، كەوا قوتابییە ئازیزە دەرچووەكان نائومێد ناكەن
و جێگای متمانەن و ماندووبوونەكەیان بۆیان دەکەنە دەستكەوت