چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

ئەو چوار پرسە گرنگەی لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا چارەنووسی ئەم بەشەی کوردستان دیاری دەکەن.

ھۆشیار سیوەیلی

ڕووبەڕووبونەوەی هەڕەشە و تەحەدا گەورەکان پێویستیان بە تەگبیر و بڕیاری گەورە و ڕادیکاڵ هەیە. نیاز و مەبەستی دەسەڵاتدارانی بەغدا بەرامبەر هەرێمی کورستان ڕوون و ئاشکرایە و ئەوان جەنگی بێدەسەڵاتکردنی کوردستانیان دەست پێکردووە و دەبێت لەگەڵ خۆماندا ڕاستگۆ و ڕاشکاو بین کە چەند شەڕێکی گرنگمان لەو جەنگەدا دۆڕاندوە، بەڵام هێشتا لە مەیدانی جەنگدا وەک سەفین وەستاوین. لە ئێستاوە تا کۆتایی ئەمساڵ چەندین شەڕی تر یەخەمان دەگرێت و دەبێ بۆ بەرپەرچدانەوەیان لە سەنگەری بەرگریدا بین.
بەر لە هەموو شتێک جێبەجێکردنی بودجە و پ(لوغم)کانی ناوی، کاری لەپێشینەیە چونکە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانەوە هەیە. ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان تا کۆتایی ئەمساڵ و کۆتاییهێنان بەو دۆخە بێ پەرلەمانییەی ئێستا پێویستی بە کاری جدی و یەکخستنی هەوڵەکانە چونکە بەغدا دەیەوێت ئەم دۆخە درێژە پێبدا و کۆسپ و تەگەرە بۆ کۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردنەکانی عێراق دروستبکا و هەڵبژاردن نەکرێت. دانوستاندن و گفتوگۆکان دەربارەی یاسای هایدرۆکاربۆن دەستیان پێکردوە و دانوستکارانی هەرێم کارێکی قورسیان لە پێشە بۆ گەڵاڵەکردنی یاسایەک کە لایەنی کەمی بەرژەوەندییەکانی هەرێم بپارێزێت و کەرتی پیشەسازی نەوت لە هەرێم لە داڕمان بپارێزێت چونکە بڕیاری داداگای باڵای فیدراڵی و بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس پێگەی هەرێمی کوردستانیان لەم بارەیەوە زۆر لاواز کردوە. پرسێکی تری یەکجار گرنگ کە پێویستە حکومەت و حیزبەکان گرنگی زۆری پێ بدەن بریتییە لە هەڵبژاردانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک کە بڕیارە لە مانگی کانوونی یەکەم ئەنجام بدرێت. یاسای هەڵبژاردنی ئێستا کە هەمواری سێیەمی یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠١٨یە لە بەرژەوەندی کورددا نییە لە کەرکوک بە تایبەتی بڕگەی ئەلف و جیم لە مادەی ١٢. هەرچەندە بڕگەی ئەلف ئاماژەی کردووە بە سەرژمێریەکەی ساڵی ١٩٥٧، بەڵام وەک بنەمای مافی هاووڵاتیبوون لە کەرکوک دانەڕێژراوە و بڕگەی (جیم)یش مافی دەنگدان دەداتە هەموو ئەوانەی بەر لە ساڵی ٢٠٠٣ پسوولەی خۆراکیان لە کەرکوک هەبوە.
ئەمانەی سەرەوە پرسی گرنگ و چارەنووسسازن و زۆر گەورەترن لە بەرژەوەندی کەس و حیزبەکان و پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ئێستا و داهاتووی کوردستانەوە هەیە.