ڕیفراندۆم ئەو خەلەلە گەورەیەی چارەسەركرد

مەشخەڵ كەوڵۆسی

ئەوەی لەدرێژەی خەباتی ڕزگاریخوازی كوردستان بەڕوونی هەستی پێدەكرێت، ئەوەیە ئەو هەموو قوربانیدان و كۆشش و ماڵوێرانییەی كە بەدرێژایی مێژووی خەبات دەبینرێت، كورد لەپێناوی ئازادی خۆیدا بەخشیویەتی. بەڵام تیۆرێك، یان دنیابینییەك یان نەخشەڕێگایەكی ڕوون و ئاشكرا لەپشتی ئەو كۆششەوە نەبووە.
بەمانایەكی تر: ئەگەرچی كۆی خەباتی كورد بۆ ئازادی لە كۆی خەباتی زۆرێك لەمیللەتانی دنیا زیاترە و زۆرترین قوربانیداوە و درێژترین خەباتی كردووە. بەڵام نەخشە ڕێگاكەی، دنیابینی و ئامانجەكەی تیۆریزە نەكراوەو، دواجار كۆی خەباتەكە ڕاوەستاوەتە سەر میزاجی ئەوانەی لە بەغدا و “لەپارچەكانی تریش” بڕیار بەدەست بوون.
كورد نەهاتووە كێشەكەی خۆی پێناسە بكات و، بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی تەشخیسی بكات.
هەموو بزافی ڕزگاریخوازی كوردستان، پێمان ناڵێت كوردستان خاكێكی داگیركراوە؟ وڵاتانی دەوروبەری كوردستان داگیركەری خاكی كوردستانن یان نا؟ هەڵوێستی كورد “وەك نەتەوە” بەرانبەر كۆی دەوڵەتەكانی دەوروبەر چییە؟.
هاوكات ئامانجی نەتەوەی كورد چییە و میكانیزمی گەیشتن بەو ئامانجەش چییە؟ بۆیە دەبینین بۆنمونە لەكاتی ڕیفراندۆمە پڕ شكۆكەی خەڵكی كوردستاندا، هەموو حیزبەكان و كەسایەتییەكان، هەریەك لەلای خۆیانەوە دەیانگوت: كورد خەباتی بۆ سەربەخۆیی كردووە!.
لەكاتێكدا هیچ دۆكیۆمێنتێك نیە ئەو قسەیە بسەلمێنێت! كوا و لەكوێ و لەكام قۆناغدا، حیزبەكانی كوردستان بەئاشكرا و بێ موجامەلە، داوای سەربەخۆیی كوردستانیان كردووە؟.
حیزبەكانی كوردستان وەك نەریتی هەمیشەیی خۆیان، بۆئەوەی لەخەباتی سەربەخۆیی كوردستان دوانەكەون، ئەو مەقولە بێ بنەمایەیان هێنایە ناوەوە، گوایە هەموو كورد ئاواتی دەوڵەتی هەیە، یان كورد بەدرێژایی مێژوو خەباتی بۆ سەربەخۆیی كوردستان كردووە.
لەڕاستیدا باشترین وەڵام بۆ ئەو جۆرە پڕوپاگەندە بێبنەمایە ئەمەیە:
یەكەم: كوا كورد خەباتی بۆ سەربەخۆیی كردووە؟ بەكام بەڵگە و دۆكیۆمێنت؟ لەكام خولی دانوستان لەگەڵ عێراق ئێوە داواتانكرد سەربەخۆبن و عێراق ڕێگەی نەدا؟ كوا بەڵگە؟.
دووەم: ئەگەر ئەو قسەی ئێوە ڕاست بێت، گەورەترین شكستە بۆ نەتەوەی كورد، چونكە هیچ نەتەەیەك نیە بە 100 ساڵ نەگەشتبێتە سەربەخۆیی. تەنانەت ئەگەر پێشكەوتووترین و پڕ مەكرترین ڕژێم داگیری كردبن.
سەیر بكە: باشوری سودان بە كەمتر لە 6 ساڵ سەربەخۆیی بەدەستهێنا. جەزائیراییەكان بە8 ساڵ، تەیموری خۆرهەڵات و…هتد. هەقمانە بپرسین: بۆچی كورد بە زیاتر لە 100 ساڵ، نەگەیشتە سەربەخۆیی؟ ئەوە ئەگەر ئەو قسەیەی ئێوە بەڕاست وەربگرین كە دەلێن كورد هەمیشە خەباتی بۆ سەربەخۆیی كردووە.
بەهەرحاڵ، كورد تاكو ئێستا هیچ پێناسەیەكی بۆ كێشەكەی خۆی نەكردووە، نازانین ئایا عێراقیبوون تاوانە؟ عێراق داگیركەرە؟ ئەگەر داگیركەر نیە و وڵاتی خۆمانە، چۆن لەدژی ئەو چەك بەرزدەكەینەوە؟ ئەگەر چەكیش بەرز دەكەینەوە، چۆن وڵاتی خۆمانە!.
لەدوای ڕیفراندۆم، ئەو خەلەلە گەورەیە چارەسەر كرا، كورد بەڕوونی ئەوەی ئاشكراكرد كە مادەم دەوڵەتی نیە، خەباتی ئەو تەنها بۆ سەربەخۆیی دەبێت و بەدروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ ئەوجا دەگاتە ئامانج.
خەباتی كورد لە 25/9/2017 ەوە بەمانا هەقیقیەكەی دەستپێدەكات و، پێش ئەو بەروارە هەر پێناسەیەك هەڵگرێت، بێگومان ناچێتە ژێر پێناسەی خەباتی ڕزگاریخواز و سەربەخۆییخوازی كوردەوە. ئەوەش لەئەنجامی غیابی تیۆر و دنیابینیدابووە، كە تیۆر و ئامانجی نەخشە بۆدانراو، لەناو جوڵانەوەكانی كورددا نەبووە.